بۆچی ژێرخانی ئابوری هەرێم دەکرێتە ئامانج؟

دییە عەلی
پێشتر و بەوردی باسمان لە هێرشەکانی سەر شاری هەولێر کردووە، یان کردنە ئامانجی هەولێر کردووە، بۆیە لێرەدا ناچینە سەر ئەو باسە تەنیا لەوکاتانەدا نەبێت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەدواین کاتیوشاکانەوە هەبێت کەکرایەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

ئەگەر پێشتر هەندێ لایەن یان هەندێ نوسەر ڕایان وابوبێت کە ئەم هێرشانە تەنیا ئامانجیان پارتییە، یان شاری هەولێرە، ئەوە دەبێت ئێستا تێگەیشتبن، دوژمنان جیاوازی لە نێوان حزبە کوردییەکان و شارەکانیشدا ناکات، بەڵکو ئەو بەدوای جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژەوەیە کە لێدان و لەقاڵبدانی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانە، چونکە ئەو هەمووە گەشەکردنەیان پێ قبوڵ ناکرێت لەچاو پارێزگاکانی تری عێراقدا.

لەماوەی 72 کاتژمێردا سێجار هێرشکرایەسەر کێڵگەی کۆرمۆر، کەکۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات، دواتریش قوباد تاڵه‌بانی و وەزیری پێشمەرگە و وەزیری سامانە سروشتییەکان سەردانی کێڵگەی کۆرمۆریانکرد، وەک پشتگیریکردنی کۆمپانیاکە و قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەرخەت دەبن بەمەبەستی بەرگرتن لەڕونەدانی لەو جۆرە هێرشانه".

‌هەروەها ڕاشیگەیاند "ئەو هێرشانە هیچ کاریگەرییان نابێت لەسەر بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و غازی شل و پێداویستی هاوڵاتییان پارێزراو دەبێت".

رۆژی دواتریش قوباد تاڵەبانی وتی "ئیرادەمان لەوە بەهێزترە بە دوو موشەک بڕوخێت، دوای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر وەڵاممان دەبێت".

کێڵگەی کۆرمۆر 15 کیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورە و ڕۆژانە 453 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەکە بەرھەم دەھێنرێت و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ، بەرھەمھێنانی غاز لەو کێڵگەیە بگەیەندرێتە 570 ملیۆن پێ سێجا.

کۆمپانیای دانەگاز دەڵێت، ھێرشە مووشەکییەکان بۆسەر کێڵگەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، ھەرچەندە " لە پاش روداوەکەی رۆژی 22ی حوزەیران، دوو موشەکی دیکە لە رۆژانی ھەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر کەوتوونەتە خوارەوە". 

لەلایەن خۆشیەوە شاكر واجد، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای دانه‌گاز له‌ عێراق له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ستافی كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاند، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كێڵگه‌ی كۆرمۆر چۆڵ ناكه‌ن و به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌كاره‌كانیان.

ئەمرۆش کۆمپانیای دانەگاز لە ڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت، کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم 250 بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە، بەڵام بەرھەمھێنانی گازی سرووشتی بەشێوەیەکی ئاسایی لە کێڵگەکە بەردەوامە. 

شەوی ڕابردووش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکی لەبارەی هێرشەکانی سەر کۆرمۆرەوە بڵاوکردەوە نیگەرانی خۆی لە دووبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی گشتی کوردستان ڕاگەیاند و  دەڵێت "ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چونکە دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە. لەجیاتی ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەنەوە و کار بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بکەن، گرووپە لە یاسادەرچووەکان، گوندەکانمان مووشەکباران دەکەن و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج".

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردووە کەلەگەڵ کازمی و مەکگۆرک قسەی لەمبارەیەوە کردووە و لەگەڵ کازمی خەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی و گرنگیی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشایییەك كە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا هەبێت، بۆ ڕێگری لە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان کە بەكاری دەهێنن بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەموو عێراق.

مەسرور بارزانی لەدرێژەی پەیامەکەیدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات کە ئیرادەیان بەهێز بێت. دەسڵێت"ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێکە لە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەکان و کارنامەی چاکسازیمان. بەڵام دلنیابن وەک هەمیشە خۆڕاگر دەبین ".

لەلایەن خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشە موشەکییەکان دەڵێت " ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پشتگیری لە هاوبەشەکانی دەکات لە سەرکۆنەکردنی هێرشە دوبارەبوە موشەکیەکان کە ئامانجیان هەرێمی کوردستانە، ئەم هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیری ئابوری داڕێژراون و بە هەمان ئەندازە  ئەم هێرشانە مەبەستیان سنوردارکردنی سەروەری عێراق  و چاندنی تۆوی دوبەرەکی و ترساندنە".

هەروەها دەشڵێت "بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی خەڵکی عێراق و لەوانەش هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستان لە دژی ئەم جۆرە توندوتیژیە قبوڵنەکراوەدا و بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی هەر دەرفەتێک بۆ پشتگیریکردنی ئاسایش و بەرەوپێشچونی عێراق".
خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم لێدوان و ئیدانەکردنانەیە، ئەویش ئەوەیە گروپێکی لەیاسا دەرچوو، بەفیتی وڵاتانی ئیقلیمی ژێرخانی ئابوری هەرێم دەکەنە ئامانج، دەیانەوێت هەرێم زەلیل بێت لەبەردەمیاندا و بەر بەو گەشەکردنە بگرن کە دەیبینن و بووەتە پەڵەیەکی شۆکهێنەر بۆ سیاسییە گەندەڵەکانی عێراق، چونکە ئەوان بەلەسەد 95 داهاتی عێراق، نەیانتوانیوە، هیچ پرۆژەیەکی وەها بکەن، بەڵام حکومەتی هەرێم بەو لەسەدا 5 ی عێراق چەندە پرۆژەی گەورە و ستراتیژی جێبەجێکردووە هەرێمی کوردستانی گەیاندووەتە ئەو ئاستەی کەزۆربەی عێراقییەکان بۆ پشوودان دێنە شارەکانی هەرێم.

بەڵام ئەوان بێ ئاگان لەوەی بەدرێژایی مێژوو کورد چۆکی بۆ هیچ دوژمنێ دانەداوە، بەتایبەتی بۆ بەعس، ئێستا ئەوانە دەیانەوێت چۆک بۆ گروپگەلێکی میلیشیا دابدات، کە ئایندەیەکی ناروونیان هەیە و هیچ لۆژیکێکی سیاسیان نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەعیەتەکەی خۆشیاندا، نەک دەوروبەرییان، بۆیە ئەم هێرشانە هەرچەندە دەکرێت دووبارە و چەند بارە ببنەوەم بەڵام ئیرادەی گەلی کورد لەوە بەهێزترە تەسلیمی چەند گروپێک ببێت.

27/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر