یەکێتی دەتوانێ ببێتە ئۆپۆزسیۆن؟

دییە عەلی
یەکێتی لەئێستادا لەدۆخی پێش هەڵبژاردندایە و لەوە تێگەیشتووە کە دابەشکردنی رۆڵ لای هەمووان ئاشکرایە، بۆیە ئێستا دەیەوێ بە ئاراستەی دژەپارتی لایەنگرەکانی سەرمەست بکات بەوەی کەئەو دژی پارتییە، بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن کە بەم کارانە پارتییان کردووە بە میحوەرێکی بەهێز و تەواوی هێزەکانی تریش بونەتە نەیاری، ئەم کارەش پێگەی پارتی بەهێز و بەهێزتر دەکات و لایەنەکانی تریش لاواز و لاوازتر. 

ئەگەر زاکیرەمان هاوکاربێ و بگەڕێینەوە بۆ دووساڵ پێشتر، دروست ئەوکاتەی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم دەکرا، لەوکاتەدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە21 کورسیەوە پاش بێنەوبەردەیەکی زۆر بەشداری کابینەکەیکرد، خۆ ئەگەر گۆڕان نەبوایە کەلەوکاتەدا بەباشی هاتە پێش و بەشداری کارای هەبوو لەگفتوگۆکاندا و بەشداربوو لەدانیشتنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوورنەبوو یەکێتی دووئەوەندەیتر پێکهێنانی کابینەکەی دوابخستایە، ئەمەش ئاماژەی روون و بێ چەندوچۆنی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتی بوو. 
 
لەپێکهێنانی کابینەی نۆیەمەوە لاهور شێخ جەنگی بەهۆی ئەوەی مەسعود بارزانی هەتا ئێستا دانی بەسەرۆکایەتیەکەیدا نەناوە، ئەوەش بووە بەگرێیەکی ئاڵۆز، بۆیە وەک بەرەیەکی دژ بەحکومەت کاردەکات و لەزۆر بابەتدا ویستویەتی کێشە بۆ حکومەت دروستبکات، بەڵام بەهۆی ئاراستەی باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، فشار و هەنگاوەکانی لاهور شێخ جەنگی کاریگەرییەکی وەهایان نەبوو لەسەر کارەکانی حکومەت، لەلایەکی تریشەوە لاهور شێخ جەنگی کەمترین خەڵکی هەبوو لە حکومەتدا، بۆیە کارەکانی حکومەت لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی نەبوو، لەماوەی پێشوشدا چەندینجار شێخ جەنگی ویستویەتی کێشە بۆ حکومەت دروست بکات بەتایبەتی فشاری خستووەتەسەر تیمی یەکێتی لە حکومەتدا، بەڵام هیچکات تیمی یەکێتی هاوکاری نەبوون، بۆنمونە لەکۆبوونەوەی پێشووی سەرۆکایەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەکان، کەلەسەرکردایەتی یەکێتیدا بڕیاردرابوو، هەریەکە لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان بەشداری کۆبوونەوەکە نەکەن، بەڵام هەردوکیان بەشداربوون، بەوەش مەحمود سەنگاوی وتەنی هیچ حسابیان بۆ سەرکردایەتی یەکێتی نەکرد، ئەمەش دروست لێدان بوو لەپێگەی لاهور شێخ جەنگی کەوەک میحوەرێکی دژ بەپارتی خۆی مانیفێست دەکرد. 

لەماوەی پێشودا لاهور شێخ جەنگی زۆر هەوڵیداوە بارزانی ببینێ، بەڵام تاهەنوکە بەخت یاوەری نەبووە و بارزانی ئەو ئامادەییەی تێدانەبووە، هەر بۆیە هەندێ بابەتی وەک مامەڵەی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەغدا و وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی لەبەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش چەندجارێ لاهور شێخ جەنگی چووە بەغدا و بەڵام بەپێی زانیارییەکان کازمی پێی وتووە کەناتوانن تەنها موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی بدەن، ئەوان لەگەڵ مامەڵەکردنن لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەک پارێزگایەک و پەراوێزخستنی پارێزگاکانی تری هەرێم. 

دوای ئەوەش بابەتی لامەرکەزییان هێنایە پێشەوە، بەبێ ئەوەی بیرلەوە بکەنەوە لە1991 ەوە یەکێتی خۆی حاکمی رەهای زۆنی سەوز و نیلی بووە و ئێستاش کەپارێزگاری سلێمانی گۆڕانە یەکێتی هەرچی بوێ دەیکا، بەبێ ئەوەی بچوکترین حساب بۆ پارێزگارەکەی گۆڕان بکات، بۆیە داواکردنی لامەرکەزی هیچ بۆ یەکێتی ئیزافە ناکات و تەنیا بیانوویەکە بۆ گەوجاندنی لایەنگرانی خۆیان، بەدوری نابینم پارتی سازش لەو بابەتە بکات و دەشزانێ ئەم کارە هیچ دەستکەوتێکی بۆ یەکێتی نابێ. 

لەکۆبونەوەی پێشووی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، باڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی بەشداربوو، بەپێی زانیارییەکان سەرەتا باڤڵ تاڵەبانی رووی کردووەتە نێچیرڤان بارزانی و وتویەتی هەرچەندە هیچ کەسێ لەحزبەکەم ڕازی نەبوو بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بکەم، بەڵام لەبەرخاتری تۆ بەشداریم کرد، بەس هەست دەکەین لەم حکومەتەدا پرۆژەکانی یەکێتی پشتگوێدەخرێ و شوێنێک نەماوە بۆ ئێمە لەم حکومەتەدا، نێچیرڤان بارزانیش وتویەتی، باشە شوێنتان نەماوە چیدەکەن. 

بۆیە لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق یەکێتی دەیەوێ هەمان سیناریۆی پێشووتر دووبارە بکاتەوە و لەلایەک لە حکومەتدا بێ و چی بوێ لەسلێمانی بیکات، لەلایەکی تریشەوە خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن پیشانبدات، بۆیە ئەم بابەتە لای هەمووان کەشفە و پێم وانییە لەوە زیاتر شەفاعەت بۆ یەکێتی بکات. 

یەکێتی لەگێژاودایە و باش لەوە تێدەگات ئەوەی لە ساڵی 2007ەوە بەهۆی ڕێککەوتنی ستراتیژییەوە بەسەری هاتووە، ئاسان نییە بەهەندێ هاش و هوش بەدەستی بهێنێتەوە و دەشزانێ تازە پارتی لەوەدا نەماوە، بەبابەتی لامەرکەزییەت و هەندێ هەڵوێستی ئیعلامی رایبگرن، بۆیە ئەو کار و هەڵوێستە ئیعلامیانە هیچ بۆ یەکێتی ناکات و بەهێزی ناکاتەوە، لەهەفتەی پێشوودا و کۆبونەوە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەمێرگەپان و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، دیارە باس لەوە کراوە پارتی لەماوەی پێشوودا و لەگفتوگۆی یاسای بودجەدا، توانی بەهۆی نزیکبونەوەی لەگەڵ سەدر، هاوکێشەکە بگۆڕێ و یاساکە پەسەندبکرێ، باشیش دەزانن پارتی لەکابینەی داهاتووی عێراقدا شەڕی یەکلاکەرەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات و مەترسی ئەوەیان هەیە پارتی ئەوەشیان لەدەست دەربهێنێ، بۆیە والەم دوواییەدا توندییان کردووەتەوە.

لەم ماوەدا دوو کەسایەتی گرنگ هاتنە هەولێر، ئەوانیش پاپای ڤاتیکان و ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، ئەم دوو کەسایەتیە کێیان  لەیەکێتی بینی و کێیان لەپارتی بینی؟ 

بابەتەکە ئەمەیە، یەکێتی باش لەو هاوکێشەیە تێدەگا، بەڵام خۆ ناشکرێ هەروا دابنیشێ و سەربکەنە جەرگی یەک لەناوخۆدا، بۆیە هەموو ئەمکارانەش بۆ ئیسترادکردنی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانیانە بۆ دەرەوەی خۆیان، ئەگینا یەکێتی مەعدەنێک نییە بۆ ئۆپۆزسیۆن بوون دەستبدات و دەشزانێ بەم هەڵوێست و ئاستەنگانەش بۆ حکومەتی هەرێمی دروست دەکات نایەتەوە مایە.

13/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر