دوای تراژیدیای کارەساتی شەهید بوونی ( رێبوار) ی برای شەهید ( سەردار عوسمان )، ئێوارەیەک کاک( تەحسین قادر) ، کاک (بەختیاری شیخ عوسمان)ی برای ئەو دوو شەهیدە نامورادە ی پێ ناساندم.
(بەختیار) هەر لە منداڵییەوە لە گەڵ هەڵوێستە پڕ لە سەروەرییەکانی ( شێخ عوسمان قەرەداخی )ی باوکی و (نەزیرە مستەفا ) ی دایکی لە قەرەداخ و لە سلێمانی ، لە نێو بۆتەی نەهامەتی خانەوادە کەی و شکۆی هەردوو برا شەهیدەکەی دا باڵای کرد.
رۆژمێری تەمەنی کەسێتی بەختیار لە کارو کردەوە و هەڵوێستە پڕ لە جوامێرییەکانی دا، مایەی تێڕامانی هاوڕێکانی و دەوروبەرەکەی و شارەکەیەتی ، ئیرادەی پۆڵاین و ورە بەرزی و ئازایەتی لۆژیکانەی لە ناخ و ویژدانی هەموومان دا دەدرەوشێتەوە .
لە ٩ ی حوزەیرانی ١٩٦٣ شێخ عوسمانی باوکی و شەپۆلێک لە خەڵکی شارەکەی دەسگیر کران و لە حامیەی سلیمانی زیندان کران .
لە ١٧ /١٢/ ١٩٨٥( سەرداری برای و ئارام و هیوا) لە بەردەم ئامادەی رۆشنبیردا گولە بران کران .
ئەمنی سلێمانی( نەزیرەخانی دایکی شەهید سەردار)و خانەوادەی( شەهید ئارام و شەهید هیوا ) یان دەسگیرکرد و لە حامیەی سلێمانی و سجنی سەرەوە زیندانی کران ، لە گەڵ چەند خانەوادەیەکی تردا گوێزرانەوە بۆ زیندانی سەماوە.
بەختیاری شێخ عوسمان و سۆرانی شیخ محەمەد غەریب ، بە بەرنامەیەکی نهێنی ورد، نەزیرەخان و خانەوادەی شەهید خەباتی شێخ محەمەد غەریب یان ، بە نهێنی لە سەماوە وە گەیاندەوە سلێمانی، ئێوارەکەی بەختیار دایکی گەیاندە گوندی ئاوایی - قەرەداخ.
نەزیرەخان لە وێ هەواڵی گولە باران کردنی ( سەرداری جگەرگۆشە ی و ئارام و هیوا ) و تاڵانی ماڵەکەیان و خاپورکردنی خانوەکەیانی بیست.
ئێوارەی ٢٣/ ٣ /١٩٩١ رێبوارعوسما ن ، ناوی( مەریون ح. س )* ی جاسوسی لە بەڵگەنامەیەکی ئەمنی سلێمانی دا بینی ، ئەو جاسوسە هەموو زانیارییەکانی کوشتنی عەباس ی ئەمنی گەیاندبووە ئەمنی سلێمانی ، ( سەرداری برای و ئارام و هیوا ) ی بە گرت دابوو.
مەریوان زانی بووی فایلی جاسوسییەکەی بینراوە ، دەیویست بە زوترین کات ، خۆی بگەیەنێتە دەرەوەی وڵات ، رێبوار رووی کردە بووە ماڵی مەریوان ، بۆ ئەوەی دەسگیری بکات ، مەریوان خۆی تەسلیم نەکردبوو ، چەکەکەی ئاراستەی رێبوار کردبوو ، فیشەكیک نابوو بە سەر سنگییەوە ،
فوارەی خوێنی رێبوار ، جۆگەلەی خوێنی ( سەردارو ئارام و هیوا) ی بەردەم ئامادەیی رۆشنبیری نوێ کردەوە .
ئەو هەموو زنجیرە تراژیدیا جەرگ بڕانە ، ئەو هەموو تاڵی و نەهاماتیانەی خانەوادەکەی و نیشتمانەکەی ، کەسێتی بەختیاریان بە جۆرە ئەزمونێکی لۆژیکانە وا داڕشت .
کەسێتی بەختیار، وەک دوو هێڵێ تەریب ، لە گەڵ کەسێتی دوو فاقی، سەردەمی نمایشی و بەرژوەندی و سایکۆلۆجیەتی نەرجسیەتی عەقڵی خێڵەکی دا جیاواز بێت.
لە هەموو ویستگە جیا جیاکانی ژیانی دا، بەختیار سڵی لە هیچ دەسەڵات دارێکی زۆردارو لە هیچ ستەمکارێک و کارە ناڕەواکانیان نەدەکردوە، هەموو پەڕەی گوڵی تەمەنی یادەوەری و ویستگەکە جیا جیاکانی ژیانی بەختیار، رووبەروونەوە بوو بەرامبەر زبروزەنگ و توندو تیژیی و زوڵم و ناهەقی وغەدرو ناعەدالەتی .
ئەو دژی سیناریۆ و نمایش و درۆو فێڵ و دووفاقی و کۆکتێلی کەسێتییە خێڵەکی و ئینتیهازییەکانی ئەم سەردەمەی عەولەمە بوو.
هەمووخەون و توانای لە بن نەهاتووکانی و هەڵوێستە کانی بەختیار بۆ چاکسازی و بۆ بەرگری لە ئازادی و دادپەروەری بوو، بۆ خزمەتی بەهای مرۆڤ وشکۆی مرۆڤایەتی .
پەراوێز:
*مەریوان ی جاسوس لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام دا (سەردارو ئارام و هیوا)ی بە گولە باران کردن دا، دوای راپەڕین لە ناو بەڵگەنامەکانی ئەمنی سلێمانی دا، فایلی جاسوسی وسیناریۆی تاوانەکانی بۆ جەماوەر دەردەکەوێت ، خۆی تەسلیمی دادگا نەکرد، دەیویست رووبکاتە هەندەران ، رێبور عوسمان ی برای شەهید سەردار شەهید دەکات، بە پێ ی بڕیاری سەردەمی دوای راپەڕین مەریون گولە باران کرا.