ماڵئاوایی لە هەڵبژاردن ... دوای هەرەس هەستانەوە

سۆران محەمەد غەریب
لە مێژوی تەواوی گەلان و نەتەوەکاندا هاوڵاتی بون و مافەکانی مانا و پێدراوی خۆی هەبوە نۆبەرەکەی بە ئازادی دەست پێ دەکات دواتر بەرەو بنەماکانی دیموکراسی مل دەکێشێت و کۆڵەکەکانی تیادا دەچەسپێت دواوێستگەش گەشەکردن و پێشکەوتن ڕێچکەی خۆی دەگرێت بەردەوام بەم جۆرە ژیانکردن مانای خۆی دەبێت ، دەشێت پێداویستی هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی تر تەواو جیاواز بێت . ڕابردو پێمان دەڵێت نابێت بیرکردنەوە و تێڕامان و دیدی قۆناغی نوێ بە هەمان ئاراستەی قۆناغی کۆن بێت و بە هەمان هەناسەوە پەیڕەو بکرێت ، بەڵکو وا پێویست دەکات کە ئەگەرەکو ڕێگایەک تاقیکرایەوە و شکستی خوارد ئامرازێکی تازە و گونجاو بدۆزرێتەوە تا نەخشەی تان و پۆی کاری ژیرانەی لەسەر دروست بکرێت.

بە شێوەیەکی ڕونتر بڵێم ناکرێت چەندین جار لەسەر شوێنەواری جێگا پێیەکدا هەنگاو بنێییت کە پێشتر تاقی کرابێتەوە و پیایدا بڕۆیت ، لەبەر ئەوەی هەڵە ئەوە نیە کە هەر شێوازێک تاقی بکرێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج و بە ڕێگای جۆراوجۆردا ڕێبکەیت ، وەلێ هەڵەکە لەوەدایە بە هەمان ڕێگای پێشودا بڕۆیت کە ڕوون بزانیت شکست دەخۆیت و ناتگەیەنێتە ئامانج و مەبەست.

ئازادی بە تەنها ئەوە نیە  تاکەکانی ناو کۆمەڵگا بۆیان هەبێت قسەبکەن  یان ڕەخنە بگرن ، بەڵکو دەبێت باوەڕی پتەو هەبێت بەوەی هەر کاتێک قسەی دروست کرا و ڕەخنەی ڕاستگۆیانە گیرا ئا لەم ساتەدا (قسە و ڕەخنە) کاری پێ بکرێت و فەرامۆش نەکرێت تا ئەو دیاریدە و شتانەی خراپن باش بکرێن ە هەرچی خوارە ڕێک بکرێتەوە ...!! دەنا بەردەوام و بوون لەسەر قسەکردن و ڕەخنەگرتن لە لایەن هاوڵاتی وخولانەوە لە ناو بازنەیەکی داخراودا بێ دەرئەنجام دەبێت بە تایبەتی لەبەرامبەر فەرمانڕەوای خاوەن بڕیار و دەسەڵات و هێز ، دواجاریش وا لە قسەکەر و ڕەخنەگر دەکات کە بێ هیوابن و بیر لە شێوازی تر بکەنەوە بۆ چارەسەری ئەوەی کە وتراوە و دواتر کاری لەسەر نەکراوە. ئەمەش دەگاتە ئەو سنورەی پێکدادان و ڕێگای نائاشتیانەی لێبکەوێتەوە.

دیموکراسی خۆی لەوەدا نابینێتەوە کە چەند پارت و کۆمەڵەیەک هەڵستن بە بانگەشەی هەڵبژاردن ، ئینجا هەموو ڕێگاکانی ساختەکردن و بەخشینەوەی دەستکەوت و پلە و پایە  بگرنەبەر تا ئەو ڕادەیەی وا لە کەمینەیەکی ناو هاوڵاتیان بکەن لە پێناو بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان دەنگیان پێ بدەن . سەرئەنجام ئەوەی کە زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانی هێنا چی بوێت بیکات و بێ گوێ گرتن و گەڕانەوە بۆ خەڵکی و هاوڵاتیان.

هەوان دەزانین لە کوردستانی باشوردا ڕاستیەک هەیە هەموان لێی بەئاگاین ...! ئەویش ئەو ئەو ئاماژەیەیە لە هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی عێراق بینیمان ، بەوەی پەیام بە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان درا کە زیاتر لە ٧٠ ٪ ی هاوڵاتیان بەشداری دەنگدانیان نەکرد واتا ئەوانەی بەشداربوون تەنها ٣٠ ٪ بوە . گریمان ئەو ڕێژەیەش ڕاستەقینەیە هەرچەندە واینابینم کە بەو شێوەیە بێت ، چونکە هەندێ ئامار پێمان دەڵێت ڕێژەی بەشداربون کەمتر بوە . لێرەدا دەپرسین ئایا ئەم ڕێژەیە بە حیزبە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵاتەکان ڕەوایەتی دەدات بە شەرعیەت بونی ئەم هەڵبژاردنە ...؟؟؟ ئەم ڕێژە بەرچاوەی هاوڵاتیان بەوەی بەشدارنەبون لەم ئەرک و مافەدا لە هەر دەوڵەتێکی تر ڕوی بدایە بەو مەرجەی کە بە تەواوی باوەڕی بە بنەماکانی دیموکراسی هەبێت...؟؟  بێ یەک و دوو ڕەت دەکرایەوە و لێکۆڵینەوە دەکرا لە هۆکارەکانی پشت بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان.

ئەم ڕێژە زۆرەی بەشدارنەبونەی خەڵکی کوردستان پێمان دەڵێت:

ماڵئاوا ئەی هەڵبژاردن ... ماڵئاوا ئەی دیموکراسی ... ماڵئاوا ئەی ئازادی.

با ئەوەشمان لەبیربێت کە ژمارەیەکی زۆر و بێ شومار لەوانەی بەشداربوون و دەنگیان داوە بە حیزبە فەرمانڕەواکان خاوەن بەرژەوەندی بوون ، ئینجا لە ڕێگای پلە و پایە و دەستکەوتی مادی کە بەخەونی شەوانیش بەخۆیانەوە نەدەبینی. جا ئەگەر بەرژەوەندی بە خۆیان درابێت یان کەسانی نزیکیان. ئەم لایەنەش نابێت بخرێتە خانەی وەلانان و فەرامۆشکردنەوە.

ئەمەی ئێستا دەیڵێم بۆ مێژوو هەڵیبگرن کە ئەم دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیەی ئێستا لە کوردستان بەرەو کۆتا قۆناغەکانی دەچێت و هەرەس دەهێنێت ، دواجاریش ئەمانە نە بەرگریان لە خەڵکی ڕەشوڕووت و بێ دەرەتان و بێ پشت و پەنا پێ دەکرێت..! نە ئامادەشن لەگەڵ هاوڵاتیان بمێننەوە..!! کۆتایی ئەم شانۆگەریە گەر بمێنین هەموان دەیبینین.

ئالێرەوە بەدوا هەر کەسێک باسی چاکسازی کرد پێویستە بە گاڵتەجاڕیەوە چەپڵەڕێزان بکرێت ...

هەر لایەنێکیش باسی ئەم بابەتەی کرد پێویستە سەرزەنشت و ڕیسوای بکرێت ...

هەر کەسێک یان لایەنێک باسی لە چاککردنی دۆخەکەی کرد بە هاوشانی لەگەڵ حیزبە فەرمانڕەواکان ، ئەوا لەسەر هەموانە بیاندەنە بەر کلکان و سەرکۆنەی بکەن پیش ستەمکاران.

*هەرگیز ئەوانەی بونەتە قوربانی و خوێنیان بەخشیوە لە پێناوی ئازادی تازە گیانیان بەبەردا ناکرێتەوە ... 

*ئەوانەی تەمەنیان بەفیڕۆ ڕۆیشتوە بە درێژایی (٣٠) فەرمانڕەوایەتی دەسەڵاتی باشور پێ بە پێ و بەپەژارەیی و خەمەوە ژیانی بەڕێ کردوە گەنجی بۆ ناگەڕێتەوە ...

*ئەوەی پلە و پایە و شوێکی بە گەندەڵی بە دەست هێنابێت لە ناو ئەو دامودەزگا و بەناودامەزراوەکانی حکومەت بە ویستی خۆی نایداتەوە ...

*هیچ کات سامانی بەتاڵان براو و دزراو بۆ خەڵکی ناهێنرێتەوە ...

*ئەوەی بە دەستی بەرپرسان وێران کراوە لە هیچ دۆخ و سەردەمێکدا بە دەستی ئەوانە بونیاد نانرێتەوە ...

*هەرچی دۆڕێنراویشە لە خاکی هەرزان فرۆشکراوی کوردستان لە ڕێگای فرۆشیارانەوە ناسەنرێتەوە ...

ئا لەم کاتەدا پێویستە خەڵکانی دڵسۆز ... لە نوسەران لە ڕۆشنبیران لە سیاسیە پاکەکان لەسەرجەم چین و توێژەکان لە تەواوی خەڵکە ئازادی خوازەکان و گشت کەسانێک باوەڕیان بە مرۆڤبون هەیە... دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و شان بدەنە ژێر ئەم بارە ناهەموارە ئەگەرچی ئاسان نیە ، بەڵام مەحاڵیش نابێت ئەگەر تەقەلای ڕاستگۆیانەی بۆ بدرێت تا لەم قۆناغە پڕ مەترسیە قوتار بین و نەهامەتیە گەورەکە ڕوونەکاتە بەردەرگای هەموان ، چونکە دەسەڵاتداران لە ئایندەدا سەرجەم خەڵکی کوردستان بەجێ دەهێڵن و ئەوەی ویستویان بۆ خۆیان کردویانە وهاوڵاتیانی باشوری کوردستانیش بە تەنیایی دەمێننەوە.

13/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر