ڕۆژنامەنوسی و مرۆڤایەتی ... پەیامی ڕوون لە ڕاستگۆیەتی ...

سۆران محەمەد غەریب
   سەرەتا دەمەوێت چەند باسێک بخەمە بەردیدەی خوێنەران کە هەڵگری مانا و ناوەرۆکی ئەم بابەتەیە تا بتوانێت بە لێکدانەوە و تێڕوانینێکی گونجاو ئەم پرسە لایان گەڵاڵە بێت ، دواجاریش بە ئاسانی ڕاستیەکانیان لا بەرجەستە بکات.
   )ڕۆژنامەنوسی( پیشەیەکی بەهاداری مرۆڤایەتیە کە دەتوانرێت لەم ڕەهەندەوە تاکەکانی کۆمەڵگای پێ قاڵ و هۆشیار بکرێت لە رووی هزری و جیهان بینیەوە ، هێڵی بەیەکترگەیاندنی نێوان ڕۆژنامەنوس و تاکەکان زایەڵەێ نێوانیانە لە ڕێگای گواستنەوەی هەواڵ و ڕوداو و زانیاری لە کایە جۆرا و جۆرەکانی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، فەرهەنگی ، هونەری و ... هتد. هەر کاتێک ئەم بابەتانە دەقا و دەق وەکو خۆی گەیەندرا بە کۆمەڵگا ...؟ گومان لەوەدا نیە و بۆمان هەیە کە بڵێین ڕۆژنامەنوس توانیوێتی ئەرکی خۆی بە ڕاستگۆیانە بەجێ بگەیەنێت... هەر لێرەشەوە نیشانەی خۆی پێکاوە و ئامانجەکەی هێناوەتە دی.
   خۆ ئەگەر بێتو ڕۆژنامەنوس لە ئاراستە ڕاستەکەی خۆی لایدا ، ئینجا لەبەر پاڵنەر و مەرامی تایبەت بێت ...!! بەوەی دەستکەوتە تاکەکەسیەکانی شوێنی بەرژەوەندیە گشتیەکان بگرتەوە و چاکەی گشتی وەلابنێت و بەم هۆیەشەوە گواستنەوەی هەواڵ بە لەنگەوژووری و چەواشاکاری بڵاوبکاتەوە ، ئەوا بێ یەک و دوو پیشەکەی دەبێتە کارێکی بازرگانی و دەخرێتە نێو خانەی مامەڵە و سەوداسەری کردن.
   هەمیشە سەنگی مەحەکی ڕۆژنامەنوس ڕەوشت و ویژدانێتی کە لە ناخی خۆیدا بونی هەیە و هەستی پێ دەکات بەرلەئەوەی لە ڕواڵەت و دیوە دەرکیەکەیدا ڕەنگ بداتەوە و لە لایەن خەڵکیەوە ببینرێت ، چونکە کاتێک هەواڵێک یان زانیاریەک بە ناڕاستی و درۆ دەگەیەنێت ئەوە دەبێتە کاری شێواندن و تێکدادەرانە ئاکامەکەیشی تێکدانی تەونی کۆمەڵایەتیە.
   پرسی ڕۆژنامەنوسی هێندە هەستیارە بە جۆرێک و لە هەر ساتێکدا ئەگەر بێتو کەسەکە بەهای پیشەکەی لەبەرامبەر موچەیەک یان دەستکەوتێکی تاکەکەسی دانا ولەو لێکەوتانەی کە دەیبینێت یان دەیبیستێت وەکو خۆی بڵاوی نەکردەوە و گشت تەقەلا و ئامانجێکی ئەوە بوو کە  شتێک بەدەست بهێنێت بۆ خۆی ..؟ ئا لێرەوە گومان لەوەدا نیە ئەو کەسەی ناوی لە خۆی ناوە ڕۆژنامەنوس ...؟ بارستاییەکەی هەر ئەوەندەیە کە بۆ خودی خۆی بەدەستی هێناوە.
   ئەمەی باسم کرد دیوی یەکەمی بابەتەکەیە ، هەرچی دیوی دوەمیێتی وابەستەیە بە هەندێ خەسڵەتی خۆڕسکانەی ڕۆژنامەنوسەوە بە دیاریکراوی بابەتی بوێریە. بۆ نمونە کاتێک گەندەڵی دەبینێت..؟ دەبێت کار لەسەر ئاشکراکردنی بکات بێ سڵەمینەوە ، ئینجا لە لایەن هەر کەس و لایەنێک بێت..! کاتێکیش کارێک یان دیاردەیەکی دزێو یان ناشیاو بەدیدەکات ..؟ پێویستە هەوڵ بدات بۆ قسەکردن لەسەری ... تا ئەوەی پێویستە بکرێت. لە کاتی بونی ستەمدا لە هەر شوێن و کاتێکدا بێ سڵکردنەوە لەوەی کە ڕووبەڕوی دەبێتەوە ، دەخوازێت کارلەسەر بەگژداچونەوەی بکات... هتد.
   خاوەن ئەم پیشەیە نابێت ترسی لەوە هەبێت کە پێی دەگوترێت یان بۆی دەهۆنرێت لە لایەن نەیاران و دژەبەرەکانیەوە. خۆ ئەگەر ئەو بارە کاری تێبکات ، ئیتر دەبێت ناچاربێت پەیامەکەی نەگەیەنێت و بێدەنگ بونیش باشترە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە ناڕاستی ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی تریشەوە ئەگەر هاتوو لە هەر قۆناغێکدا ملیدا بەوەی کە دەوترێت یان دەهۆنرێت ..؟ ئەوکاتەدا ئەمانە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئامانجەکەی و چەشنی باڵندەیەکی دەستەمۆ و ترساوی لێدێت و لە هەر ساتەوەختێکدا ئەگەر نیاز هەبێت لە دژی بەکاری دەهێنن... پاشان دروشمە ڕەوا و پیرۆزەکەیشی ناگاتەجێ ... ئەویش پەیامی تەواوی مرۆڤایەتیە. 
   لەم ڕێگایەدا ڕێژەیەکی بەرچاو هەن لە جیهانی ڕۆژنامەنوسیدا گیانیان بەخشیوە لە سەرتاسەری گێتی بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی. هەندێکیان بەردەوام لە هزرماندان و ناویان بە زیندویی دەمێنێتەوە ... نمونە لەسەر ئەمانە شەهیدان سۆرانی مامە حەمە ، سەردەشت عوسمان ، کاوە گەرمیانی و وداد حسێن. هەریەک لە ئەمانە دیارترین هێمای ئەو ڕێگایەن کە  بەنرخترین شت کە هەیانبوە بەخشیویانە ئەویش ژیانە.
   زۆرینەیەک لەم خاوەن پیشەیە هەن کاری ڕۆژناموسیان کردوە بە سەرچاوە و وێستگەیەک بۆ دەستکەوت و خۆدەوڵەمەند کردن... ئەوەی تیاندا نەبێت خەسڵەتەکانی پیشەکەیە بە تایبەتی ئەو کەسانەی خۆیان داوەتە بەر سایە و سێبەری حیزبە سیاسیەکان و لەو پێناوەشدا هەڵدەستن بە شاردنەوە و پینەپەڕۆکردنی خراپە و گەندەڵی ئەو حییزبانە و وێناکردنی ڕووی قێزەونیان بە جوانترین ڕواڵەت ، بەمەش سوپاگەلێکیان دامەزراندوە لە کەسانی بە ناو ڕۆژنامەنوسی ساختە و ڕوکەشکراو ... تەنها کەمینەیەک ماون لە بازنەی خۆنەویستی و خۆبەخشیدا ئۆقرەگرن و دەرناچن. 
   سەبارەت بە ڕابردوی خۆم ئەگەرچی مێژوویی ڕۆژنامەگەریم بە تۆخی و ئاشکرا ١٠ ساڵ  زیاترە ، بەڵام بە بوونی ئەو پێشینەیەی ڕابردوم کە هەمبوە لە بواری ئەدەبی شیعری و پەخشانی و هەندێ بابەتی تر توانیومە سود لەو لایەنانە وەربگرم بۆ ئەرکە پیرۆزە. بۆیە دەڵێم ئەرک ، لەبەر ئەوەی دیدی من جیاوازە بۆ ئەم کارە و هەر کاتێک بە ئەرکت هەژمارکرد گومانی تیادا نیە پابەندیەکی بەتین لە نێوان ناخ و پیشەکەدا دروست دەبێت و ئامانجیش ڕوون و ڕاشکاوانە دەبێت ... سەرباری ئەمانە وەک شانازیەکی مێژوویی ، تەنیا کەس بووم لە ناو کایەی یاساییدا پشت ئەستور بەخۆم و ئەو باوەڕەی کە هەمبووە  ... بێ دودڵی هەڵدانەوە و ئاشکراکردنی لاپەرەکانی گەندەڵیم لە ناو دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکانم گرتە ئەستۆ. تا ئەو سنورەی قۆناغێکی ژیانی خۆمم بۆ تەرخان کرد تا ئەو پەیامە بگەیەنم کە نە لە ڕابردو و نە لە ئێستاشدا لە ناوەوەی کوردستان و لە دەرەوەدا بونی نەبووە ، وەکو پارێزەرێک توانیم بە دڵێکی قایم و ورە بەرزیەوە ڕاستی پەیامەکەم بگەیەنم. 
   بۆ گەیشتنیش بەم ئامانجە نزیکەی(٧)ساڵی ژیانم تەرخانکرد و ئەو بابەتەم کردە ئامانج. با خوێنەر ئەوەشی لەبیر نەچێت ... ئەم هەوڵدانەم بەبێ هیچ هارکاری یاخود دەسگیرۆیی لە لایەن کەسانی ترەوە بووە ، تەنیا ئامرازی یارمەتی و کارئاسانی بۆ کردنم بڵاوکردنەوەی بەڵگەکان و نوسینەکانم بوە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی ، ئاوێنە و سایتی لڤین ، سبەی ، سپی میدیا و... هتد هیچ دەروازەیەک نەبوو تا لێیەوە بچمە ژورەوە بۆ ئەم کارە ڕەوایە.
   پێم وایە هەر کاتێک ئامانج لای ڕۆژنامەنوس گەیاندنی پەیامی مرۆڤانەی پڕ لە ڕەوشت بێت ، ئەوا بەدڵنیاییەوە هێزی بەسەر ئەوەدا دەشکێت بەردێک بخاتە سەر بەردە هەڵچنراوەکانی پێش خۆی تا دەگاتە مەبەست. بە تایبەتی سەردەمی ئێستامان سەردەمێکی تەواو جیاواز و کراوەیە لەوەی کە لە پێشتردا هەبوون بەهۆی بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئاسانی هۆیەکانی پەیوەندی کردن ، ئەمەش پێچەوانەی ڕابردوومانە کە ڕۆژنامەنوس دەبوایە چاوەڕێی ئەوەی بکردایە گوتارێک یان بابەتێک لە ناو دوو توێی ڕۆژنامەیەکدا بڵاوبکاتەوە.

17/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر