هەڵگیرساندنی شۆڕشی هێلکە..وا دەیلەرزێنێت پایە هەم پێگە

سۆران محەمەد غەریب

   لە پشتی هەر ڕوداوێکی سەیر و نامۆدا پێویستە لێکدانەوە و شیکردنەوەی زانستیانەی هەمە لایانەی بۆ بکرێت تا دەگەینە تەواوی باوەڕهێنان بەوەی کە لە ڕابردودا چی ڕوویداوە ..؟ لە ئێستاشدا چی دەبینرێت ..؟ سەرئەنجامەکەی چی لێ بەرهەم دێت ..؟ تا پێشبینیەکان بخرێنە ناو خانەی کارنامەوە.
   ژیرێتی و مێشک پڕی لەوەدا نیە هەڵسەنگاندن بکەیت لە دیدگایەکی ئاخنراو بە دەمارگیری یان بەرژەوەندی یەکلایەنی و داشکاندنەوە بە لای لایەنێکی کێشەیەکە سەرئەنجامەکەشی جگە لە مایەپوچی هیچی تر نەدات بەدەستەوە.
   ئاریشە و تەنگوچەڵەمەی ئەو بابەتەی کە جێگای سەرنجی هەموانە و لە ئێستادا بوەتە باسی هەنوکەیی ئەم ڕۆژانەی دوایی ، بە توندترین بەستەر گرێدراوە بە لێکەوتەکانی ئەو گرفتەی کە بەبەردەوامی بونی هەیە لە نێوان دوو لایەندا ئەوانیش (دەسەڵات و هاوڵاتی)ن.
   ڕونتر بڵێم کێشەی بچوک و ئاسان بە هۆی کەمتەرخەمی یان نەزانی دەسەڵات (ئینجا ئەم دەسەڵاتە حیزبی بێت یاخود حکومی)، هەرگیز نابێتە سەرهەڵدانی کاردانەوەی توندوتیژ لە لایەن هاوڵاتیانەوە ، تەنها لەبارێکدا نەبێت ئەویش گوێ پێنەدان و ژێرپێنانی داواکاریەکانیان بێت ... کێشمەکێش و زۆرانبازی لە نێوان (دەسەڵات و هاوڵاتی) کاتێک ڕودەدات کە دەسەڵات داوا و هاواری هاوڵاتی بە هەند وەرنەگرێت و خۆی و بڕیارەکانی بە ڕەواتر ببینێت.
   ئا لەم ساتەوەختە هاوڵاتیان بەیداخی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات هەڵدەکەن ، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی گەیاندنی خواستەکانیان دەدەن و بەردەوام دەبن ، قۆناغبەندی لە دەربڕینەکانیاندا بەدی دەکرێت و شێوازی جۆراوجۆر پەیڕەو دەکەن. سەرەتای هەموو کێشیەک بە گوتار و قسەکردن دەست پێدەکات... ئینجا لە ڕێگای نوسین و بڵاوکردنەوە و پاشان خۆپیشاندان و هەڵوێستە وەرگرتن و کاردانەوە لە دژی دەسەڵات تەنانەت ئەوەی کە ناشێت ڕودەدات.
   ژیربێژی پێمان دەڵێت : هەموو سەرەتایەک کۆتای هەیە ... کۆتاکەشی بە سەرەتایەکی زۆر جیاواز دەستپێدەکات ... بە تایبەتی ئا لەو کاتەی پەتی متمانەی لە نێوان (هاوڵاتی و دەسەڵات) پسێنراوبوو.
   لە کوردستانی باشوردا دەتوانم بڵێم سەرەتای ئەو کۆتایەی باسم لێکرد هاتۆتە ئاراوە وای بۆدەچم لە مەودایەکی دوور یان نزیک زۆر شتی تر دەردەکەون و ڕودەدەن... دوا ڕوداو کە هەموان لێی ئاگادارین و سەرسام بوین و لە ئێستاشدا لە گەرمترین باسەکانی ڕۆژە ، ڕودانی هێلکە بارانکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم (مەسرور بەرزانی)ە لە شاری (لەندەن) لە بەریتانیا.
   ئەگەر چی بە درێژایی (٣٠) ساڵەی ڕابردوو هیچ ڕوداوێک لەم شێوەیە و نە هاوشێوەی ئەمە ڕوینەداوە ، وەلێ ئەوەی لە پێشبینی هیچ کەسێکی ئاسایی یان نائاساییدا نەبوو ڕویدا...
   سەبارەت بەم بابەتە دوو سەرنجم هەیە :
یەکەم/ لێکەوتنەوەی ئەم جۆرە ڕوداوانە لەو دەوڵەتانەی کە بە تەواوی باوەڕیان بە پایەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ هەیە شتێکی زۆر ئاساییە و تەنانەت بەرامبەر سەرۆک و بەرپرسەکانی ناو دام و دەزگاکانی حکومەت کراوە و بینراوە زۆر بە سادەیی وەرگیراوە ، بەڵام لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوانەشی کە دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە لایەن جگە لە دروشم و قەوانێکی سواوی بێ چێژ هیچی تر نیە ...! ئەم کردەیە لە لایەن دەسەڵاتەوە بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی بە تاوانی گەورە دێتە هەژمارکردن و ئەنجامدەرەکەی سزای بەسەردا دەسەپێنرێت. زۆر ڕاشکاوانەتر بڵێم : بکەرەکەی لەوانەیە هەر لە جێگای خۆیدا لە ژیاندا بیسڕنەوە.
   هەموان بینیومانە چۆن سەرۆکی دەوڵەتان و کاربەستانی لە لایەن خەڵکی هێلکەیان پیادادراوە یان خراونەتە ناو زبڵدانەوە یاخود هەر شێوەیەکی تر لە دەربڕینەکانی ناڕەزایەتی لەسەر دەرکەوتن و ساغ بونەوەی گەندەڵی یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات ، ئەوەی ئەم ڕوداوەی شاری(لەندەن) جیا دەکاتەوە لە ڕوداوی وڵاتانەی تر ئەوەیە : ڕوداوەکە لە ناوەوەی هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە ، بەڵکو لە دەرەوە. ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ڕوداوانەیە کە لە وڵاتانی تر بینیومانن. کاتێک هاوڵاتی هێرش دەکاتە سەر کاربەدەستێک لە ناوجەرگەی وڵاتەکەی خۆی ، لەبەر ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتەوە ڕوبەڕووی سەرکوتکردن و داپڵۆسین نابێتەوە.
دوەم/ هەمیشە لەوانەی کە لە پێشودا بینیومانن بکەرەکان کەسێک بوون یان چەند کەسێکی کەم ، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ڕوداوەی شاری(لەندەن)ە بەوەی بە هەڵمەت و ڕێژەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان بوو لە ڕەوەندی کوردی ، دەرهاویشتەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێکارە ناشیاوانەی کە دەسەڵاتدارانی کوردی لە باشوردا لە دژی هاوڵاتیانی خۆیان گرتویانەتەبەر جا لەبەر جیاوازی لە بیروڕای سیاسی یان ڕەخنەگرتن بێت لە دەسەڵات ...هتد.
   سەرچاوەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردی بە حیزبەکان و حکومەتەوە لە بێباکیەکی تەواودان لە خەم و ئازارەکانی هاوڵاتیان ، بۆیە چاوەڕێی لەمە باشتری لێ ناکرێت ، بەم شێوازە و ڕەنگە شێوازی تریش لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کاربەدەستێکدا بکرێت کە ڕوودەکاتە ئەم وڵاتە.
   ڕاستە ئەوەی کە ناوی هێنراوە (مەسرور بەرزانی)ە ، بەڵام نابێت ئەوە لە یاد بکەین کێشەکە کەسەکان نین هێندەی بابەتین ...!!!  بەڵکو لە چۆنێتی و شێوازی فەرمانڕەوایەتی کردنەکەیە ، لەبەر ئەوەی تەواوی حیزبەکانی باشور بە دەسەڵاتدار و بەرهەڵستکارانەوە هەر هێزێک بە قەبارەی خۆیان لەو دۆخە بەرپرسن.
   لێرەوە بێ دوودڵی دەڵێم : پێویستە نە سەرۆکی حکومەت دڵگران بێت لەوەی کە کراوە بەرامبەری ..!! نە هیچ  کاربەدەستێکی تر دڵخۆش بێت بەوەی کە بەرامبەر ناوبراو کراوە...!! لەبەر ئەوەی هەر بەرپرسێکی حکومەت و حیزبی لە ئاستی باڵا و دەستڕۆیشتویدا بێتە ئەم وڵاتە ...؟؟ هەمان چارەنوسی دەبێت و ڕەنگە زۆر خراپتریشی بەسەر بێت.
   دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردی لە باشور باش تێبگەن لەم ئاماژە مەترسیدارە بەوەی ئەم ڕەفتارە هەڵگری پەیامێکی توندە ... هەر کاتێک فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتیان لە باشوردا لە دەستچوو ، ئەوا ناتوانن لەم وڵاتە هیچ وڵاتێکی تر بە ئاسانی و ئازادانە بێن و بچن و ژیانیان بە ئاسودەیی بەسەر بەرن بەتایبەتی دوای ئەو هەموو کارەسات و ماڵوێرانی و دەربەدەریەی کە بەسەر خەڵکیدا هێناویانە.
   ئەم ڕوداوە و لەم قۆناغە سامناکەی ستەمی بەناو سیاسیەکان و دەستڕۆیشتوەکانی هەرێم لە بەرامبەر هاوڵاتیان و خەڵکی وڵاتی خۆیان... کلیلێکی دۆزراوە بوو بۆ کردنەوەی ئەو دەرگا پۆڵاینە داخراوەی کە بە ئاسانی نە دەتوانرا بکرێتەوە یان بشکێنرێت.
   ئا لێرەوە دەسەڵاتداران لەبری ئەوەی بیر لە دامرکاندن و کپکردنی دەنگی خەڵکی و سنوردانان بۆ دەربڕینی ئازادیەکان دابنێن ، با بەو ڕابردوە ڕەشەی خۆیاندا بچنەوە کە پڕە لە تاوان و تاڵانی و ستەم.

27/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر