گۆڕان: دۆستی نەیار و دوژمنی یار

سۆران محەمەد غەریب
نۆبەرەی دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان و هاتنە گۆرەپان بۆ کاری سیاسەت کردن بە ئومێدی گۆڕانکاری و چاکسازی بوە لە شێوازی فەرمانرەوایەتی کردن بە گشتی و هەرسێ دەسەڵاتی پەرلەمانی و حکومەت و دادوەری بە تایبەتی ، بەڵام ئەم خواستانە لای کێ بونیان هەبوە و ئامانج لێیانەوە چی بوە ...؟

ئەوانەی بە تەواوی و زۆر راستگۆیانە هەڵگری ئەم پەیامە بوون لەو جۆرانە نین کە پاشخانێکی خراپی پڕ لە گەندەڵی و گەندەیی و بەندەییان هەبوبێت کە لە پێشتردا لە ناو هەر هێزێکی سیاسیدا تردا کاریان کردبێت ، بەڵکو ئەوانەن کە پەرێزخاوێن و دڵسۆز و خۆنەویست بوون ، بە مانایەکی ڕونتر و ئاشکراتر بڵێم .

ئامانج لە کارکردن یان پشتگیری کردن لەم بزوتنەوە سیاسیە تەنیا و تەنها گەیشتن بە ویستێکی گشتی بووە تا لەو ڕێگایەوە سەراپا لێی سودمەند بن و خەم هەڵگری تیدا بێت بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا ، نەوەک هیوا و حەزی کەمینە و چەند کەسانێکی دیاریکراوی پێ بهێنرێتە دی و زۆرینەکەش وەلابنرێن و فەرامۆش بکرێن .

ئەگەر لە ڕابردودا ئەم جۆرە لە ئاراستەی سیاسەت کردنە لە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و حیزبەکانی تردا بۆ بەرپرس و بڕیاردەرەکانی بەگشتی و (پارتی و یەکێتی) بە تایبەتی چوبێتە سەر ، ئەوا ئەم بابەتە لەم بزوتنەوەیەدا بەدییناکرێت و ناچێتەسەر. ئەمیش لەبەر دوو هۆ :

١/ زۆرینەی ئەوانەی پاڵپشتی و پشتگیریان لە بزوتنەوەکە کردوە ئەوانەن زۆر بە باشی لە دۆخی سیاسەتکردن گەیشتون و لێکەوتەی تاڵیان بەدەستی حیزبەکانی ترەوە چێشتوە ، هەر بەو پێیەیەش لە ڕابردودا وەکو بینیومانە ئەم بزوتنەوەیە بەو هەموو ساختەکاری و هەڕەشە و زۆرلێکردنانەی کە خرابوە سەر هەڵسوڕا و لایەنگران و دەنگدەرانی ئینجا نزیکەی (٥٠٠٠٠٠) دەنگی هێنا ، بەڵام لەگەڵ نزیک بونەوە و تێوەگلانی بە هەندێ پرسی گەندەڵی لەگەڵ هەردوو حیزبە فەرمانڕەواکەی کوردستان و دواجاریش بە بێدەنگی و متبوون و سڕبونی لە دۆخی نالەباری کوردستان ...! ئەم هێزە بە ئاستێکی زۆر و بەرچاو ڕێژەی دەنگەکانی دابەزی و داکشا ، ئەمەش دەریدەخات کە زۆرینەی دەنگدەران و پشتگیری لێکەران لەم بزوتنەوەیە خەڵکانی هۆشەنگ و کاسە پڕی هزر و بیکردنەوەن ... بە فڕوفێل و فریودان تەفرە ناخۆن .

٢/ ژمارەیەکی زۆری ئەوەی لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیە بوە نە بە زەبری دەستکەوتی مادی دەتوانرێت بکڕدرێن نە بەپایە و پلە لە خشتە ببرێن . ئەمەش بە پێچەوانەی هێز و لایەنە سیاسی و حیزبە باڵادەستەکانی ترەوە کە وەک نەریتی هەمیشەییان لایەنگرانیان بە پارە و پایە بەخشین دەکڕن و ئەوانیش  ناچاری وەدویان دەکەون .

   هەموان لەو هاوکێشەیەی دۆخی بزوتنەوەیەی گۆڕان باش تێگەیشتوین ... بەوەی هەر کاتێک بزوتنەوەکە دەنگ دلێر و خاوەن خۆی بوبێت و بەدوای مافی تەواوی ستەملێکراواندا چوبێت و چاوی لە خراپەکاریەکان نەپۆشیبێت ...! ئا لەو کاتەدا ئەنجامێکی باشی بە دەستهێناوە ، بەڵام لە کاتێکیشدا کە بە هۆ و لە پێناوی بەرژەوەندی هەندێ کەسی هەلپەرست کە بزوتنەوەکەیان کردوە بە ئامرازێک بە دەستیانەوە تا بگەن بە ئامانج و بەرژەوەندی کەسێتی خۆیان ... ئەوا پێ بە پێ بەرەو داڕمان و داتەپینی پێگەی جەماوەری چووە .. نمونەش لەسەر ئەم لایەنە : بە هۆی هەلپەرستە بەناو سیاسیەکان و کۆمەڵی گەندە و خۆرەی ناو ئەم بزوتنەوەیە لە بەشداری کردنی بەناو حکومەت و دام و دەزگاکان ... چۆن ئەم بزوتنەوەیە قڵپ بوەوە و لەو دەنگەی پێشتر بەدەستی هێنا بوو نیوەی هێنا و نیوەکەی تریشی لەدەستدا.

ئەمە ئەوڕاستیە بەڵگەنەویستەمان پێ دەڵێت ... بە نزیک بونەوەی ئەم بزوتنەوەیە لە حیزبە فەرمانڕەوا گەندەڵەکان و تێوەگلان بە گەندەڵی بە ناوی چاکسازیەوە لەگەڵیان ... زیاتر و زیاترتریش بەرەو هەرەس و خاپورکردنی دەبات و دواتریش ئەوەی لە دەستی دەدات ناتوانێت جارێکی تر بە دەستی بهێنێتەوە ، چونکە جەماوەر و دەنگدەر هێندەیان چەشتوە بەدەست درۆ و ساختەی گەندە و کەڵتەی سیاسی و هەرزەی هەلپەرست جارێکی دی ناتوانێت متمانەیان پێ بکەنەوە ...

ئەم بزوتنەیە وایلێهاتوە تا ئەو ڕادەیەی کە ئامادەیە گوێ لە هەموو دوژمنانی بزوتنەوەکە بگرێت و لەگەڵیان دابنیشێت و بە دەمیانەوە پێ بکەنێت ، کە ئەمەش لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندی هەندێ کەسی دیار و دیاریکراودایە . لەم دواییەشدا هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو نەیارانەی دوێنێ بکات و ئەمڕۆ بە دۆست و نزیک بیاندات لە پێنوس ، بەرامبەر بەمەش ئەوەی گوێی لێنەگیرێت دەنگ و مافی دڵسۆزان بوە تەنانەت ئەمڕۆ پێیان دەڵێت دوژمنان و ناحەزان .ئەوەی لەبیرکراوە کە ئەمانە هەر ئەو خەڵکانە بوون کاتی خۆی بزوتنەوەکەیان سەرخسبوو .

لەبەر ئەوە بەم نزیکانە دۆخی ئەم بزوتنەوەیە ببینن .... ! بە پشت کردن لە یار و وەستان لە ڕووی نەیار چی بەسەر دێت و ئەنجامیش چی دەبێت......؟؟؟

ئایندەش وەڵامی بۆ هەموومان پێیە ....!!!

02/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر