ئەمەتان لە چی و ئەوەتان لەچی

ساڵح ژاژڵەیی

لەم ڕۆژانەدا فراكسیۆنی سەوز لە پەڕلەمانی كوردستان ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە حكومەت و بەم شێوەیە قسە دەكەن: وێڕای ئەوەی بە نێگەرانییەوە  دەڕوانینە بەردەوام بون بە لێبڕینی موچەوە ، لە هەمان كاتدا  هۆشداری دەدەینە حكومەتی هەرێم بە لەبەر چاوگرتنی زۆر بونی داهاتە ناوخۆییەكان ، چیتر موچەی مۆچە خۆران بە لێبڕینەوە دابەش نەكەن . لە هەمان كاتیشدا دەڵێن لەگەڵ ئەوەی یەكێتی خۆشی بەشدارە لە حكومەتدا . 

لە ڕاستێدا ئەمە زۆر هەڵدەگرێت لە سەری بنوسرێت . بەڵام من هەوڵ دەدەم  زۆر بە كورتی  ڕونكردنەوەیەك  لەسەر ئەم لێدوانەی فراكسیۆنی سەوز بدەم و بزانم چی لە پشتی ئەم لێدوانەوەیە . ئایا ئەم لێدوانەیان بەڕاستەو لە خەمی هاولاِتیاندان ، یان بۆ موزایەدەی سییە ؟!. ئەگەر فراكسیۆنی سەوز دڵنیابن لەوەی داهاتی هەرێم بە زیادەوە بەشی موچە دەكات بەبێ لێبڕین  دوو ئەگەر هەیە ، یكەم : مانای ئەوەیە یەكێتی ئاگای لە داهاتی هەرێم نییە بە تایبەتی داهاتی نەوت . ئەگەری دووەم ئەوەیە هەرچەندە یەكێتی ئاگاداری داهاتی نەوت نییەو پارتی چۆنی بوێت بەو شێوەیە دەكات ، گومانی ئەوە هەیە كە بەشێك لە سەرانی یەكێتی  پشكی خۆیان هەیە لە داهاتی نەوت لە دەرەوەی یەكێتی و بەو هۆیەوە  بێدەنگن و هیچ قسەیەك ناكەن . 

ئەگەر وانییە و دڵنیان لەوەی كە داهاتی نەوت بەشی موچە دەكات بێ لێبڕین ، بۆچی لە حكومەت ناكشێنەوەو خۆتان بە دوور ناگرن لەو بەرپرسیاریەتە گەورەیە ؟. زۆر جار قسە لەسەر ئەوە دەكرێت گوایە  پارتی  هەمووداهاتی گومرگ ڕادەستی حكومەت ناكات وچەندین خاڵی گومرگی هەن كە هیچ داهاتێكیان بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە . پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە : ئەی یەكێتی هەموو داهاتی گومرگی سنووری خۆی ڕادەستی حكومەت دەكات؟ . وەڵامەكەی نەخەیر . هەمومان ئاگادارین لە ماوەی ڕابوردودا دەیان ڕاپۆرتی ئەندام پەڕلەمانەكان  لەسەر قاچاخچییەتی سەرانی  یەكێتی لە خاڵە سنووریەكان بڵاو كرایەوەو لەسەر ئەوە خەڵكیش گیران و تا ئێستاش  ئەوە هەر بەردەوامە . باشە ئەگەر یەكێتی رأِست دەكات و لە خەمی خەڵكدایە ،  ئەگەر ئەوداهاتانەی بە قاچاخ دەستیان دەكەوێت  ،ئەگەر ڕادەستی حكومەتیشی ناكەن ، با لە چاككردنی ڕێگاو باندا خەرجی بكەن . هەمومان دەزانین  ڕێگای سلێمانی كەلار و سلێمانی مەرزی پەروێز خان بۆنە ڕێگای مەرگ و ڕۆژانە ڕوداوی دڵتەزێن ڕودەدەن .  

لە كاتێكدا كە فراكسیۆنی یەكێتی نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن  بەرامبەر بەوەی داهاتی هەرێم  زۆرەو تا ئێستا بە ڵێبڕینەوە موچە دابەش دەكەن ، بەڵام كاتێك لە دەڤەری سەوز خەڵك خۆپیشاندان دەكەن و دێنە سەرشەقامەكان  ، یەكێتی بەزەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران دەكەن و لە ماوەی پێشودا لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكان چەندین كەسیان شەهێدو بریندار كرد لە چەمچەماڵ و سەیدسادق . باشە ئەگەر ئێوە دڵنیان لەوەی داهاتی هەرێم بەشی موچە دەكات بە بێ لێبڕین ، بۆچی كە خەڵك خۆپیشاندان دەكەن ، ئێوە بەزەبری هێز ڕوبەڕویان دەبنەوە ؟. ئەی حەق وانییە ئێوەش بچنە پاڵ خۆپیشاندەرانەوە ، ئەگەر نێگەرانیەكانتان بە ڕاستییەو بۆ موزایەدەی سیاسی نییە ؟. 
كەواتە  ڕوبەڕوبونەوەتان  بە زەبری هێزو تەقەكردن و شەهێد كردنی هاوڵاتیان ، ئەوە پشتیوانی كردنە لە  پارتی . مانای وایە ئێوە خۆشتان ڕازین لەسەر ئەوەی موچە بە لێبڕینەوە دابەش بكرێت  و تا ئێستا  یەكێتی لایەنێكی سەرەكی  حكومەتە دوای پارتی .  هەمومان هەست بەوە دەكەین  كە سنووری پارتی لە زۆر ڕوەوە  لە سنووری یەكێتی پێشكەوتو ترە . لە ڕوی ڕێگاو بان و شەقامی فراوان  بەتایبەتی ناو شاری هەولێر  . باشە لە خۆتان ناپرسن بۆچی ئەم جیاوازیە هەیەو بۆچی ڕازی دەبن و ئەگەر دەسەڵاتتان نییە ، بۆچی حەیای خۆتان دەبەن و لە حكومەت ناكشێنەوە ؟.

زۆر پەندی كوردی هەیە كە دەگونجێت  و لەگەڵ هەڵس و كەوتەكانی یەكێتی یەك دەگرنەوە . وەكو دەڵێن : فڵانە كەس لە ناڵیش دەدات و لە بزماریش . یان بە كەر ناوێرێـت و بە كورتان ڕمە  ڕم . لەگەڵ گورگ گۆشت دەخوات و لەگەَل مەڕیش شیوەن دەكات .  ماوەتەوە ئەوەی بڵێم: ئەگەر لە حكومەت نیگەرانن كە موچە بە ڵێبڕینەوە دابەش دەكات  و ئێوەش نیگەرانن لەوەو فرمێسكی تیمساحی بۆ خەڵك هەڵدەبژێرن ، ئەوە بانێك نییەو دوو هەوا ؟.

 ئەوە مانای ئەوە نییە  لە لایەك بەشداری حكومەتن و لە لایەكی تریشەوە ئۆپۆزسیۆن ؟. ئایا ئەمە  موزایەدەو فریودانی خەڵك نییە؟. كەواتە ئەمەتان لە چی و ئەوەتان لەچی ؟.  ئەوە باش بزانن هەموو هاولاِتیان  لە دوو فاقی سیاسەتی حیزبەكان گەیشتون و باش دەزانن  هەموتان خەریكی موزایەدەی سیاسی و خەڵەتاندنی هاولاِتیانن لە پێناوی تاڵانكردنی سامانی نیشتماندا . ئێوە وەكو فراكسیۆنی سەوز  لەناو تەلاری پەڕلەماندا  پەلاماری شیرین ئەمین ، پەڕلەمانتاری گۆڕان دەدەن و سوكایەتی پێدەكەن . لە ڕاستیدا ئەمە كارێكی زۆر ناشیرین و  نەشیاوە و  ئەو ئافرەتە  ئەندامی پەڕلەمانە پارێزبەندی هەیە  هەیە ، نوێنەری خەڵكە ئازادە چۆن قسە دەكات و ئەگەر قسەكانیتان بەدڵ نییە ، وەڵامی بدەنەوە ، نەك پەلاماری بدەن ، خۆتەلاری پەڕلەمان گۆڕەپانی شەق وەشاندن نییە . 

ئەو نە بوختانی بە كەس كردوە ، نە قسەی درۆی كردوە . باسی تاریق ڕەمەزان دەكات ئەو فڕۆكەوانەی بەشداری كردوە لە كیمیابارانی هەڵەبجەو 5 هەزار كەس شەهید كراون . هەموو خەڵكی كوردستان  زۆر باش دەزانن كە ئەم فڕۆكەوانە بە فەرمانی مامجەلال  بۆڕازیكردنی دڵی عەرەبی سوننە ئازاد كراوە و موعەزەزو موكەڕەم بە تەیارە ڕەوانەی بەریتانیا كراو مامۆستا سەیفەدین كە ئەوكات بەڕێوەبەریئاسایش بوو ، بوو بە قوربانی و  لە پۆستەكەی دوور خرایەوە گوایە تاریق ڕەمەزان لە بەندیخانە ڕاییكردوە . تاریق ڕەمەزان خۆشی بە ئاشكرا لە وەڵامی ئەوانەی وتویانە لە بەندیخانە ڕایكردوە ، وتویەتی من ڕامنەكردوەو ئازاد كراوم.

ئێستائێوە  دەتانەوێت ئەم راستییە لە خەڵك بشارنەوەو ئەوەی ڕاستی بڵێت ، پەلاماری بدەن چونكە ڕەمزێكی وەكو مامجەلالیان  لەكەدار كردوە . خۆزگە مامجەلال ئەوەی نەكردبایە ، بەڵام تازە كەس ناتونێت ئەو ڕاستییە بشارێتەوەو بۆتە مێژوو . لە ڕاستیدا   ناشكرێت ئەوە وەكو ڕەخنەیەكی سادەو ساكار لەمامجەلال بگیرێت ، بەڵكو ئەمە دەچێتە بابی تاوانەوە .

 كەسێك خۆی بە سەرۆكی میللەت بزانێت و چەندین ساڵە خەبات بكات  لە پێناوی میللەتەكەیداو ئێستا بچێت  تاوانبارێكی  وەكو تاریق رەەمەزان لە سجن ئازاد بكات ، كە بەشداریكردوە لە كیمیابارانی  هەڵەبجەو  5 هەزار كەسی تێدا شەهید بوە بۆ ڕازیكردنی عەرەبی سوننەی داخ لە دڵ بەرامبەر بە كورد . لە ئێوەی ئەندام پەڕلەمان  دەپرسم ، ئەمە چ حیكمەتێكی تێدایە ؟. 

 ئەی باشە حیكمەتی ئەوە لە چیدا بو كە ئەو كاتەی  بەڕێزیان سەرۆكی كۆمار بوو ، سەردانی كەركوكی كرد و بڕیاریدا  هەموو پۆستە ئیداریەكانی كەركوك وەكو یەك بەسەر كورد و عەرەب و توركماندا دابەش بكەن ؟. باشە ئەوە كەم كردنەوەی ڕۆڵی كورد نەبوو لە كەركوك ؟.  كەواتە هیچ  سەركردەیەكی كورد ڕەمزێكی موقەدەس نییەو مەعسومیش نییە لە گوناه و هەڵەو كەم و كورتی .
 ئایا بە بۆچونی ئێوەی ئەندام پەڕلەمان لە فراكسیۆنی سەوز  كە بەناو نوێنەری میللەتن و لە ڕاستیدا وەكو كۆیلەو بەكرێگیراوی  حیزب ڕەفتار دەكەن ،  ئەو پەلاماردان و ڕەفتارە نەشیاوەتان بە ڕاست دەزانن ؟.   لە ئەنجامدا دەگەینە ئەوەی بڵێین :  یەكێتی لەگەڵ گورگ گۆشت دەخوات و لەگەڵ مەڕیش شیوەن دەكات . لە كەركوك  دەبیتە پشتیوانی عەرەب و تاوانبارێكی وەكو تاریق ڕەمەزان ئازاد دەكەی بۆ ڕازیكردنی  دوژمنانی كورد . 

دەچیتە هەڵەبەجەو دەكەویتە هەڵڕشتنی فرمێسكی تیمساحی درۆینە  بۆ خەڵكی ئەوێ . ئەگەر خەڵكی هەڵەبجەش  هوشیاربونایە  دەبوو لەوكاتەوە كە تاریق ڕەمەزان ئازداد كراوە ، خەڵكی هەڵەبجە ڕێگایان بە یەكێتی  نەدایا بەشداری مەڕاسیمی ساڵ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەن . بەڕاستی سەرم سوڕماوە بە چ ڕویەكەوە دەچن بەشداری لە  ساڵ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە دەكەن؟.
 حكومەتی ئیسڕائیل  دەچێت تاوانبارانی هۆڵۆكۆست  لە لە ئەمەریكای جنوبییەوە دەفڕێنن و دەهێننەوە بۆئیسڕائیل و  دادگایی دەكەن و لە سێدارەی دەدەن ، بەڵام سەركردەكانی كورد بەدەستی خۆیان  تاوانباران ئازاد دەكەن و  كۆیلەكانیشیان بەلاماری ئەو كەسانە دەدەن كە باسی ڕاستییەكان دەكەن .دیارە ئێوەی ئەندام پەڕلەمان  خەڵك بە گێل دەزانن و دەتانەوێت  بە خەڵكی بسەلمێنن كە مرۆڤ دەتوانێت  بەری ڕۆژ بەبێژنگ  بگرێت . بەڵام لە ڕاستیدا ئێوە خۆتان گێلن و زۆرلە مێژە خەڵك دەزانن كە هەرگیز بەری رۆِژ بە بێژنگ ناگیرێت . 
 لە هەموی خراپر  ڕۆڵی خراپی سەرۆكی پەڕلەمان بوو . ئەو نەیتوانی وەكو سەرۆكی دامەزراوەیەكی گرنگی پەڕلەما بیلایەن بێت . ئەووەكو كۆیلەیەكی حیزب هەڵس و كەوتی كرد . ئەودەبوو پشتیوانی شیرین ئەمین بێت  بە دوو هۆكار . یەكەم ئەندام پەڕلەمانەو نوێنەری خەڵكە . دووەم : ئەو قسەی  ڕاستی وتوە و ئەوەی ئەو وتویەتی  هەموو كەس  لە ڕاستییەكانی ئەو قسانە دڵنیایە . 

كەواتە بە چ حەقێك قسەكانی لە پڕۆتۆكۆل  دەسڕنەوەو لە دانیشتنی پەڕلەمانی ئەو ڕۆژە بێبەشی دەكەن و  فەرمان بە پاسەوانەكانی  پەڕلەمان دەكەن ، بیكەنە دەرەوەو ڕێگری لێبەكەن بێتە هۆڵی پەڕلەمانەوە ؟.  كەواتە پەِرلەمانێك سەرۆكەكەیی و بەشێكی زۆری ئەندام پەِرلەمانەكانی  كۆیلەو بەكرێگیراوی حیزب بن ، گومانی تێدا نابێت  دەبێ چاوەڕوانی ڕۆژانی خرابتریش لە ئێستا بكەین . 























































 بۆ ئاگاداری هەموو لایەكیش تا ئێستا چۆنیەتی   شەهید كرانی كاوە گەرمیانی ، هاوژینی شیرین ئەمین ، لە دادگا ساغ نەبۆتەوەو تا ئەم كاتەش یەكێتی تاوانبارە بە كوشتنی  ناو براو . كەواتە  شیرین ئەمین حەقی خۆیەتی  هەرچی لە ژێر بەڕەی یەكێتیدایە بیخاتە سەر بەڕە . كەواتە یەكێتی و پارتی كە دوو پێكهاتەی  سەرەكی و حكومەت و  دوو هێزی سەرەكی ئەم هەرێمەن ، هەردوكیان دوو ڕوی یەك دراوی قەڵبن و هیچی تر . 
ساڵح ژاژڵەیی 


31/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر