زەنگێک، دەمێکە لێیداوە..!

چۆلی ئەسعەد
((مرۆڤ دروستکردن پێش تەلاری بەرز و باڵەخانەیە))

مرۆڤ کوشتن، بووە بە دیاردەیەک، ڕۆژانە بە سادەیی دەیانبیستین، خەریکە هەموو پەرچە کرادرێک بە کوشتن کۆتایی بێت، کوشتنی ژنێک، باوکێک، کوڕێک، برایەک، هاوڕێیەک، خوشکێک.. کوشتن لەسەر هیچ، لەسەر ئەو شتانەی لە کاتی ئاسییدا بەهایەکی ئەوتۆیان نییە بۆ زویربوون لەکەسێک نەک کوشتنی.. ئەم شاڵاوی کوشتنانە تەنیا کوشتنی جەستەیی و مردن نین، لە پاڵیاندا رۆژانە دەیان کوشتنی رۆح ڕوودەدەن، دەبێت ئەوانەش بە کوشتن هەژمار بکەین کە پەلاماری مرۆڤەکان لە چین و توێژە جیاجیاکان دەدرێن، لە شەق هەڵدان لە مامۆستایەکەوە لەسەر داوای موچە، پەلاماردانی ژنێک لە دادگا، لێدانی خاوەن چێشتخانەیەک، تەقەکردن لە ماڵی خەزوور و دەیان ڕووداوی دیکە، بوون بە هەواڵی ڕۆژ، بەڵام بۆ ؟

ئەم دۆخە ئەنجامە، ئەم کارەساتانە لێکەوتەکانی پرۆسەی پەروەردەکردنن، لە کۆمەڵی ئێمەدا سی ساڵە نەمانتوانیوە مرۆڤ دروست بکەین، کە ڕیز لە مرۆڤ و بەها کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان بگرێت.

ئەوەی لە دوورەوە سەیری بەشێک لە شەقام و باڵەخانەبەرز و هەوربڕەکانی شارە گەورەکان و ئەو هەموو زانکۆیە بکات، ڕەنگە لە ڕوخساردا هەست بە گەشە و ئاوەدانی بکات، بەڵام بەڕاستی ئەمانە تەنیا ڕەنگدانەوەی رووی جوانیی باڵەخانە و شەقامەکانن، هاوشانی ئەمانە و پێش دروستکردن و بونیادنانی ئەم تەلار و ستی و شەقام و کۆمپانیا بازرگانییە گەورە و زانکۆ زۆرە، دەبوو مرۆڤمان دروست بکردایە، پێویست بوو گەشەمان بە پەروەردەی مرۆڤەکان و هەستی نیشتمان بدابایە، تەلاری بەرز و شەقامی رەنگین و باڵاخانەی بازرگانی پێویستییان بە مرۆڤی هۆشیار و پێگەیشتوو و پەروەردەکراو هەیە بەکاریان بهێنێت.

ئێستاش دەبێت کایەکانی پەروەردە، لە خوێندن و زانکۆ و خێزان و ئایین و ژینگەی کۆمەڵایەتی بخەینەوە بەردەم بەرپرسیارێتی دروستکردنی مرۆڤ، نەک تەنیا گەورەکردنی مرۆڤ، جونکە مرۆڤەکان لەدایک دەبن و وەک سروشتی خۆیان گەورە دەبن، بەڵام ئایا ئەم هەموو کارەساتانە نیشانەی ئەوە نین ئەم گەورەبوونە بێ ناوەڕۆکە و هۆشیاری و ڕۆشنبیریی ژیان و لێبوردەیی و خۆقبوڵکردن و ڕێز گرتنی لە دەوروبەریان لەگەڵدا نییە ؟

28/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر