پێویستە چەند شتێك بگوترێت، کە لە بەرژەوەندی باڵای کوردەواری دایە.
بەڵێ هەنگاونان تا شوێنەگەشتیاریەکان (نەك تەنها سەرچنار) بگەڕێنەوە شێوەی ئاسایی خۆیان، و خێزانەکان بتوانن ڕووی تێبکەنەوە، کارێکە تا بڵێی جێگای دەست خۆشیە و دەبێت لەم هەنگاوەدا جددی و پشودرێژ و سوربین و هەمووشمان پشتیوانبین ، چونکە دەستورو قانونی هیچ وڵاتێك، بەعیراقی خۆشمانەوە، ڕێگە بەقۆرخکردن و داگیرکردنی شوێنە گەشتیاری و شوێنەواریەکان نادات.
گەڕانەوە لۆ کلتورو سیمای ڕەسەن و پڕشکۆی کوردەواری کارێکی گرنگە و تەنها بە دەسەڵاتێکی دڵسۆز دەکرێت.
کوردستان کۆمەڵگەیەکی باوەڕدارەو ڕێزیش لەهەموو بیروباوەڕێك دەگرێت ، بۆیە ڕێزگرتن لەو ڕاستیە ئەرکی هەمولایەکە ، بەڵام گەڕانەوەو پاراستنی بەها ڕەوشتیەکان خۆی کارێکی هێندە جوانە هیچ بەهانەیەکی ناوێت و پێویستی بەوەنیە بیخەینە ژێر پەردەی ئایدیا و تەرازووی هیچ پێوانەیەکی تر.
باوەڕم وایە، ئەم هەنگاوە تەنها بە داخستنی هەندێک شوێن نابێت، بەڵکو هەر بەڕاستی دەبێت سیمای ڕاستەقینەی شار بۆ شارەکان بگەڕێندرێتەوەو تایبەتمەندی و سیمای شارەکان لەچوارچێوەی بەها جوانەکانی کوردەواریدا بپارێزرێت، بۆیە پاراستن و ڕێزگرتنیش لە بنەماکانی ئازادی تا ئەو ڕادەیەی ئازادی نەبێتە، مەترسی لەسەر تاك و خێزانەکانی کۆمەڵگەکەمان و لەڕێگەیەوە ئازادی کەسانی تر پێشێل نەکرێت.
پێویستە پارێزگاری لەم تایبەتمەندیانە بکەین ، کەجاران شارو ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی بەیەکەوە دەبەستەوەو ڕێزگرتنی یەکتر ببووە هۆکاری قوڵکردنەوەی ئینتیما نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، بێگومان پاراستنی ڕەسەنایەتیش ببێتە پێناسە و بنچینەی نەخشە و ماستەرپلانی شارەکان و لە هەموو پڕۆژە و هەنگاوەکانی فراوانکردنی شاریشدا لەبەرچاو بگیرێت لەگەڵ گەڕانەوەی سیمای کوردەواری شارەکان کە لە ئێستادا بەهۆی پشتگوێخستنی زمانی کوردی لە نوسینی تابلۆکان بەتەواوی سیمای نیشتمانیی و کوردبوون لەشارەکانمان سەندراوەتەوە.
خاڵێکی دیکەی مەترسیدار ، فەرامۆشکردن و پشتگوێ خستنی کەرتی پەروەردەیە ، هەڵبەتە دیاردەی پەلاماردان و کوشتنی ژنان و کچان لەلایەن پەلاماردەرە توندڕەو نەخوێندەوارەکان ، بەرهەمی ئەم فەرامۆشکردنەی پەروەردەیە لەلایەن حکومەتی هەرێم و زەنگێکی مەترسیدارە وەزارەتی پەروەردەو دەسەڵاتدارانی حکوومەتیش پێ ناچێ بەلایانەوە گرنگ بێت.
پێویستە گروپی فشار دروست بکرێت بۆ ناچارکردنی وەزارەتی پەروەردە ، بۆ دەربازکردنی پەروەردە لەم قەیرانە مەترسیدارەی تێیکەوتووەو کەرتی پەروەردە کە پەیوەندی بەداهاتووی منداڵەکانمانەوە هەیە لەژێر چەپۆکی ئایدۆلۆژیا جیاجیاکان دەربهێنرێت و بخرێتە ژێر فەلسەفەو ستراتیژیەتێکی ڕوونی نیشتمانی و ئینسانیەوە ، چونکە وەك هەمووان دەزانن تاکی نەزان و بێ پەروەردە وەك بۆمبێکی ئامادەکراو وایە، ئەگەری تەقینەوەی لەهەر چرکەیەکدا پێشبینی کراوە.
لەپێناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەمان ، دەبێت ئەم سیاسەتە گرنگەی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتیی ببێتە پلانی ستراتیژی یەکێتی و لە کارنامەکەی خۆیدا لە پەرلەمان و حکومەت ، کاری لۆ بکات.
تێکەڵ کردن و لێکدانەوەی هەڵە و شێوێندراو بۆ دەستەواژە زانستی و زمانەوانیەکان بابەتێکی تری گرنگە کە دەبێت یەکێتیی و ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرانی یەکێتیی بەئاگابن لەو بۆسەیەی لەم بارەوە بۆمان دانراوەتەوە.
بابەتی ڕێزگرتن لە جیاوازی جێندەری و گەیشتن بە بەڵانسی جێندەری و ڕووبەرووبوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز ، یەکێکی ترە لەو بابەتانەی یەکێتی لە ئێستادا دەیەوێت مرۆڤدۆستانە کاری بۆ بکات و سیاسەتێکی روونی بۆ ئەو بابەتانە هەیە.
بەڵام بەداخەوە چەند کەسایەتیەکی دژ بە بنەما ئینسانیەکان، بەپیلانێکی دوژمنکارانە دەیانەوێت لەڕێگای شێواندنی دەستەواژەی جێندەر و بە پشتبەستن بە سادەیی خەڵك و سوود وەرگرتن لە پێگە جەماوەریەکانیان بەرامبەر بەو سیاسەتە بوەستنەوەو دوژمن ئاسا کەوتونەتە هەڵکۆڵینی عەقڵیەتی چینی بەهابەرزی کۆمەڵگای کوردی.
ئەوەی لەهەمووی زیاتر جێگای داخە بەشێك لە ڕۆژنامەنوس و بەناو رۆشنبیر و سیاسیەکانی یەکێتی بێ ئاگایانە خەریکە دەکەونە ژێرکاریگەری ئەم هەڵمەتە دوژمنکارانەوە. بۆیە جێگای خۆیەتی و ئەرکی هەموو ئەوانەیە کە گرنگی بەم بابەتە ئینسانیانە دەدەن بێنە مەیدان و جیاوازی سیاسی و تەنانەت خۆپەرستیش وەلاوە بنێن و بەشداری بکەن لەهەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئامرازەکان بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دەستەواژە نوێیانە بەکاربهێنن کە لە خزمەتی مرۆڤایەتین و لە شێواندن بیانپارێزن، دەستەواژەو واتای کوردیان بۆ دابڕێژن.