پێشنیار بۆ سەركردایەتی بەنۆرە

مەزن سلێمان

بەڕێزان وەرن بەچاوی كڕیار و بە مێشكێكی ئارام و لەسەرخۆ و حەساوە و دوور لە سیاسەت و حیزبایەتی، مێژووی دێرین و نوێی كورد لە سەردەمی مادەكانەوە تا ئەمڕۆ بخوێنەوە و بێلایەنانە هەڵیانسەنگێنن و لێكۆڵینەوەی زانستیانەیان لەسەربكەن. دەبینین ئەو نەگبەتی و دۆڕاندن و ژێركەوتن و شكاندن و كاولكاری و بەئاكام نەگەیشتنانە و لەدەستچونانەی بەسەر نەتەوەی كورد و خاكی كوردستاندا هاتون لەسەدا نەوەت و هەشتی نەزانی و ترسنۆكی و دیكتاتۆری و یەكنەگرتنی بەناو سەركردەكان بوون. بەڵێ‌ ڕاستە داگیركەرەكان زۆر بەهێز و بێویژدان و دڕندە بون. بەڵام زۆربەی كاتەكان دەتوانرا بەرگریبكرێ‌ و داگیركەر بشكێنرایە. كەم نەتەوە هەیە بەئەندازەی نەتەوەی كورد، خۆڕاگر و گوێڕایەڵی سەركردەكانی بوبێ‌. بەڵام بەداخەوە، زۆربەی سەركردە كوردەكان نە سەركردە و نە پیاوی دەوڵتداری بون، نەخوێندەوار، خۆسەپێن و گەندەڵا و زۆردار و خۆ بەزلزان بون و شایستەی ئەو جێگایە نەبون، وەكو ئەوەی ئێستا دەیبینین. لەبەر ئەو هۆیانە تكا و پێشنیاردەكەم، پرسی سەركردایەتی و بەڕێوەبەرایەتی بەنۆرە بخەینە بەر گوێ‌ و دیدی خوێنەران و تاك بەتاكی نەتەوەكەمان. بەڵكو نەتەوەكەمان وشیارتر بێتەوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا بڕیارێكی لەبارتر بدا. حكومەتی ئێران بەو بارودۆخە نالەبار و ناوبانگە خراپەی هەیەتی، سەرۆك كۆمار و سەرۆك پەڕلەمان هتد.... بۆیانهەیە تەنیا دوو جار هەڵبژێردرێنەوە. لە ئەمەریكا بەوهەموو دیموكراتی و ئازادیەی هەیانە سەرۆك بۆی هەیە ئەوپەڕی دوو جار هەڵبژێردرێتەوە. ئەیبۆچی سەرۆكی حیزبەكان و حكومەتەكەی ئێمە، ماوەی فەرمان ناڕەواییەكەیان بەدرێژی ژیانیانبێ‌؟! بۆچی مرۆڤێكی شایستە و بەتوانا لەناو حیزب و حكومەت و نەتەوەكەماندا بونی نیە؟!ساڵانە لە زانكۆكانی كوردستان بە هەزاران خوێندكاری بەتوانا و خاوەن زانستی جیاجیا، خوێندن تەواودەكەن. چەند دەرزەنێكیش لەوانە خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) تەواودەكەن. ژمارەیەكی زۆر لەوانە، لەناو حیزبەكان و لە ناو حكومەتدا و لە بازاڕی ئازاددا شارەزایی زۆر باشیان پەیداكردووە و توانایی بەڕێوەبردنی حیزب و حكومەتیان هەیە، ئەگەر ڕێگەیانپێبدرێ‌ و نۆرەیان بەربكەوێت...؟ّ! ئەم سەردەمە، سەردەمی ڕاستگۆیی و بەئاشكرا كاركردنە. سەردەمی سیستەمی ئەلەكترۆنیە، سەردەمی ساتەلایت و ئینەتەرنێت و موبایلی زیرەكە. هەرچی لە كۆبونەوە نەهێنیەكانی ناو ژورە داخراوەكاندا وتووێژیان لەسەردەكرێ‌، پاش چەند كاتژمێك ئاشكرادەكرێ‌. لەبەرئەوە پێویست نیە وەكو سەردەمانی ڕابوردوو یەك كەس بكرێ‌ بەسەرۆك بۆئەوەی نەهێنیەكان ئاشكرا نەبن. ئەتوانرێ‌ سەركردایەتی و بەڕێوەبەرایەتی لەنێوان ئەوكەسانەدا بەنۆرە بسوڕێتەوە، كە توانایی وەها بەڕێوەبەرایەتی و سەركردایەتیەكیان هەیە و شایستەی ئەو جێگایەن. دوای تەواوبونی ماوەی سەركردایەتیەكەیان و بەڕێوەبەرایەتیەكەیان پێویستە بگەڕێنەوە سەركارەكەی پێشوویان، نەك بە پلەی باڵا خانەنشین بكرێن. دڵنیابن زۆربەی ئەوكەسانەی یەك خول زیاتر بەرپرس و سەركردە و بەڕێوەبەر دەبن، خۆسەپێن و گەندەڵا و زاڵم دەردەچن. لەبەرئەوە تكایە پشتیوانی پرس و خواستی سەركردایەتی و بەڕێوەبەرایەتی بەنۆرە بفەرمون. هۆ سەرەكیەكانی جیابونەوەی حیزبەكان لە سەدا نەوەت وهەشتی لەسەر سەرۆكایەتی و پلە و پایە و هەڵەی نەبەخشراو بووە. بۆنمونە: پارتی 1964 -  1966 + یەكێتی و حسك + یەكێتی و ئاش + یەكێتی و گۆڕان، یەكێتی لەناو خۆیدا لەبەرئەوەی كەسانی خوێندەوار و بەتوانای زۆرە وەكو شاری هەنگ هەمیشە گرمەیدێت + زەحمەتكێشان، ئیسلامیەكان. لە عیراقیش بارودۆخی سیاسی و كارگێڕی لە كوردستان هیچ  باشتر نیە.....و زۆریتر. ئەوە بیروبۆچونێكی هەڵە و خۆسەپێنانەی دواكەوتوانەیە، كە دەڵێن ئەو ئەندام و كاندیدەی لە شاخ پێشمەرگە نەبوە یان ماوەیەكی كەمە لەناو حیزبدان، نابێت ببن بە بەرپرس و سەرۆك. هەركەسێ‌ بەتوانابو، ڕاستگۆبو، داهێنەربو، دەستپاك و ئازا بو، مافیخۆیەتی بۆماوەیەكی دیاریكراو بەرپرسیاری وەرگرێ‌. تا نەتەوەی كورد بەبێ‌ دەوڵەت و بەبێ‌ قانونی بنەڕەتی خاوەنی ئەو هەموو حیزب و سەرۆكانەبێ‌، یەكڕیزی و یەكگرتویی دروست نابێ‌. 

تاقە چارەسەر سەركردایەتی بەنۆرەیە

بەپێی شەرع و قانون مرۆڤەكان هەموویان یەكسانن و كەس لە كەس پیـرۆزتر نیە و مافەكانیان بەرانبەرن ئەگەر دیموكراسی و ئازادی و مافپەروەری لە نیشتیمانەكەیاندا فەرمانڕەوا بێت، نەك حوكمی زۆرداری و دیكتاتۆری و تاكڕەوی. لە كۆتایی ساڵانی حەفتاكان و لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابوردووەوە لە ئەوروپای ڕژئاوا هەندێك حیزب دروست بون، كە سەركردەكانیان بەنۆرە هەڵدەبژێرن و بە كۆمەڵ حیزبەكەیان بەڕێوەدەبەن (سیستەمی هاوسەرۆكی) و زۆریش سەركەوتوبون. بۆنمونە حیزبی سەوزەكانی ئەڵمانیا لە دروستبونیانەوە سەركردایەتیەكەیان بەشێوەی هاوسەرۆكیە، واتا دوو كەس یا زیاتر دەبنە سەرۆك و كارەكان بە هەماهەنگی بەڕێوە دەبەن. لە زۆربەی كۆنفرانسی ساڵانەیاندا سەركردەكانیان دەگۆڕن و كەسێكی تازەی خوێن گەرم دێتەپێشەوە، بەبێئەوەی كەس زویربێ‌ و بە خراپی كاربكاتە سەر ئیشوكاری حیزبەكەیان، بگرە بەپێچەوانەوە گەرم و گوڕی و بیـری نوێكاری دروستدەبێ‌ و كەس بەسەریانەوە نابێ‌ بە ئاغا و كوێخا و دیكتاتۆر و بیـروباوەڕ وەستاوی دواكەوتوو. سەرۆكەكان دوای تەواو بوونی ماوەی بەرپرسیاریەكەیان دەگەڕێنەوە سەر ئیشوكارەكانی پێشویان، بەبێئەوەی یەكسەر بە پلەیەكی باڵا خانەنشین بكرێن.
 ساڵێكیان ئەو گۆڕانكاریە سەرۆك كۆماری سویسرای گرتەوە و گەڕایەوە سەر كارەكەی پێشوی كە ئەندازیاری تەلارسازی بوو. بۆ ئێمەی كوردیش شێوەی بەڕێوەبردنی بەنۆرە بۆ حیزبەكان و بۆ حكومەت، بەسیستەمێكی زۆر گونجاو و بە پێویستی دەبینم. زوو گۆڕینی بەرپرسان و بەڕێوەبەران لە هەموو ئاستەكاندا زۆر پێویستە، ئەگەر بمانەوێ‌ ئاژاوە و هەستیاری و جیابونەوە و گرژی ڕونەدەن و نیشتیمانەكەمان لە چەقبەستویی و گەندەڵی و نادادپەروەری ڕزگاریبێ‌ و هیچیتـر بەژێر دەستی و بەبێ‌ دەوڵەتی سەربەخۆ نەمێنینەوە و بۆ هەمیشە لە كاروانی ژیانی ئازاد و سەربەخۆیی و پێشكەوتووی خۆماڵی و لە كاروانی نەتەوەكانی دراوسێ‌ و جیهان دواتر نەكەوین، ئەوا پێویستە سیستەمی سەركردایەتی بەنۆرە و بەڕێوەبەرایەتی بەنۆرە بەكاربێنین لەنێوان ئەوكەسانەی توانایی بەڕێوەبردنی وەها پۆستێكیان هەیە. تاقە چارە بۆ ئەم بارودۆخەی كوردستان و بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی هەمیشەییمان و ژیانێكی ئارام و بێ دەردی سەری بۆ نەتەوەكەمان دابین بكەین و ئاسایشێكی ڕاستەقینەی ناوخۆمان هەبێ‌، ئەوا سیستەمی بەڕێوەبردنی بەنۆرە باشتـرین چارەسەرە. بۆئەوەی سەركردەكان نەتوانن و نەوێرن و فریانەكەون بڕیاری هەڵە و تاكڕەوانە بدەن و نەبن بە دیكتاتۆر. بۆئەوەی لە پۆستەكەیاندا فریای خزم خزمێنە و گەندەڵی و نادادپەروەری نەكەون و ترسی ئاشكرابون و لێپێچینەوەیان هەبێ‌ و قانون سەروەربێ‌. بۆئەوەی فریا نەكەون دوژمنایەتی لەگەڵ سەركردەی حیزبەكانیتر دروستبكەن.     كە بە چاوی كڕیار تەماشای مێژووی كۆن و تازەی نەتەوەی كورد دەكەین، دەبینین، هۆی سەرەكی سەرنەكەوتن و دروستنەبونی دەوڵەتی سەربەخۆ و تەمەن درێژی كوردی، دەگەڕێتەوە بۆ تاكڕەوی و خۆبەزل زان وخۆ بە پیـرۆز زان و نەخوێندەواری سەركردە نەخوێندەوارە عەقڵ بچوكەكانە. هەر لە سەردەمی مادەكانەوە پیاوەرە تا دەگاتە سەلاحەدین و بابانیەكان و شێخ مەحمود و شۆرشی ئەیلول. تا ئەمڕۆ سەرنەكەوتنەكان دەچنە ئەستۆی هەندێك سەركردەی نەخوێندەوار و دیكتاتۆر و كەمتوانا و خۆ بەهەموشت زان. نابێ‌ كەس خۆی بە سەرزەنشكراو دابنی، ئەگەر نۆرەكەی تەواوبوو و بەرپرسیارێتیەكی نزمتـری درایە لەوەی پێشووی یان گەڕێنرایەوە سەر كارەكەی پێشوی. لەدوای ڕوخانی رڕژێمی سەدامی گۆڕبەگۆڕ ماوەیەك سەرۆكایەتی عێراق كرابە نۆرە (مەجلسی حوكم) هەرمانگەی كەسایەتیەك دەكرا بە سەرۆك. كاروباری وڵات زور لە ئێستا باشتر بەڕێوەدەچوو. سەرۆكایەتی و بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئێمە با ساڵی جارێك بگۆڕدرێن خۆ كوفر نابێت. پەڕلەمان بڕیاردەری پرسە گرنگەكان بێت و سەرچاوەی دەسەڵاتی یەكلاكەرەوە و بۆگەڕاوە و پرسپێكراو بێت (مەڕجەع). بۆئەوەی كەس بڕیاری تاكڕەوانەی ئاشبەتاڵمان بەسەرا نەسەپێنێ‌ و كەس بێئاگا لە قانون و لە پەڕلەمان گرێبەستی پەنجاساڵە و زیاترمان وەكو هەژدیهای حەوت سەر لە گەردن نەئاڵێنێ‌ و سامانی سەرزەوی و ژێر زەویمان تاڵان فرۆشنەكەن. 

بەڕێوەبەرەكان، وەزیرەكان، سەرۆك وەزیر و سەرۆكەكان، بە نادادپەروەری موچەی زیادیان پێدەدری. فەرمانبەری زۆریان لەبەردەستدایە كارەكانیان بۆ ئەنجام دەدەن و ئۆتۆمۆبیل و شۆفێری میـریان خراوەتە بەردەست. سەرەڕای ئەوانەش مانگانە لەگەڵا موچەكەیاندا دەرماڵەی بەرپرسیارێتیەكەیان وەردەگرن. ئوتۆمۆبیلی گرانبەهایان بۆدەكڕدڕێ‌. كەوابوو بەلانیكەمەوە پێویست نیە موچەی خانەنشینیەكەیان ئەوەندە زۆربیت. ماوەی چەند ساڵێكە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند پۆستێكی وەكو سەرۆكی زانكۆ و ڕاگری كۆلێجەكان و سەرۆك بەشەكانی سنورداركردوە و هەریەكەیان چوارساڵا بەرپرس دەبن، ئەو سنورداركردنە كارێكی باشە، بەڵام هێشتا ماوەكەی زۆر درێژە. یەك ساڵا بۆ بەرپرسیارێتی بەسە. بەتایبەتی لەبەرئەوەی لە زانكۆكاندا كەسی بەتوانای خاوەن بڕوانامە زۆرن.     



23/09/2021



وتارەکانی تری نوسەر