قسەیەک لەسەر نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق‌و کوردستان!

خالید رەزا

ماوەیەکە سۆسیال میدیا و فەیسبوکەوانی کورد، لە خوت و خۆڕایی بە بێ بوونی بەڵگە هێرشێکی ناڕەوا دەکەنە سەر ژنە سیاسی و دپلۆماتکاری هۆڵەندی خاتو (جەنین پلاسخارت)، تۆمەتباری دەکەن بە گەندەڵی و شەریکە دزی دەسەڵاتدارانی کوردستان بەتایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان. هەندێک پەسنی دەکات و هەندێکی تر بەبێ ئەوەی بزانن ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان چیە، داوای ئەوەی لێ دەکەن کە بۆچی گوێێ سەرانی پارتی و یەکێتیی بانادا و هیزی چەکدار و دەسەڵاتی سیاسیایان لێ  ناسێنێتەوە و تەسلیمی ئۆپۆزسیۆنی ناکات !!  هەشە دەڵێ دەستی لەگەڵ ئۆلیگاریشەکانی نەوت تێكەڵاو کردوە و دەمیان چەور کردوە و دەیەوێت پارتی لەو قەیرانە ڕزگار بکات کە تێێ کەوتوە !!

بۆیە بە باشی دەزانم ڕۆڵ و کاریگەری نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشینەی خاتوو پلاسخارت بە کورتی ئاماژە پێ بدەم، هیوادارم  زانیاریەکان بۆ ئەو خەڵکانە کەڵکی هەبێ و چی تر لە خۆیانەوە  سەری نەتەوە یەکگرتووەکان و خاتوو پلاسخارت، بێ دەلاک نەتاشن.
# نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕیکخراوێکی جیهانییە، لە ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە و لە ١٩٣ دەوڵەت پیکهاتووە. ئەم ڕیکخراوە جیهانیە گرنگی ئەدات بە پێنج کار و چالاکی سەرەکی کە بریتین لە:
+ ئاشتی و ئاسایش
+ گەشەپێدانی ئابوری و کۆمەڵایەتی
+ مافی مرۆڤ
+ کاروباری مرۆیی
+ یاسای نێودەڵەتی
نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەش ئۆرگانی سەرەکی پیکهاتووە و هەر ئۆرگانەی کاری خۆی دەکات کە بریتین لە:
١- کۆبوونەوەی گشتی
٢ -  ئەنجومەنی ئاسایش
٣ -  سکرتاریەتی ئەنجومەن
٤-  دادگای دادوەری نێودەوڵەتی
٥-  ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی
٦- ئەنجومەنی ئەمینداری

جگە لە بارەگای دادگای نیودەوڵەتی کە بارەگاکەی لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندایە،  پێنجەکەی تر بارەگاکانی لە نیویۆرکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

بەکورتی ئەوەی سەرەوە ئەرک و پێکهاتەی ئەو ڕێکخراوە گەورە و گرنگە جیهانییە، ئێستە لەڕێێ نوێنەرەکەیەوە کە خاتوو جەنین پلاسخارتە، پەیامێکی سیاسی ڕوونیان بۆ حیزبە سیاسیەکانی کوردستان  بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ناردوە. ئەم پەیامە سیاسیە گرنگە و دەبێ سەرانی کورد بەجدی وەریبگرن، نەک خۆیانی لێ بدزنەوە. پەیامی پلاسخارت یش زۆر ڕوون و بێ پەردە بوە، ئێستە تۆپەکە لەساحەی سیاسی کوردستاندایە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە.

# جەنین پلاسخارت کێ یە؟

پلاسخارت لە ٧ی ٤ی ١٩٧٣ لە شاری هێرلن ی هەرێمی لیمبورخ ی هۆڵەندا لەدایک بووە. سیاسی و دپلۆتکارێکی چالاک و ڕاشکاوە.
- بڕوانامەی بەکارلۆریۆس ی لە بەشی کارگێری زانکۆی ئوتریخت، هەروەها لە هەمان زانکۆ بەشی ئەکادیمیای ئەوروپی تەواو کردوە.
- دوای تەواوکردنی خوێندن لە ساڵی ١٩٩٥ لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆمیسێۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل دادەمەزرێ، لەساڵی ١٩٩٨-٢٠٠٠ وەکو نوێنەری کۆمیسیۆن دەگوارزێتەوە بۆ  شاری ڕیگا (Riga)ی پایتەختی لێتلاند (لاتیڤیا). 
- لەساڵی ٢٠٠٠ وە ئەندامی حیزبی گەل بۆ ئازادی و دیمۆکراتی (VVD) یە، حیزبەکەی مارک ڕووتەی سەروەزیری ئێستە.
- لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٤ ئەندامی دەستەی بەڕیوەبەری شارەوانی ئەمسترادم بووە.
- لە ٢٠ ی ٧ی ٢٠٠٤ – ٢٠١٠  ئەندامی پارلەمانی یەکێتی ئەوروپا بووە.
-  لەو ماوەیەدا سەرۆکی فراکسیۆنی لیبراڵ و دیمۆکراتەکان بوە لە پارلەمانی یەکێتیی ئەوروپا.
- لە ٥ی ١١ی ٢٠١٢–٤ی ١٠ی  ٢٠١٧ وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە.
- لەمانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٦  دا بەهۆی ڕوداوێکەوە کە دوو سەربازی هۆڵەندی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان لە کاتی مەشقی سەربازی دا لە وڵێ‌تی مالی (Mali) دوو گولە هاوەنیان پێدا تەقییەوە و مردن، لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخست کە وەزارەت لە کارەیدا کەمتەرخەم بووە.  وەزیریش بەهۆی ئەو ڕوداوەوە کە دوو سەربازی تیا بوون بە قوربانی بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆگرت و لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دەستی لەکار کێشایەوە.
- لە ٢٠١٧ – ٢٠١٨ ئەندامی پارلەمانی هۆڵەندا بووە.
- لە ساڵی ٢٠١٠ لە لایەن هەفتەنامەی (دەنگی ئەوروپا) وە وەک باشترین ئەندامی پارلەمانی ئەوروپا دیاریکرا، بەهۆی دژایەتیکردنیەوە سەبارەت بەوەی کە نابێ زانیاری حسابی بانکی هاوڵاتیانی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریکا ئاڵوگۆڕی پێ بکرێ.
- لە ١ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ وە هەتا ئێستەش نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە و سەرۆکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان یۆنامی یە لە عێراق.
ئەوە توانا و تەجروبەی ئەوژنە بەهێزە هۆڵەندی یەیە کە ئێستە نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوەیەکگرتووەکانە. لە دوو قۆناغ و لە دوو بۆنەی جیاوازدا ڕاشکاوانە داوای لە دەسەڵاتداران و حیزبەکانی کوردستان کرد، کە ئەگەر ناوماڵی خۆتان باش نەکەن، کێشەکانتان چارەسەر نەکەن، دوو زۆنی و خۆخۆری واز لێ نەهێنن، بەتەمای ئەو مەبن ئەم ئەمری واقیعە تاسەر بۆتان بمێنێتەوە. ئەم پەیامانە لە پەیامی دپلۆماسی واوە ترن، دەبێ حسابی بۆ بکرێ، ڕاستە نەتەوەیەکگرتوەکان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەزۆر سەپاندنی نیە، بەڵام بەهەند وەرنەگرتنی پەیامە ڕوون و ڕاشکاوەکانی جەنین پلاسخارت، ماڵی خۆمان وێران دەبێ. بەم بۆنەیەوە کۆپلەیەک لە هۆنراوە بەرزەکەی حاجی قادری کۆیی م بیرکەوتەوە و لە زیهنی خۆمدا ناوی پلاسخارت م خستە شوێنی ناوەکەی حاجی نەمر کە دەفەرموێ:
" حاجی کەسێکە بێ کەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ؛
گوێی لێ دەگرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان".


28/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر