دوودڵی ئیسرائیل لە دەستپێکردنی هێرشی زەمینی

عوسمانی حاجی مارف
 
جگە لەو دڕندەیی و بەربەریەتەی ئیسرائیل بە بۆردمان لەبەرامبەر دانیشتوانی غەززەدا ئەنجامی ئەدات، باس لەوە  دەکرێت کە حکومەتی ئیسرائیل هێزەکانی خۆی کۆدەکاتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشێکی زەمینی بەرفراوان بۆ سەر غەززە، ئەمەش سروشتی بنەڕەتی ململانێکان دەگۆڕێت. ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتوانی باکوری غەززە کرد بەرەو باشووری کەرتی غەززە بڕۆن، بۆ ئەمەش ستراتیژێک جێبەجێ دەکات کە هێزەکانی ئیسرائیل بە ئاشکراو بە بەر چاوی دنیاوە، لە ڕێگەی کوشتارێکی بێشوماری دانیشتوانی غەززەو وێرانکردنی شارەکان، وردە وردە بزووتنەوەی حەماس لە گۆشەیەکی غەززەدا گەمارۆ بدات.

هەرچەندە  لەم رۆژانەدا ئیسرائیل وای نیشاندا ‌هێزەکانی ئامادەن بۆ هێرشی زەمینی، بەڵام دواخستن یان خۆدزینەوە لە هێرشی زەمینی بۆسەر غەززە، بە بیانوی چاوەڕوانی هاتنی هێزی زیاتری دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ناوچەکە، دەکرێت ئەو چاوەڕوانییە هۆکارێک بێت، بەڵام لەهەمان کاتدا ئیسرائیل بۆ خۆی ئاماژە بەوە ئەدات، کە هێرشی ئێران بۆ سەر هێزەکانی لە ناوچەکەدا مەترسییە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو جەنگە بە زیانی گەورە بۆ سەر خودی ئیسرائیل.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندوە، وڵاتەکەی پێشبینی دەکات شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ڕێگەی تێوەگلانی ئێران و هاوپەیمانەکانیەوە پەرە بسێنێت، بۆیە پلانی دەست پێکردنیان بۆ ئەو هێرشە زەمینیە فراوانە سەختی زۆری لەبەردەمدایەو ئاسان نییە بۆیان. 
ئەمریکا، ئیسرائیلی ئاگادارکردۆتەوە کە بەنیازە هێزی ئەمریکی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەمەش وەک ئامادەکاریەک بۆ مانۆڕی زەمینی، بەهۆی ترسی زیادبوونی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هێزەکانی لە ناوچەکەدا، گوایە لەگەڵ ئیسرائیلیش ڕێککەوتن، چاوەڕێ بکەن و هێرشی زەمینی دوابخەن تاوەکو هێزی دیکەی ئەمریکی دەگاتە ناوچەکە.

پێم وایە هۆکاری دواخستنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە ئامادەبونی هێزەکانی ئەمریکاشەوە، ناتوانێ سەرکەوتنی ئیسرائیل لەم شەڕەدا مسۆگەر بکات، چونکە هێرشی زەمینی شەڕەکە دەباتە قۆناغ و دۆخێکی پێچیدەترەوە، کە کۆتایی شەرەکە دەباتە ناو ئایندەیەکی نادیارەوە، ئەوکات حەتمیەتی کێشکردنی لایەنی تر بۆ ناو شەڕەکە ناچارییەک دەبێت، بە تایبەتی بۆ تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاواو ئیسرائیلدا ناکۆکن و بەرژەوندی جیاوازیان لەسەر دیاریکردنی "نەخشە"ی ناوچەکەدا هەیە، هەلومەرجی گێژاوو ناجێگیری سیاسی لە ناوچەکەدا قوڵتردەکاتەوەو کارەسات و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و کوشتنی زیاتری بە کۆمەڵ ئاکامەکەی دەبێت، هەروەها هێرشی زەمینی بە واتای چونی هێزە سەربازییەکان  بۆ ناو شارەکان، ئەمەش ئەو پرسیارە دێنێتە پێشەوە، ئاخۆ هێزەکانی ئیسرائیل چەندە توانایی و نەفەسی درێژی شەڕکردنی ناو کۆڵان و جادەکانی  ناو شارەکانی غەززەیان هەیە، بە جیا لەمەش چەندە پرۆژە یاسای شەڕەکە فراوانتر بێت، قەیرانی ناوخۆی ئیسرائیلیش گەورەتر دەکات، هەر بۆیە ناتانیاهۆ ناتوانێ پەلە بکات لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی لە ئاستێکی بەربڵاودا، ناتانیاهۆ بۆخۆشی دڵنیا نییە لەوەی کە بچێتە ناو ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ئەنجامی ئامۆژگاری هەندێک لە ڕاوێژکارە سەربازیەکان. چونکە پڕۆژە یاساکەی فراوانتر دەبێت و قەیرانی ناوخۆش گەورەتر دەکات.
ناتانیاهۆ تا ئێستا ئەوەی پێ باشترە کە لەسەر بنەمای بۆردومان و لەناوبردنی بەردەوامی دامودەزگا و دامەزراوەکان و وێرانکاری و کوشتنی بە کۆمەڵی دانیشتوان و خوڵقاندنی فەزای توقاندن و کوشتاری خەڵکی مەدەنی، تەسلیم بوون بەسەر حەماسدا بسەپێنێت، کە تائێستاش دەستکەوتی ڕزگاربوونی ناتانیاهو لەو قەیرانەی دەرگیری بووە بەدەست نەهاتووە، بۆیە تابێت دڕندانەتر و بێبەزیانە و ڕیسوایانە  بۆردومانەکانی  چەند بارە دەکاتەوە. 

ناتانیاهۆ ئێستا بە جۆش و خرۆش نییە بۆ چوونە ناو ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی زەمینی، چونکە ترسی هەیە ئەنجامەکان  لەڕووی سیاسیەوە بۆ یەکجاری و بۆ هەمیشە لەناوی ببەن، بەتایبەتی ئەگەر سەرپرایزێکی چاوەڕواننەکراو و مەترسیدار بۆ سوپا یان هەواڵگری ئیسرائیل لە ناوخۆی غەززەدا ڕووبدات، واتە بەردەوام بون لە بۆردومانکردن و کوشتن و لەناوبردن بەباشتر دەزانێت تابکەوێتە ناو تەڵەیەکی کوتوپڕەوە. لەوانەیە دەستکەوتە سەربازیەکان تا ئاستێک لە ڕێگەی بۆردومانەوە بەدەست بهێنێت، وەک تێکدانی تونێلەکان یان هەریەکێک لە توانا سەربازیەکانی حەماس تێک بشکێنێ، یان لە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی بەردەوام بێت، گەر سەرزارەکێش بێت، هەوڵئەدات بەو ڕێگەیە جۆرێک لە سەرکەوتن ڕاگەیەنێت، ئەمەش دۆخەکەو ڕوداوەکان چەند یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو پلانە باسێکی ترە.
 درێژە کێشانی دۆخەکە بەو چەشنەو نەگەیشتن بە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن! ئەوکات ئیسرائیل و ئەمریکا ناچار دەبن هەڵبژاردەی ڕیسکی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بگرنە بەر. 

دواخستنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی وەک لەسەرەتا ئاماژەم پێدا تەنها پەیوەندی بە چاوەڕوانی ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکاو سوپای ئیسرائیلەوە نییە، چونکە قەیرانی دۆخەکە لەم شەڕەدا لەوە دژوارترە کە هێرشی زەمینی توانای یەکلاییکردنەوەی شەرەکە نیشان بدات، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئیسرائیل هێشتا ناچارە بۆ ڕکلامیش بێت هەڕەشەی چوونە ناوەوەی زەمینی بۆ ناو غەززە بکات بۆ لەناوبردنی حەماس بە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە، هەربۆیە لەوبارەیەوە هەندێ هەنگاوی سەرەتایی نیشانداوەو هێزەکانی جوڵاندوە. لەهەمان کاتدا ئەوەی جێگای باسە، قەیرانێکی جدی لەنێوان ناتانیاهۆ و سەرکردەکانی سوپا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی جەنگ لە ئارادایە. 

ئەمڕۆ حکومەتی ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە لە گەیشتن بە بڕیاری ڕێککەوتن لەسەر پرس گەلێکی گەورە وەک پرسی هێرشکردنی زەمینی، لەلایەکی تریشەوە پرسی ئەو زیندانییە ئیسرائیلیانەی بە بارمتە گیراون، هەروەها ناکۆکی لەنێوان ناتانیاهۆ و بەرپرسانی باڵای سوپادا هەیە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی پلان و بڕیارەکان، لەلایەکی تریشەوە هەر توندکردنەوەیەکی شەڕەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، مەترسی دەخالەت و هاتنەمەیدانی ئیڕان و حزبوڵایە بۆ ناو شەڕەکە، کە ئەمەش ڕویدا کێشەکانی کۆتایی شەڕەکەو ئاکامەکانی ئاڵۆزتر دەکات، لە ئاستێکی زیاتردا گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەواوی ناوچەکە پێش دەهێنێت.

بۆیە لەلایەک  وادەیەکی ڕوون بۆهەنگاونانی  لەشکرکێشی زەمینی فراوان بۆ سەر غەززە دیار نییە، لەلایەکی ترەوە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی دووفاقی زیاتر لە 200 زیندانی ئیسرائیلی بووەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون، حکومەتی ئیسرائیل ڕوبەڕوی ئاستەنگی بۆتەوە لە گەیشتن بە بڕیاری ڕون، یان ڕێکەوتن لەسەر پرسە سەرەکیەکان.

بەم جۆرە واقعیەتی شەڕەکە لایەنەکانی خستۆتە بەردەم دۆخێکی وەها ئاڵۆزەوە، کە ناکرێ بیرکردنەوەی پلانەکان لەسەر سکەیەکی جێگیر دابڕێژرێن، پێچوپەناکانی ئەم شەڕە لە گێژاوی دەرگیربونی حاڵەتێکدایە جگە لەوەی تەعبیرە لە قەیران و بنبەست و گیژاوێک کە سیستمی سەرمایەداری و وڵاتانی زلهێزی دنیا بەرهەمیان هێناوە، لەهەمان کاتدا خودی ئەم شەڕەش ئەو گێژاوو قەیران و بنبەستەی جارێکی تر بەڕووی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و وڵاتانی زلهێزی دنیا زیاتر بەرجەستە کردۆتەوە.

ئەوە تەنها ڕاوەستانی بەرەی ناڕەزایەتی و یەکگرتویی هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکانە لە جیهاندا ئەتوانن کۆمەڵگەی بەشەری بە کۆتاییهێنانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بەیەکجاری لەم کارەسات و کوشتارو گیژاو و قەیرانە ڕزگار کەن، گەر ئەم دۆخە بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کۆتایی پێ نەهێنرێت، سیستمی سەرمایەداری و کێشمەکێشی جەمسەرە زلهێزەکانی دنیا بە پلان و بەبێ  پلان بەردەوام کۆمەڵگەی بەشەری لەم جۆرە دۆزخەی کە بۆ دانیشتوانی غەززەیان پێکهێناوە درێژە پێ ئەدەن.
بەربەریەتی ئیسرائیل و پشتیوانکردن لە هەر لایەنێکەوە لە کەڵەگایی و بەربەریەتی حکومەتی ئیسرائیل بەسەر خەڵکی فەلەستیندا مەحکومەو دەبێت کۆتایی پێ بێت..


04/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر