گوتاری بێ‌ بنەما ، تێڕوانینی بێ‌ بنەما بەرهەمدێنێ‌

ئاسۆ حاجی
          
چەند ساڵ بەر لە ئێستا لە ئێوارەیەكی بەهارەی پراگی پایتەختی چیك لەگەڵ چەند برادەرێك لە لێواری شەقامێك و لە بەردەم پاپێك دانیشتبووین ، برادەرێك كە لە هۆلەندا بە مێوانی هاتبووە پراگ دەستی بە جوێندان و شوشتنەوەی حكومەتی كوردستان و پارتەكانی دەسەڵات كرد كە زانیم خەڵكی هەلەبجەیە هەقم پێدا و گووتم بریندارە ، پاشان زیاتر گەرم بوو و ئەو قسانەی سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن لە تەلەفزیۆن دەیانكرد ئەو بە خستنە سەرەوە دووبارەی دەكردنەوە، وەك هەولێری دەڵێن بە كەیفی خۆی ‘وەناو كەتبوو‌ و جارو بار ئێمەشی بۆ شایەدی پەلكێشی ناو بابەتەكە دەكرد ، رێگەم بەخۆم دا و لێم پرسی كاك فلان دەڵێی كەس و كارت لە هەلەبجە شەهید بوون ؟ گووتی نا لە خوا بەزیاد بێ‌ بنەماڵەی ئێمە سەلامەت بوون ،گووتم سوپاس بۆ خوا ، پرسیم باشە ئەدی لۆ ئەوەندە بەرامبەر حكومەتی كوردستان داخ لە دڵی ؟ گووتی كاك ئاسۆ بە شەرەفت ئەوە رەوایە من چواردە ساڵە لە هۆلەندا دەژیم لە غەریبی تا ئێستا مووچەیەكم نیە ؟! سەرم سوڕما و نەمزانی چۆن و چی وەڵام بدەمەوە تەنها ئەوە نەبێت هەندێك رەحمەت بۆ ئەو سیاسیە فاشلانە بنێرم كە گووتارەكانیان مرۆڤی ئەوها بەرهەمدەهێنن.
ئەو بابەتە فەیسبووک وەبیری هێنامەوە کە هی (١٠) ساڵ پێش ئێستایە تەنها یەکەم وشەم لە (دوو ساڵ) کردە (چەند ساڵ) ، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەو جۆرە گوتارەی حیزب و سیاسیە پۆپۆلیستیەکان هێشتا بەردەوامە و لە جاران خەستتر بۆتەوە، ئەو کات تەنها حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن(بزووتنەوەی گۆڕان) خاوەنی ئەو گوتارە پۆپۆلیستیە بوو، ئێستا حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن(نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی) هەروەها حیزبەکانی بەشداری حکومەتیش ( یەکێتی و گۆڕان) رکابەری یەکتر دەکەن لە زیاتر برەودان بەو گوتارە پۆپۆلیستیە کە تەنها کۆمەڵگەیەکی رەشبین و تاکێکی بێ بەرهەم دروست دەکات.

21/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر