بۆ توركیا بێ منەتە؟

ئاسۆ حاجی

رووداوەی ئەوجارە (كوژران و بریندار بوونی ژمارەیەك گەشتیاری عەرەب لە سەیرانگەیەكی زاخۆ) پێدەچێت رەهەندێكی گەورەتری لە عێڕاق هەبێت، رەهەندێكی ئیقلیمی و سافكردنەوەی حیساباتی نێوان ئێران و توركیا بێت، لەو رووداوە كار بۆ ئەوە كراوە، دوو ئامانج بە بەرد بپێكن، یەكەمیان گورزێكی دیكەی ئێران لە ئابووری توركیا، دووەمیان گورزێكی عێڕاق بێت لە ئابوری كوردستان، بۆیەشە یەكەم لێدوانی بەرپرسانی شیعە باسكردنی داخستنی سنوور و فڕۆكەخانەكانە لەگەڵ توركیا،  كە ئەگەر داواكردنی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتیشی بەداوا دابێت، بۆیە دەبێ حكومەتی كوردستان بە پشووێكی درێژ و دوور لە هاوشوهوشی بەغدا مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوە بكات.

دەبێ بپرسین كێ ئەو مافەی بە توركیا داوە بەو شێوەیە مامەڵە بكات (بێگومان ئەگەر بۆردومانەكە لەلایەن توركیاوە بووبێت)؟ زانیاریەكان ئەوە دەڵێن كە حكومەتی عێڕاق ئەو مافەی بە توركیا داوە چۆنی بوێ سنووری نێودەوڵەتی عێڕاق ببەزێنێ و كوێی بوێ تۆپبارانی بكا و خەڵكی تێدا بكوژێ، ئەو مافەی عێڕاق بە توركیای داوە بۆ رێكەوتنێكی دوو قۆڵی نێوانیان دەگەڕێتەوە (ئەو رێكەوتنەی سەدڕ داوای هەڵوەشانەوەی دەكات) مێژووەكەی بۆ سەرەتای ساڵانی هەشتاكان دەگەڕێتەوە (واتا سەردەمی سەدام حسێن ) هەر ئەو رێكەوتنە لە سەردەمی سەرۆكایەتی مالیكی هەموار كرایەوە و مافی سنووربەزاندن لەلایەن توركیاوە لە (٥ كم) كرایە (١٥كم) دواین هەمواركردنەوەی ئەو رێكەوتنەش لەسەر دەستی حەیدەر عەبادی بوو لە ساڵی ٢٠١٧ كە مافی سنوور بەزاندنی توركیای لە (١٥كم) كردە (٣٠كم) تەنها لە بەرامبەر دژایەتی كردنی توركیا بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوری كوردستان.
ئەو هێزەی توركیا كردویەتیە بەهانە بۆ بەزاندنی سنوور و پێشێلكردن و بن پێكردنی سەروەری عێڕاق، كە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)یە، لەلایەن عێڕاقەوە پاڵپشتی دارایی و سەربازی و هەوالگری دەكرێ، موچەی زیاتر لە چوار هەزار چەكداری پەكەكە لە شنگال  دەدات، رێگەی بە هەبوونی بارەگا و سەربازگەی پەكەكە لە باشوری كەركوك  داوە، ئەوەش تەنها بەهۆی ئەوەی پەكەكە بەشێكە لە ئەجێندای ئێرانی و هێزێكی پارێزەری بەرژەوەندیەكانی ئێرانە، كە ئێستا بوون و  كارنامەی عێڕاقی هەمان شتە.
پەرچەكدار و لێدوانە توندەكانی سیاسیەكانی عارەب لە بەغدا، تەنها لە یەك گۆشەنیگاوەیە، كە قوربانیەكانی تۆپبارانی توركیا عارەبن، ئەگەر كورد یان نەتەوەیەكی دیكە بوان بەغدا وا توند و دڕ نەدەبوو، ئەو لێدوانانەشمان نەدەبیست، بەڵكو ئیدانەیان دەكرد و بێ دەنگ و بێ هەڵوێست دەبوون.




20/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر