هەرێمی كوردستان بەرەو كوێ ؟؟؟

محەمەد شەریف

كاتێ چاو ئەگێڕی بەناو روداوەكانی چەند مانگی پێشوی هەرێمی كوردستان بۆت رونئەبێتەوە ئەم هەرێمە لەبەردەم دوو بژاردەی گرنگ و چارەنوسازدایە كە ئەبێت خۆی یەكلایی بكاتەوە لەوەی كە ئایا ئەیەوێت  بمێنێتەوە یاخود نا!!!

بە دڵنیایی مانەوەی هەرێم بە پلەی یەكەم لە قازانجی پارتی دیموركاتی كوردستان و بنەماڵەی بارزانیدایە، بۆیە لە پێناو ئەم ئامانجەدا پارتی وەكو هێزی یەكەم و بەرپرسی تەواوی جومگەكانی ناو هەرێمی كوردستان ئەبێت بچێتە ژێر باری جێبەجێ كردنی بڕیرەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكا و هاوپەیمانیان.. 

پارتی ئەیەوێـت چۆن ئەم هەرێمە بهێڵێـتەوەو خۆی سەروەر و سەردار و بڕیاردەری بێت ؟؟؟ سەرەتا نەتەوەیەكگرتوەكان و ئەمەریكا جەختیان لەوە كردەوە كە ئەبێت هێزی پێشمەرگە یەكبگرێتەوەو بكرێتە هێزێكی تەواو سەربەرخۆ و دەستی حزب تێدا دوربخرێتەوە. ماوەی چەند ساڵێكە لە هەوڵی ئەوەدان و تا ئێستا توانراوە چەند لیوایەك یەكبخەوەو ئەمەش بەرەوپێشچونێكی باشە بۆ هەرێم و نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەمەریكا و هاوپەیمانانیش پێی دڵخۆشن.

نەتەوەیەكگرتوەكان و ئەمەریكا و هاوپەیمانیان بەمەوە ناوەستن كە تەنها تەركیز بخەنە سەر هێزی پێشمەرگە بەڵكو كاتی ئەوە هاتووە پەل بهاویژن بۆ یەكگرتنەوەی هێزە ئەمنی و موخابەراتیەكانیش، سەرەتای ئەم هەنگاوەیش خەریكە ووردە ووردە دەستپێئەكات و روداوەكانی پێمان ئەڵێن كە هەردوو دەزگای (زانیاری ) و (پاراستن) ئەبێت ئەو هەنگاوە دەستپێیكەن و تەواوی ئەندام و ئەفسەر و كارمەندەكانیان لە ئەپارتمانێكی گەورەدا كە بارەگاكەی هەولێری پایتەخت بێت كۆبكەنەوەو بەناوی (ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان) كار و چالاكیەكانیان بە ئاگاداری ئەمەریكا و هاوپەیمانان دەستپێبكەن كە ئەمەش پەیوەندیەكی تەواوی  بە هەژمونی ئێرانەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان و ئەیانەوێت لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە ئاگاداری تەواوی جموجۆڵەكانی ئێران بن و كۆنترۆڵی تەواوی ئەوە بكەن كە چیتر نەتوانرێت هەرێمی كوردستان یارمەتیدەرێكی باشی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی بێت .

چونی سەرۆكی دەزگای زانیاری و چەند ئەفسەر و كارمەندێكی ئەو دەزگایە بۆ هەولێر و دەوامكردنی فەرمیان لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان  ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنێت كە بێشك هەموو ئەم روداوانە بە بێ ئاگاداری ئەمەریكا و هاوپەیمانان مەحاڵە روبدات و بێدەنگی و لاوازی هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەرامبەر هەموو ئەم روداوانە ئەوە پشتڕاست ئەكاتەوە كە ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە پشتی هەموو روداوەكانن و ناتوانن لەبەرامبەر هەنگاوەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانیان هیچ هەڵوێستێكی جدیان هەبێت.

بۆیە گرنگە لە ئێستادا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەوە تێبگات كە مانەوەی دەزگای زانیاری لە مەترسیدایەو ئەبێت بزانێت كە چونی سەرۆكی دەزگای زانیاری و چەند ئەفسەرێكی پلە بالای بۆ هەولێر و  و كاركردنیان لەژێر ناوی دەزگای زانیاری بڕیارێكی تەواوی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە و هیچ پەیوەندیەكی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیە.


24/06/2022



وتارەکانی تری نوسەر