نیشتمانێک تاپۆی حیزب و بەرپرسان

رەووف محەمەد ئالانی
خەونی ڕزگاری و ئازادی بۆ مرۆڤ ئاواتێکی گرنگ ولەپێشینەیە، بۆ مرۆڤی کورد ئەوخەونە گەورەترە چونکە بەربەست و ڕێگریەکان بۆ گەیشتن بەوئامانجە لەهەموو سەردەمەکاندا زۆر بوون، گەلی کوردیش سەنگەری خەبات وتێکۆشانی چۆڵنەکردووە وبەرگری لە مانەوەی خۆی کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش قوربانی زۆری داوە.
لەمێژووی خەباتی نەتەوایەتی وڕزگاری نیشتمانی گەلی کوردستاندا، هەمیشە ئەم گەلە چاوی لە ترۆپکی ئاسۆی ئازادی بووەوبۆ ئەوئامانجەش هەزاران قوربانی بەخشیوە، بەمەبەستی گەیشتن بە ڕۆژی ڕوناکی سەربەستی وئازادی، جارجارە کە خۆری ئازادی لەسەر خاکی کوردستان خۆی پەخشکردبێت، بەجوانترین شێواز لەلایەن خەڵکی تامەزرۆی ئازادی کوردەوە پێشوازی لێکراوە، نزیکترین نمونەش ڕاپەڕینەکەی بەهاری ١٩٩١ بوو، تا هێزی پێشمەرگە دابەزین خەڵک کوردستانی لە دەسەڵاتی ستەمکاری بەعسی شۆڤینی پاککردەوە، ئیتر ڕاپەڕین وکۆڕەووجارێکیترڕاپەڕین، تا ڕژێم ناچارکرا هەموو دامودەزگافەرمیەکانی گواستەوە بۆژێردەسەڵاتی قەڵەمڕەوی خۆی بەمەبەستی ناچارکردنی خەڵک بۆئەوەی بچنەوە ژێرڕکێفی بەعس، بەهۆی گیانی کوردپەروەرانەوهەستی بەرزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، ئەوخەونەی دوژمن نرایە گۆڕ.
لێرەدا وتەیەکی (بنیامین فرانکلین) دێتەوە بیرم کە دەڵێت: (لە کوێ ئازادی هەبێت،  نیشتمان هەیە)کەواتە خەڵك لەپێناوی ئازادی لەنیشتماندا قوربانی داوە.
هێزە بەناوشۆڕشگێڕەکان بۆبەردەوام بوون و مانەوەیان لەسەرداگیرکاری وقۆڕخکاری، وشەی (جارێ حکومەتەکەمان ساوایە)یان بەکاردەهێنا، تا بووە نوکتەیەکی سەمەرەی سەرزاری هەمووخەڵک، ویستوئامانجی شۆڕشگێڕە دەسەڵاتدارەکان خۆی لەخواستی تایبەت وخۆدەوڵەمەندکردن بینیەوە، حیزبەکان سەرەتاڕێگەیان بۆخۆیان دۆزیەوە تا دەوڵەمەندببن، هەرچی ئامێروماکائین وبۆری وئاسن وتەلی کارەبا وزۆریتریان ئاودیوی سنوورەکان کرد تا گەیشتە شۆفڵ و پردەکان شتی تر، ئەوە سەرەتای تاڵانی ووێرانکردنی کوردستان دەستی پێکرد، ئینجا کەوتنە تەخشان ودابەشکردنی زەوی بۆخۆیان وکەسوکاریان، لەم چوارچێوەیەدا سەدان زەویان لەسەرخۆیان تاپۆکرد، دەستکاری جۆری زەوی وزاریان کرد، وەک زەوی کشتوکاڵی وبەردەڵان ولەوەڕگەوپاوانگە، هەموویان کردە باخ وڤێلا بۆ خۆیان، سەرباری ئەوکارەدزێوانەی لەناو شارەکان کردیان، دەبوایە لەهەمووشتێکدا پشکی ئەوان پارێزراوبێت، وەک دووکان وچێشتخانەوکافێ وئوتێل وبەنزینخانەوخەتی پاس و هەمووشتێک کە بچێتە بواری پارەوبازرگانیەوە.
هەندێ بازرگانی قەبە هەن ئەوانیان بۆخۆیان قۆرخکردلەوانە(بازرگانی دەرمان، بازرگانی جگەرە، بازرگانی خواردنەوەکحولیەکان ...) هتد
لەدوای ئەوانە هاتنە سەربازرگانی بەسووتەمەنی ودەرهێنانی نەوت وغاز بێگومان کەس بۆی نیە باسی ئەوانە بکات، ئەمانە خەریکی ئەوبازرگانی وخۆدەوڵەمەندکردنە بوون، لەولاشەوە مامۆستایان وفەرمانبەران کەلوپەلی ماڵەکانیان فرۆشت تا گەیشتە دەرهێنانی دەرگاوپەنجەرەی ماڵەکانیان، ئەوانیش زۆر بەچاوقایمی خۆیان هاتن وشەڕی خۆبەخۆیان هەڵگیرساند ونزیکی بیست هەزارکەس لەڕۆڵەی خەڵکیان دابەکوشت، دوای ئەوەش وتیان خەتای خەڵک بووە.
لەدوای ئەم هەموو کارەساتە نەیانتوانی دەسەڵاتێکی باش وجوان وڕەشید دابمەزرێنن، لە دووئیدارەوە بەناو کردیانەوە بە یەک حکومەت، بەڵام هەر خراپتربو، ئەمجارە موچەی خەڵکیان بڕی وپاشەکەوتیان داهێنا.
خەڵکێک ئەم هەمووقوربانیەی دابێت، پێویستە بەرهەمەکەی بچنێتەوە، ئەگەر بەباشی ودادوەرانە مامەڵە بکرایە، هەر وەک(وینستن چەرچڵ، دەوڵەتمەدار و سیاسەتمەدار و سەرۆک وەزیران (١٨٧٤-١٩٦٥)وتوێتی: (نیشتمان درەختێکی باشە و تەنها لە خاکی قوربانیدا دەڕوێت و بە ئارەقە و خوێن ئاو دەدرێت) لەمەوە دەردەکەوێت ئەمانە نیشتمانێکی باشیان نەویستوە، بەڵکو ئەوەیان ویستووە کە خۆیان مەبەستان بووە.
دوای سی ودووساڵ لە حوکمڕانی خۆماڵی کوردی، پێویستە هەمووتاکێکی وشیار ئەوپرسیارە لەخۆی بکات وبڵێ: کامەبووبەرهەمی خوێن وخەبات و قوربانی وڕاپەڕین؟
ئێستا خەڵکی کوردستان هەژارونەدارن وئەوانیش خاوەنی هەموو شتێکن، جگە لە خەمی نیشتمان وبەهای بەرز وخزمەتکردن، وتەکی (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) گونجاوە کەدەڵی:(سامان ودەوڵەمەندی لەغوربەت و تاراوگەشدا بێت نیشتمانی خۆیەتی، بەڵام هەژاری ونەداری لەماڵەکەی خۆشتدا نامۆبوونە).
ئەوەی بۆ ئێستا بەرچاوودیارە، لەم هەرێمەدا دەیان وسەدان کۆمپانیای بەناو وەبەرهێنان، خەریکی وێرانکردنی زەوی وخاکی نیشتمانن بەمەبەستی دروستکردنی خانووشووقە وڤێلا، بەڵام ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمە خەڵکە هەژەرەکەیە، بە بڕێکی زۆرئەیفرۆشنەوە بەخەڵک، زەویەکەش بەکەمترین نرخ ئەیاندرێتێ.
حکومەت بۆچی ئەوکارە بە کەسانیتر ئەسپێرێ؟ دیارە چونکە زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە هی دەسەڵاتدارانن و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی خۆیان، ئەم حیزبانە کارێکیان نەکرد خەڵک لە پێویستیدا لەپێناوی نیشتمادا خۆی بکاتە قوربانی، کۆتایی ئەم وتارەم بە وتەیەکی (تۆماس کارلایل) دێنم کەدەڵێت:(خۆشە مرۆڤ لە پێناو نیشتمانەکەیدا بمرێت، بەڵام لەوە جوانترئەوەیە لە پێناو نیشتمانەکەیدا بژی).

14/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر