ئەوەی لە پەلامارەكانی ئێراندا سەیرو سەمەرە بوو!

د. سەعید عەلی محمد

بێ گومان ئێمە بەدرێژایی مێژووی ئەو شەڕو ڕووبەڕووبونەوانەی لەنێوان وڵاتان جیهاندا ڕوویان داوە نەمان بیستووە و نەمان بینیوە دووژمنەكان هەندێكیان هەندێكی تریان پێشوەختە پێش پەلامارو هێرشەكان یەكترلە سنوری هێرشەکان ئاگاداربكەنەوە و، هەموو زانیاریەكان لەبارەی چۆنیەتی و شوێن و كات و ئامانجە دیاری كراوەكان بە یەكتر بدەن، لەپێناو ئەوەی پێش ئەنجامدانی پەلامارو هێرشەكان شوێنەكان چۆڵ بكرێن و لایەنی پەلاماردراو ئامادەیی وەربگرێ و خۆی بپارێزێ، هەروەك ئەوەی ئێستە لەنێوان ئێران و ئەمریكادا، ئێران وقەوارەی جولەکەدا دەبینرێ و بەئاشكراش هەموو لایەك هەستی پێدەكات! كە ئەمەش پێشترو ماوەیەك بەر لەئێستا، (ترامپ) سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بە ئاشكرا دانی پێدانا و بە كورتی و بە پوختی و بەڕوونی ووتی: بەرپرسانی ئێران (گوایە لە تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانیدا) پێش ئەنجامدانی پەلامارە ڕواڵەتییەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و كوردستان بەرپرسانی ئەمریكاو ناوەندە سەربازییە باڵاكانی ئەو وڵاتەیان لە كات و شوێن و جۆری پەلامارەكان ئاگاداركردووەتەوە و، ئەو چەند موشەكەش كە ئاڕاستەیان كراوە تەنها بۆ دامركاندنەوەی ڕق و توڕەیی ڕای گشتی و ناوخۆ بووە و هیچی تر! دوا بەدوای (ترامپ)ی كۆماریەكان ئەوەتا ئێستاش لە سەردەمی ئەمریكای (بایدن) و دیموكراتەكاندا دەبینین (بایدن) و گەورە بەرپرسە سیاسی و سەربازییەكانی ووڵاتەكەی ماوەیەک لەمەوبەر ئەوەیان دووبارە و تەئكید کردەوە كە ئەوان پەلاماری بنكە و بارەگا سەربازییەكانی ئێران و میلیشیاكان لە عێراق و سوریا و ناوچەكە دەدەن، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ لەپێناو ئەوەی ئەو بنكە و بارەگاو ناوچانە چۆڵ بكرێن و لایەنی بەرانبەر ئامادەكاری پێویست بۆ هێرش و پەلامارە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمریكا بكات!
لەڕۆژانی ڕابردووشدا دوابەدوای بۆردومان کردنی باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا وکوژرانی چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران  ، بەرپرسانی باڵای سیاسیی و سەربازیی ئەو وڵاتە هەرەشەی تۆڵە سەندنەوەیان لە قەوارەی زایۆنی کرد!سەیرو سەمەرە ئەوەیە چەند ڕۆژێکە بەردەوام  هەرەشەکانی تاران بە پەلاماردانی جولەکەدوبارەدەبنەوەو، تەلئەبیب و واشنتۆنیش زۆر بەئارامیەوە ئامادەیی وەرگرتنی تەواوی خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەدووپات ئەکەنەوە!

بەدرێژایی مێژوو لە زەمەنی ئادەمەوە تا ئەمڕۆ نەمانبیستووە و نەمان خوێندوەتەوە دوو دەوڵەت یان دوو لایەنی دووژمنی ڕاستەقینە پێش ئەوەی پەلاماری یەكتریان دابێ یەكتریان ئاگاداركردبێتەوە! 

بەهەرحاڵ لەبیرمان نەچێ لە كۆی سەدەها پەلاماری ئێران بۆ سەر بنكە و بارەگا ئەمریكیەكان لە چەند مانگی ڕابردوودا تەنانەت یەك سەربازی ئەمریكیش نەكوژراوە! 

لە  پەلامارەكانی چەند هەفتەی ڕابردووی ئەمریکا بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئێران لە عێراق و ناوچەکەئەوەی جێ ی پرسیار بوو كاتێك (85) بنكەی سەربازیی و هەواڵگریی جۆراوجۆر بە فڕۆكەی (B-1B) كە پێشكەوتووترین فڕۆكەی سەربازی ئەمریكایە و لەڕێی (125) موشەكی ئاڕاستە ووردەوە بە ئامانج گیران(وه ك میدیاكان باسیانکرد) قوربانیەكان تەنها (16) كوژراو بوون ئەوانیش پیدەچێت هاوڵاتی مەدەنی بووبن؟!! 

ئەمەی كە دەیڵێم سەیروسەمەرەی  پەلامارەكانی ئەمریکابوو!

لەسەیروسەمەرەکانی هێرش و بۆردومانەکانی ڕۆژی ڕابردووی ئێرانیش بۆسەر قەوارەی جولەکە کەماوەی پێنج کاتژمێریان خایاندئەوەبوو: بەرپرسانی جولەکە ڕایانگەیاند کە لە سەدا نەووەدو نۆی ئەو فرۆکە بێ فرۆکەوان وموشەکانەی ئێرانیان تێکشکاندووەکە ئاراستەی قەوارەکەیان کراوە!

با چاوەڕێ بین بزانین موفاجەئەكانوسەیروسەمەرەکانی مانگەکانی داهاتوو چی دەبن. 

لە كۆتاییدا مافی خۆمانە پرسیار بكەین: ئایا ساڵی 1991 كاتێك ئەمریكا پەلاماری سوپای عێراقیدا، هەروەها ساڵی 2003 كاتێك صدام ڕووخێنراو سوپاكەی تەفروتونا كرا دەوڵەت و دەسەڵاتی ئەو كاتەی عێراق پێشوەختە لە سروشت و جۆری هێرش و پەلامارو ئامانجەكان ئاگاداركرانەوە؟! 

ئایا ساڵی 2002 كاتێك ئەمریكا پەلاماری ئەفغانستانی داو حكومەتی تاڵیبانی ڕووخاند پێشتر گەورە بەرپرسانی تاڵیبانی ئاگاداركردەوە؟! 
ئایا ڕووسیا كاتێك هێرشی سەرتاسەری كردەسەر ئۆكرانیاو جەنگی دژی ئەو ووڵاتە بەرپاكرد حكومەت و سەرۆكی ئۆكرانیای لە ووردەكاری هێرش و پەلامارەكان ئاگاداركردەوە؟! با دوور نەڕۆین چەند مانگێك بەر لە ئێستا كاتێك ڕژێمی جولەكە پەلاماری غەززە و بزووتنەوەی حەماسیدا، لەڕێ ی وڵاتانی دەوروبەرو دەزگا هەواڵگریەكانەوە سەركردەكانی حەماسی لە ووردەكاری پەلامارەكان و هێرشەكان ئاگاداركردەوە تا ئەو هەموو قەتڵ و عام و كارەسات و تراژیدیا گەورەیە ڕوونەدات كە تا ئێستاش بەردەوامە؟! 


14/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر