لەبیرتان نەچێ..هەڵبژاردن هەم (سیاسەتە) هەم (دیانەتە)

د. سەعید عەلی محمد

ڕۆژی 20/10/2024 ڕۆژێكی گرنگ و تایبەتە لەمێژووی گەلی كوردستان، ئەم ڕۆژە ڕۆژێكە هەمووان بە هەموو ڕاوبۆچوون و ئاڕاستە و ڕەنگە جیاوازو چین و توێژەكانەوە هیواو ئاواتێكی گەورەیان لەسەر هەڵچنیوە و چاوەڕێی ئەوە دەكەن ئەم پرۆسەیە نەفەسێكی نوێ و خوێنێكی تازە و بەرگێكی جوان بەبەر دەسەڵاتی سیاسیی لە كوردستاندا بكاتەوە! هەمووان چاوەڕێی ئەوە دەكەن ئەو ڕۆژە ببێتە سەرەتایەك بۆ  دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لەژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای كوردستانی كە لەسایەیدا هەمووان هەست بە ئارامیی و كامەرانیی و شكۆ و ژیانێكی سەربەرزانە و دادپەروەرانە بكەن، هەروەها ئەو پڕۆسەیە ببێتە كۆتا وێستگەی ناخۆشیەكان و نەهامەتییەكان و تاڵاوییەكان و چارەسەركردنی سەرجەم كێشە و گرفت و  قەیرانە جۆراوجۆرەكان! 

هەڵبژاردن ڕێگاو ئامڕازێكی نوێی هاوچەرخە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتە جیاجیاكان، چ دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی بێت یان دەسەڵاتی پەرلەمانیی یان هەر جۆرە فەرمانڕەوایەتیی و دەسەڵاتێكی تر كە بەم پڕۆسەیە یەكلابكرێتەوە. 

دەنگدان و هەڵبژاردن بەس تەنها پڕۆسەیەكی سیاسیی نیە بۆ چاككردنی باری ژیان، بەڵكو ئەم پڕۆسەیە هەروەك چۆن ڕەهەندێكی سیاسیی هەیە ڕەهەندێكی ئایینی و ڕۆحیشی هەیە، واتە: هەڵبژاردن هەم سیاسەتە هەم دیانەتە... چۆن؟! 

دەڵێین: هەڵبژاردن (دیانەتە) واتە : مرۆڤ مومارەسەی ئەم پڕۆسەیە دەكات بۆ چاككردنی دنیا و بۆ چاككردنی ئاخیرەتیش، هەڵبژاردن (سیاسەتە) واتە: گرنگ سەركەوتنی مرۆڤە لە دنیادا ئەگەرچی ئاخیرەتیشی لەدەست بدات! 

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە دەنگدەر دەڕوات بۆ سندوقەكانی دەنگدان بە مەبەستی ئەداكردن و بەجێگەیاندنی ئەركێكی شەرعیی و ئایینی سەرشانی خۆی و ئەگەر پشت گوێی بخات گوناهبار دەبێ. 

قورئان دەفەرموێ: (ئەوانەی شایەتی دەدەن كاتێك داواكران بۆ شایەتیدان دەبێ بڕۆن و ڕێگریی نەكەن)، یان دەفەرموێ: (هەركەسێك شایەتیدان ئاشكرا نەكات و بیشارێتەوە و  خۆی بدزێتەوە گوناهبار دەبێ). 

زانایانی شەریعەت و پسپۆڕانی سیاسەتیش هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی (هەڵبژاردن) شایەتیدانە، بۆیە مرۆڤی باوەڕدار قەت جیاوازی ناكات لەنێوان ئەو ئایەتەی كە دەفەرموێ: (واقیموا الصلاە: نوێژ بەجێ بگەیەنن)، لەگەڵ ئەو ئایەتەی كە دەفەرموێ: (واقیموا الشهادە لله: شایەتی بدەن بۆ خوا)، چونكە ڕێگەپێدراو نییە دەقە قورئانیی و ئاینییەكان جیاكارییان تێدابكرێ و، هەندێكیان جێبەجێ و پیادە بكرێن، هەندێكی تریشیان بخرێنە ئەو لاوە و كاریان پێ نەكرێت! 

دەڵێین: هەڵبژاردن (سیاسەتە) چونكە لە هەموو دەستوورەكانی وڵاتانی جیهاندا دەنگدان وەك (ماف) تەماشا كراوە نەك وەك (ئەرك)، ڕاستە هەندێك لە وڵاتان سزایەكی كەم و ڕەمزیی بەسەر ئەوانەدا دەسەپێنن كە بەشداری دەنگدان ناكەن، ئەمەش تەنها لەپێناو هاندانی خەڵك بۆ بەشداری كردن لە پڕۆسەكەدا، بەڵام خۆ ئەگەر بایكۆتی دەنگدانیش بكات ناخ و ویژدانی ئازاری نادات و بێتاقەت نابێ! 
هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە پاڵ بە تاكەكانەوە دەنێ شیاوترین و شایستەترین و دڵسۆزترین كەس هەڵبژێرن و دەستنیشان بكەن ، بێ گوێدانە هیچ پێوەرو پێودانگێكی تری حیزبیی یان عەشایەریی یان تیرەیی یان خزمایەتیی و نزیكایەتیی، یان حەزو ئارەزووی كەسیی و تایبەتی، هەروەها دوور لە كاریگەریی پێشوەختەی هەڵمەتە میدیاییەكان! ئەو كەسە دڵی پاك و یەكلا دەكاتەوە و پەروەردگار دەكات بە شایەت بەسەر خۆیەوە كە ئەو پاڵێوراوەی شایستە و دەست پاك و ڕاستگۆ و ئەمین و دڵسۆز نەبێ هەڵی نەبژێرێ بۆ وڵات و نیشتمان و خزمەتی گەلەكەی، چونكە ئاینی ئیسلام داوا دەكات لە پڕۆسەی دەستنیشانكردنی كەسانی بەرپرسدا پێوەری (دادپەروەریی و خواویستیی) لەبەرچاو بگیرێ، ئەگەرچی لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوەرەش بە زەرەری خۆت و خێزانەكەت و نزیكەكانیشت بشكێتەوە! 

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە پاڵێوراوەكان لەسەر بنەمای كەفائەت و لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و شایستە بوونیان بۆ ئەو پلە و پۆست و پێگەیەی بۆیان دیاری كراوە هەڵدەبژێردرێن، تەنانەت ڕێگا نادرێت كەمترین مەیل و ئارەزوو بەلای هەڵبژاردنی ئەو كەسانەدا بكرێ كە لاوازو ناشایستەن، قورئان دەفەرموێ: (شوێن ئارەزووەكانتان مەكەون نەوەك دادپەروەر نەبن لە دەستنیشان كردندا). 

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە پاڵت پێوەدەنێ بەراورد بكەیت لەنێوان چاكەكان و خراپەكانداو، خۆت لەو عارە پاك بكەیتەوە كەسێك دەستنیشان بكەیت حاشیە و ماستاوچیەكی خراپ و قێزەوون بووە، یان نوێنەرو دەم ڕاست و دەستەڕاستی ستەمكارێك بووە كە بە ئاگرو ئاسن و كوشت و بڕو چاوسووركردنەوە و خۆسەپاندن فەرمانڕەوایەتی كردووە، یان لە دزیی و تاڵانی و بەهەدەردانی سامانی گشتیدا تێوە گلاوە! چونكە قورئان دەفەرموێ: (ئەم جۆرە كەسانە ستەمكارن مەیلیان مەدەنێ و لێیان نزیك مەبنەوە). 

یەكێك لە زانا ساڵحەكان پرسیاریان لێكرد: من جلوبەرگ و پۆشاك بۆ ستەمكاران دەدوورم، ئایا منیش بە هاوكارو یارمەتیدەری ستەمكاران دادەنرێم ؟ لە وەڵامدا ووتی: نەك تەنها هاوكاری ستەمكارانی، بەڵكو تۆ خۆت زاڵم و ستەمكاری! 

هەڵبژاردن (دیانەتە) چونكە كاتێك كە تۆ دەچیتە ناو کابینەو پشت پەردەكەوە و تاك دەبیتەوە لەو ساتەدا ڕادەچڵەكێی، خێرا ئەوەت بیردەكەوێتەوە كە تۆ فریشتەكان دەوریان داویت و چاودێریت دەكەن و، وێنەیەكی تایبەتیت دەگرن و هەڵیدەگرن بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە، بۆیە تۆ ئیتر لێرەوە دەترسی لەوەی قەڵەمەكەت بەكاربهێنی بۆ شتێك كە دڵخۆش نابیت ئەگەر لە ڕۆژی دواییدا خستیانەوە بەرچاوت! 
لە كۆتاییدا دەڵێم: نابێ لای ئێمە هەڵبژاردن تەنها (سیاسەت)بێ، بەڵكو دەبێ یەكەمجار (دیانەت) بێ ئینجا (سیاسەت)بێ، بۆ ئەوەی نەك تەنها ئەم دنیا چاك بكەین، بەڵكو هەردوو دنیا مسۆگەر بكەین. 

یەكێك لە بیرمەندە گەورەكان دەڵێ: (شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە ئەوەیە شۆڕش دەكات بۆ ئەوەی گەندەڵی نەهێڵێ، دواتر ئارام دەبێتەوە بۆ ئەوەی سەربەرزیی و شكۆ و كامەرانیی بنیات بنێ). 


28/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر