مەسرور بارزانی گوێی گرانە..!

شوان محه‌مه‌د

دوو رۆژە مەسرور بارزانی لە دهۆک و زاخۆ سەرقاڵی کردنەوەی پرۆژەی ئابورییە، ئەمە کارێکی باشە، بەڵام لەدووری چەند کیلۆمەترێک لە باکوری شوێنی سەرۆکی حکومەتەوە دەنگی فڕۆکە و تۆپباران دێت و خاکی ئەو هەرێمە وێران دەکرێت کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەکەیەتی، بەڵام لە تێکڕای وتارەکانیدا بە پەرەگرافێک، رستەیەک، وتەیەکیش باسی ئەو بۆردومانەی بەدوور نزیک نەکرد کە بۆتە هۆی شەهیدکردن خەڵکی سڤیڵ و ئاوارەبوونی سەدان گوند، تا کاردەگاتە وێرانکردنی ژینگەی ناوچەکەو سووتانی تەڕ و وشک پێکەوە.

 

 سەرۆکی حکومەت ئێمە تێدەگەین هەرێم ناتوانێت شەڕی تورکیا بکات، بەڵام با لە وتارەکانت لەو ناوچەیە بەلایەنی کەمەوە، داوات لە تورکیای دراوسێ و " دۆستتان " بکردایە خەڵکە مەدەنیەکە نەکاتە ئامانج و نەبێتە مایەی ترس و دڵە ڕواکێ و چۆڵکردنی گوندەکانیان..یان ئاماژەیەکت بۆ ئەوە بکردایە کە تورکیا دەتوانێت سنورەکەی بەبێ هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستان بپارێزێت.. دەزانیت یەکەم زەرەرمەندی ئەو هێرشە حیزبەکەی ئێوەو پێگە جەماوەریەکەیەتی.. پێم ناڵێت چ ناوچەیەکی پارێزگای دهۆکتان بەدەستەوە ماوە، ناوچەیەکی فراوانی گوند و چیاو دەشتەکان بەدەست تورکیا و پەکەکەوەیە، تەنها ناوەندی ناحیەو قەزاو سەنتەری دهۆکتان بەدەستەوە ماوە، هەر لەبەر بەرژەوەندی حیزبەکەشتان بێت قسەیەک بکە..

من دەزانم ئێوە بەپلەی یەکەم و یەکێتی بە پلەی دووەم گوێتان گرانە بەرامبەر تورکیا، گوێی گرانی ئێوەش رەگووڕیشەی قوڵی هەیە.. هەموو کەسێک لە کوردستان دەتوانێت تەفسیر بۆ ئەو گوێ گرانییەی ئێوە بکات.. !!!


22/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر