کێشەی نەخۆشخانەی کۆرۆنای رزگاری هەولێر پرسێکی بۆ ئاشکراکردین..!!

شوان محه‌مه‌د

ئەو کێشەیەی لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر هەیە کە نەخۆشخانەیەکی تایبەتە بەکۆرۆناو ژمارەیەکی بەرچاو لە تووشبوو رۆژی پێنج شەممە گیانیان لەدەستدا، پرسێکی گرنگی بۆ ئاشکراکردین کە ئایا ئەو زانیاری قوربانیانەی وەزارەتی تەندروستی رۆژانە رایدەگەیەنێت راستە، یان گومانی لەسەرە؟.

وەزارەتی تەندروستی دوێنێ پێنج شەممە ٣٠ ی تەموز رایگەیاند ٦ کەس لە هەولێر بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەمڕۆش هەینی ٣١ی تەموز رایگەیاند کە ٥ کەس لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا هەندێک زانیاری نافەرمی و لەزاری خەڵکەوە باس دەکرێت کە ژمارەکان لەوە زیاترن کە وەزارەت رایگەیاندووە، لەو زانیاریانە لەبارەی ژمارەی گیان لەدەستدانی پێنج شەممەوە، قسە لەسەر زیاتر لە ١٨ حاڵەتی گیان لەدەستدان دەکرێت، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ژمارەیەک ئافرەت جگە لەوەی هێرشدەکەنە سەر بەرپرسان و دەڵێن" ئەمە دوبەیە کە بۆتان دروستکردووین نەخۆش لەبەر نەبوونی ئۆکسجین دەمرێت" یەکێکیان دەشڵێت" هەر لە قاوشەکەی ئێمە ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە".

لە هەموو حاڵەتێکدا ئەو ژمارەیە گومانی لەسەرە..!

ئەگەر وەزارەتی تەندروستی وەک رژێمە داخراوەکان ئاماری راستەقەینەی گیان لەدەستدانی کۆرۆنا بشارێتەوە خەوشێکی گەورەیە. چونکە ئەمە جگە لەوەی دەست پیسیە بەرامبەر زانیاریەکان و شاردنەوەی زانیاریە لەرای گشتی تا ئەو وێنەیە بدرێت کە وەزارەت و حکومەت سەرکەوتووە لە کارەکانیدا، هاوکات ناهەقی شەخسییە بەرامبەر قوربانییەکان و کەسوکاریان و هۆکاری گیان لەدەسستدانیان.

ئەمە جگە لەوەی باس دەکرێت کە دۆخی نەخۆشخانەی ئیماراتی لەرووی پێدوایستی و خزمەتکردنەوە " راقی " ترە لە نەخۆشخانەی رزگاری، هەربۆیە بەرپرسانی حکومی حیزبی کە تووشی کۆرۆنا بوون کەمتر لە نەخۆشخانەی رزگاری دەهێڵرێنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیماراتی، بەکوردی و کورتی رزگاری بۆ چینەکانی ژێرەوەیە، ئیماراتیش بۆ چینەکانی سەرەوە.. هیوادارم ئەم زانیاریانە راست نەبن، بەڵام دڵنیام ئەگەر لیژنەی لێکۆڵینەوەکە راستەقینە بێت و سەربەخۆبێت دەگەینە زۆر راستی کە رەنگە تا ئێستا شاراوە بن..!!


31/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر