سەرۆکی حکومەت سەروەری یاسا پێشێل دەکات

شوان محه‌مه‌د

لە کۆنگرە رۆژنامەگەرییەکەی ئەمڕۆ ١٠ ی شوباتی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسێکدا لەسەر دەستگیرکراوەکانی دهۆک لە چالاکوان و رۆژنامەنووسان، سەرۆکی حکومەت لە وەڵامەکەیدا سەروەری یاسای پێشێل کرد.

مەسرور بارزانی کاتێک سەروەری یاسای پێشێلکرد کە لە وەڵامەکەیدا ئەو دەستگیرکراوانەی کە تا ئێستا دادگا بڕیاری قەتعی نەداوە لەسەر دۆسیەکانیان، ئەم ناوەزدی کردن بە سیخوڕی وڵاتان و تێکدەر و هەوڵی تەقاندنەوەی شوێنانیان داوە.

  بەپێی دەستوری عێراق لە مادەی ١٩/ پێنجدا، هاتووە " المتهم بری‌و حتی تپبت ادانته فی محاكمە قانونیە عادلە"، واتە "تۆمەتبار بێ تاوانە تا تاوانەکەی لە دادگایکردنێکی یاسایی دادپەروەردا دەسەپێنریت"، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێتشتا هەموو ئەو تۆمەتبارانەی لە دهۆک و هەولێر دەستگیرکراون دادگا حوکمی قەتعی نەداوە بەسەریاندا و هێشتا کێشەکانیان لە دادگایەو لێکۆڵێنەوەی لێدەکرێت، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت پێش حوکمی دادگا دەکەوێت و لە قسەکانی ئەمڕۆیدا دەڵێت" ئەمانە رۆژنامەنووس و چالاکوان نەبوون، بەعزێکیان سیوخوڕبوون و سیخوڕیان بۆ وڵاتان کردووە، بەعزێکی تریان تێکدەربوون و چەکداربوون و هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی خەڵکی بیانی و کوشتن و بڕین و رفاندن و تێکدانیان داوە".

ئەم قسانەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە کاتێکدا دەکرێت کە هێشتا دۆسیەکانی ئەم تۆمەتبارانە یەکلایی نەکراونەتەوە. ئەم لێدوانەی سەرۆکی حکومەت راستەو راست لەلایەکەوە هیچ سەروەریەک بۆ دادگاو حکومی دادگا ناهێڵێتەوە، لەلایەکی تریشەوە وەک کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەم قسانەی کاریگەریان لەسەر رێ ڕۆشتنی چۆنێتی دادگایکردنەکە دەبێت.

دەمەوێت لێرەوە ئەوە بڵێم من لەو کەسانە نیم کە بە ڕۆحیەتی نەفیکردن و رەتکردنەوەی هەموو شتێک قسە بکەم و بنووسم.. من بم لە بری سەرۆکی حکومەت لەسەر ئەو قسانەی ئەمڕۆ کردی پۆزش بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان دەهێنمەوە کە دەستم لە کاروباری دادگاییکردنەکە وەرداوە، هیوادارم وا بکات.

نەک سبەی لەسەر ئەم قسانەش ئێمەش بە " سیخوڕ و تێکدەر ناوزەد بکات".


10/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر