د. سهردار عهزیز
لە میانەی پەرتبونی جیهان لە نێوان جەمسەرە جیاوازەکاندا جارێکی تر خەسڵەت و کاراکتەری مرۆڤ بوەتە مژار. لە داهاتودا شەڕ زۆر دەبێت، شەڕ پێویستی بە زۆر کاراکتەری تایبەت هەیە. ئەم ڕۆژانە بینەری دیدارێکی کێڤن رۆد بووم، سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئوسترالیا و شارەزەی تایبەتی وڵات و سیستەمی چین. کێڤن ئاماژەی بە دیدێکی چینیەکان دا کە جێگای سەرنج بوو، ئەو ووتی، چینیەکان توشی سەرسوڕمان بوون کە ئەوروپاییەکان وەها بە توندی وەڵامی ڕوسیا دەدەنەوە و پشتیوانی ئۆکرانیا دەکەن، چونکە چینییەکان وەهایان بیر دەکردەوە کە ئەوروپا نەرم و نیانە و توانای بەرگری لە خۆکردنی لە دەستداوە. ئایدەلۆژیا دژە ئەتلانتیکی زاڵی ڕوسیاش بە هەمانشێوەی لە ڕۆژئاوای دەڕوانی.
ئەم تێزی نەرم و نیانی و پیاوبون بە مانا تەقلیدییەکەی بەشێکە لە خیتابی ململانێی نێوان دیموکراسی و ڕژێمە دژە دیموکراسییەکان لە ئێستای دونیادا. هەر لەم ڕوانگەیەوەیە، دژایەتیەکی سەخت هەیە بۆ هۆمۆسێکچواڵ لە لایەن ڕژێمیە پیاویە تەقلیدییەکانەوە بەوەی هۆمۆبون ناسکۆڵە و نەرم و نیان و بێ توانات دەکات لە داکۆکی لە خۆت.
دیارە عەرەب لە مێژودا وەها بیریان لە فارس کردوەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ هێزەکانی حەشد وەها بیر دەکەنەوە کە کورد ناسکۆڵە و نەرم نیان بوە و توانای بەرگری لە خۆی لە دەست داوە. دیارە سیستەمی بە موچەخۆرکردنی کۆمەڵگای کوردستان لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە، یەکێکە لە هۆکارەکانی خەسیوی کۆمەڵگای کوردی. جارێکیان لە برۆکسل لە گەڵ چەند ئەندامێکی حیزبی شیوعی میسریدا دانیشتم، لە میانەی دیدارێکی تردا، ئەوان باسیان لە پارەی نەوتی کەنداویان دەکرد کە چۆن فەلەستینیەکانی خەساند و توانای بەرگرییان لە دەستداوە، بڕواشیان وەها بوو کە کوردستان وەهای لێهاتوە.
هەرچەندە شەڕ شێوازی گۆڕاوە و چیدی نەک پیاوی پیاو کوژ و سمێل قەوی دەتوانێت بچێتە شەڕ بەڵکو شەڕ تەکنەلۆجیا دەیکات زیاتر، بەڵام ئەوەی کۆمەڵگای کوردی هەلا هەلا کردوە ئەو هەموو بازرگانە سیاسییەن چ لە دەسەڵات و چ لە نادەسەڵات، کە سەریان کردوەتە سەر بونی مرۆڤی کورد دەیانەوێت هەر ڕۆژێک بە یەکێکی بفرۆشن. گەلێکیش بۆ ئەوەی بفرۆشرێت دەبێت بخەسێنرێت.