باج و گلەییەکانی

د. سه‌ردار عه‌زیز
باج لە هەڵکشاندایە لە کوردستان. بە پێی زانیارییەکانی حکومەت، لە ساڵی رابوردوودا زۆرترین باج وەرگیراوە، کە بڕی ٧٦٩ ملیار دینار بوە. وەرگرتنی باج و هەڵکشانی باج بوەتە مایەی گلەیی و گازندەی خەڵکانێک لە کوردستان لە ڕوانگەی جیاوازەوە. هەندێک گلەیی لە شێوازی وەرگرتن دەکەن، کە هەتا ئەم ماوەیەی پێشوە، بە جۆری مەزەندە بوو. هەندێک گلەیی لە بڕەکەی دەکەن، هەندێکی تریش لە تەرجەمە نەبومی ئەم باجە کۆکراوە بۆ خزمەتگوزاریی. خەڵک میکانیزمی جیاوازیان گرتوەتە بەر لەم پێناوەدا، گلەیی گازندە، بۆڵە، نەدان هەروەها هەندێک نەدان بە (هەوەس).

باج وەرگرتن یەکێکە لە هەرە سەرەکیترین کار و ئامرازەکانی حوکمڕانی. لەم نوسینەدا هەندێک پرسی دەوروژێنین لە پێناو سیستەمێکی باجی باشتر بۆ خەڵک و سیستەمی حوکمڕانی. لە کاتێکدا باج گرنگە بەڵام دیاردەیەکی هەستیار و ئالۆزە. باج خاوەن مێژو و ئەدەبیاتێکی گەورەیە. نەبونی هیچ ڕێنماییەکی حکومەت لەمبارەوە، دەرخەری هەژاری ئاگایی حوکمڕانییە لە کوردستان. باج تەنها بریتی نیە لە وەرگرتنی بڕێک پارە لە خەڵکی لە لایەن حکومەتەوە، بەڵام ئامراز و میکانیزمی حوکمداری باش و پەیوەندی نێوان خەڵک و حکومەت و هاتنەئارای دیموکراسی و دروستبونی هاوڵاتی و خەمخۆرییە. هەروەها میکانیزمێکی کارایە بۆ ڕێگرتن لە نادادپەروەریی و بەدەستهێنانی تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی.

سەرەتا با بە خێرایی باسێک لە قۆناغەکانی دەوڵەت بکەین. دەوڵەتناسان بە گشتی دەوڵەتی ڕۆژئاوایی دەکەن بە چوار قۆناغەوە: دەوڵەت جزیە  tribute state، پاشان دەوڵەتی دۆمەین یان ڕەها domain state، ئینجا دەوڵەتی باج و دوای ئەوەی دەوڵەتی فیسیکاڵ.

دەوڵەتی و باج و فیسیکاڵ پێکەوە پەیوەستن، بەوەی باج کۆکردنەوەیە و فیسیکاڵ خەرجکردنە. بەم پێیە چۆن دەوڵەت داهات کۆدەکاتەوە و چۆن خەرجی دەکات کرۆکی کاری حکومەت و حکومڕانییە. لێرەوەیە گرنگی بودجە دێتە ئاراوە وەک کاری سەرەکی حکومەت و هەروەها دەبێت پەرلەمان ڕەزامەندی لە سەر دەرببڕێت بۆ ئەوەی شەرعیەتی هەبێت. نەبونی بودجە و لاوازی پەرلەمان پرسیارێکی گەورە دەخاتە سەر سەرجەم پرۆسەی باج. دیارە لێرەدا باس لە پەرلەمان دەکەین وەک دەزگایەکی نۆمیناڵ، چونکە لە ئێستادا پەرلەمانتاران و پەرلەمانی کوردستان لە ئەو ئاستەدا نین هەتا بزانن ئەم پرسە چیە و چۆن دەبێت. 

جۆزیف شمپتەر کاری مەزنی لەم بوارەدا کردوە. بەڵام بیریارانی تری وەک Barrington Moore, Samuel Huntington, Douglass North and Barry Weingast, to Charles Tilly, Robert Bates, Michael Ross,  کاری زۆر گەورەیان لەمبارەوە کردوە. 

جۆری کۆکردنەوەی باج پەیوەیستە بە مۆدێلی ئایدەلۆجی دەوڵەتەوە. بە گشتی دوو جۆرە تێگەیشتن هەیە لەمبارەوە: یەکەم، ئەو سیستەمانەی کە باجی زۆر وەردەگرن و خزمەتگوزاری زۆر پێشکەش دەکەن، کە نمونەی باڵایان وڵاتانی ئەسکەندەنافیایە، کە زیاتر دیدی ئایدەلۆجی سۆشیال دیموکرات بە سەریاندا زاڵە. لە بەرامبەریدا سیستەمی لیبرال کە پێی وایە باج کەم وەربگیرێت، هەتا داهات لای تاک خۆی بمێنێتەوە و بەو داهاتە خۆی بۆ خۆی خزمەتگوزارییەکان دابین بکات. هەریەک لەم دوو سیستەمە لایەنی باش و خراپی خۆی هەیە.

دەکرێت لە هەناو هەر دەوڵەتێکدا زیاتر لە سیستەمێک هەبێت. بۆ نمونە لە بەریتانیا، پارتی کار، هەتا پێش بلێر زیاتر نزیک بوو لە سۆشیال دیموکراتەوە، لەو کاتانەی کە لە سەر حوکم بوو خەرجییەکانی بۆ بواری گشتی بوو وەک قوتابخانە، تەندروستی و ڕێگاو بان. بەڵام پارتی پارێزەران بە پێچەوانەوە. دیارە ئەم دیدە ڕەهەندی تری زۆرە وەک حکومەتی گەورە یان بچوک، تاک لە بەرامبەر کۆمەڵگا و زۆر بواری تر.

یەکەم قەیران توشمان دەبێت کاتێک باس لە باج دەکەین قەیرانی مەعریفەیە. هەموو ئەو دید و ئایدەلۆژیا و زانستانەی کە هەمانن دەربارەی ئەم پرسە لە ڕۆژئاواوە سەرچاوەی گرتوە. مۆدێلی ڕۆژئاوایی ئۆتۆماتیکیەن وەها لێکدەدرێتەوە کە گشتگیربێت و بۆ هەموان بشێت. بەڵام مێژوی دەوڵەتداری نوێ وەهامان پێناڵێت. یەکێک لەو دیدە زاڵانەی کە پەیوەستە بە باجەوە، پەیوەندی باج و نوێنەرایەتییە، کە ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی شۆرشی ئەمریکی. وەک دەڵێن لە ساڵی ١٧٥٠ قەشەی کڵێسای old west جۆناثان مەیهو ئەو دەربڕینە کاریگەرە دەردەبڕێت کە نابێی باج هەبێت بەبێ نوێنەرایەتی no taxation without representation
ئەم دەربڕینە  بوەتە بنەمای کۆمەڵێک تێزی کاریگەر؛ یەکەم، باج دەبێتە مایەی نوێنەرایەتی. کاتێک حکومەت باج لە خەڵکی وەردەگرێت، ئەوا ناچارە پیانپارێزێت و زەمینەی کاریان بۆ بڕەخسێنێت. لە هەمانکاتدا باجدەر لە ڕێگای باجەوە پەیوەست دەبێت بە حکومەتەوە و زیاتر خەمخۆر دەبێت و دەیەوێت بزانێت باجەکەی چی لێدێت، بەمجۆرە دەبێتە هاوڵاتییەکی چالاک و داوای شەفافیەت لە حکومەت دەکات. دووەم، وەک لە شۆرشی ئەمریکی دەیبینین، کاتێک باج هەیە و نوێنەرایەتی نیە، ئەوا دەبێتە مایەی ناڕەزایی و شۆرش. سێیەم، باج حکومەت ناچار دەکات کە کراوە و شەفاف و خزمەتگوزار بێت. بەڵام لە کاتێکدا ڕەنگە هەموو ئەمانە لە ڕوی مێژوییەوە لە ڕۆژئاوا وەهابن و لە ڕوی لۆجیکیەوە قبوڵکراو بن. بەڵام مەرج نیە لە جێگاکانی تری دەرەوەی ڕۆژئاوا وەهابن. 

یەکێک لەو ڕەخنانەی کە ئاراستەی ئەم تێزە دەکرێت گۆڕینی جۆری حوکمدارییە. چیدی نوێنەر یان پەرلەمان کۆکەرەوەی باج نیە، یان پەیوەندییەکی ئەوتۆ لە نێوان نوێنەر و سیستەمی باجدا بونی نیە. 

بەڵام ئەوەی ڕونە ئەگەر باج نەبێتە هۆکاری ئەوەی کە حکومەت خزمەتگوزار و شەفاف و دادپەروەر بێت ئەوا خەڵکی باج وەها دەبینن کە سەرانەیە یان لێسەندنێکی ناهەقە. دیارە لێرەدا جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان جۆری باجدەراندا. کاتێک تاکێک بە هۆی کار و داهاتەکانیەوە باج دەکرێت زۆر زۆر جیاوازە لە کۆمپانیایەک. بە گشتی کۆمپانیا نابێت وەک تاک بێت. کۆمپانیا سودمەندە لە دۆخی ئاسایشی، دۆخی کۆمەڵایەتی، دۆخی یاسایی، بونیاد و ژێرخانی وڵات، بۆیە ئەرکیەتی کە دەبێت بەشداربێت لە بەڕێوەچون. بەڵام ئەمە بۆ تاک جیاوازە. تاک هەمان بەرپرسیارێتی هەیە بەڵام بەڕێژەیەکی کەمتر. لە چەند دەیەی ڕابوردودا کار ئاسانی بۆ کۆمپانیا زۆر کراوە بۆ ئەوەی باج نەدات. هەتا دەرفەتی کار زیاتر بخولقێنێت و کارکەران باج بدەن. ئەم سیستەمە لە زۆر جێگا بەکار دێت بۆ ڕاکشانی کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام پڕ کێشەیە. دیارە ئەم سیستەمە بۆ کوردستان نابێت، چونکە زۆربەی کۆمپانیاکان سودمەندی سەرەکی سەرچاوەکانی کوردستانن، چ ژینگەبێت، کۆمەڵگابێت یان سروشت.

حکومەتی هەرێم دەڵێت باج بەکاردێت بۆ پێدانی موچە. دیارە باجی تاریفە و کۆمپانیا گونجاوە بۆ ئەم بوارە. بەڵام باج وەرگرتن لە خەڵکی ئاسایی و پیشەسازییە بچکۆلەکان  بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەر تاوانە. هەموو دەزانین کە فەرمانبەر بونەوەرێکی سیاسییە، نەک ئیداری یان خزمەتگوزاری، ئامانجە سیاسییەکەشیان زۆرجار هێندە بە بەرژەوەندی کۆمەڵگایە نیە. 

بۆ ئەوەی ئێمە لە کۆمەڵگایەکی کرێخۆرییەوە بگوێزینەوە بۆ سیستەمێکی حوکمداریی لە سەر بنەمای باج، دەبێت لە هەمانکاتدا بە چەند ئاستێک کار بکەین. پێش هەموو شتێک ڕەهەندی نۆرماتیڤی باج گرنگە. ئایا ئێمە لە سەر چ بنەمایەک ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەین؟ فەلسەفەی حوکمداری ئێمە چیە؟  دەبێت حکومەت بۆ خەڵکی ڕون بکاتەوە بۆچی باج وەردەگرێت؟ ئایا باج چۆن لە سودی هەموان دەبێت؟ چۆن جۆری حکومداری دەگۆڕێت؟ بێگومان سیستەمی باج سیستەمێکی بازنەیی سەقامگیرترە لە سیستەمی کرێخۆریی نەوت و غاز.

سیستەمی کرێخۆری لە بەر هەڵکشان و داکشانی خێرای، لە هەردوو ساتی زۆری پارە و کەمی پارەدا حکومەت ناعەقلانیانە یان سیاسییانە خەرج دەکات. لەم پێناوەدا دەبێت حکومەت کەنالی گفتوگۆی هەبێت. دەبێت ئەو پارەیەی کە کۆدەکرێتەوە وەک پارەی خەڵکی و ڕەنجی خەڵکی مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت. بۆیە دەبێت حکومەت وەها لە خۆی بنواڕێت کە ڕەنجی خەڵکی دەخوات. دەبێت فەرمانبەر، لە کەلتورە بەعسییەکە بێتە دەرەوە کە بۆ ئەنجامدانی کارێکی ئاسایی چەندین مانگ و یەک لافیتەی پڕ لە مۆر و واژۆی دەوێت. لە سەروی هەمویەوە دەبێت حکومەت شەفاف بێت. دەبێت خەڵکی باجدەر کاریگەری باجەکەیان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ببینن. ناکرێت خەڵکی باج بدەن و هەموو خزمەتگوزارییەکانیش سەر بە کەرتی تایبەت بێت. سێیەم، دەبێت باج سەرەتایەک بێت بۆ هاتنە ئارانی پانتایی گشتی.

04/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر