د. سهردار عهزیز
هەوڵی ئەندامبونی سوید بۆ ناتۆ، چەندین ڕەهەندی جیاوازی هەیە، بۆ ئێمەی کورد کە وەها دیارە یەکەم قوربانی ئەم هەنگاوەین، دەبێت بەساردیو بەبێ سۆز مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. سویدییەکان چەندین سەدەیە بێلایەنن، بەڵام وەها دیارە چیدی ناتوانن، بەبێ لایەنی بمێننەوە.
ئەمە یەکەم خەسڵەتی سەردەمی نوێی لەسیستەمی جیهانیدا، چیدی ئەستەمە وڵاتان بێلایەن بمێننەوە، گەڕانەوەی لایەنگیریی کاریگەری هەیە لەسەر چۆنێتی ڕێکخستنی دونیا، بۆ ئەوەی وڵاتێک ناچاربێت ئەندامی گروپێک یان دەزگایەکی باڵابێت ئەوا دەبێت مەرجو خەسڵەتەکانی گروپەکە یان دەزگاکە لەبەرچاو بگرێت.
سویدییەکان ئاسان بوو بۆیان گوێ لەتورکەکان نەگرن، چونکە خاوەن سەروهریی خۆیان بون، بەڵام لەمەودوا دۆخەکە بەوجۆرە نییە.
خەسڵەتێکی تری دونیای نوێ هاتنەوەی جیوپۆلەتیکو ئاسایشە، بەهاتنی ئەمانە دەستوبرد بەها نۆرمەتیڤەکانی وەک مافو ئازادیو جیاوازییەکان دەکەونە ژێر فشارەوە، گەلانی بێ دەوڵەت زیاتر پشت بەبەها نۆرمەتیڤەکان دەبەستن.
لەسەردەمی باڵایی لیبراڵیزمو جیهانگەریدا هەندێک بەهاو دەزگا شانیان لەشانی دەوڵەت دەدا، بەڵام جارێکی تر دەوڵەت دەگەڕێتەوە بۆ ناوەندو باڵایی وەردەگرێتەوە، چونکە ئەکتەری سەرەکی جیوپۆلەتیکو ئاسایش دەوڵەتە.