شۆڕشێک لەدایک نابێت

د. سه‌ردار عه‌زیز
خەونی ئەوەی گوایە شۆڕشێک بەڕێوەیە، لەهەر ئان‌و ساتێکدا دێت‌و هەموو گەندەڵەکانی عێراق ڕادەماڵێت، وەک فایەقی شێخ عەلی بەگوڕێکی نێرانەوە بانگەشەی بۆ دەکات، هیچ نییە جگە لەپەڕەیەکی تر لەساویلکەیی.

خەونی ئەوەی باشێک بەڕێوەیەو دێت هەموو خراپەکان ڕادەماڵێت‌و پاشان مەڕو گورک پێکەوە ئاو دەخۆن، دەرئەنجامی تێنەگەیشتنە لەمێژوی ناوچەکەو عێراق‌و خەڵکەکانی‌و سروشتی دەسەڵات‌و ئەو وەهمە ناکۆتایەی کە پێی دەڵێن شۆڕش. ستالین بوەوە بەقەیسەر، ماو بوەوە بەئیمپراتۆر، فایەقیش دەبێتەوە بەمالیکی.

نە کۆن بەئاسانی دەڕوات‌و نە نوێ بەبێ کێشە خۆی دەچەسپێنێت. کاتێک وەرچەرخان ڕودەدات، ئەوەی لەئەدەبیاتی فیکری سیاسیدا پێی دەڵێن وەرچەرخانی زێدەگرنگ، کریتیکال جەنکچەر، تەنها کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە دەزگا، دەزگای جۆری کراوە، ئامادەبێت بۆی.

کە ڕاپەڕین بوو، ئێمە خاوەن هیچ تێگەیشتن‌و دەزگایەک نەبوین. بۆیە سەرئەنجام کۆمەڵێک دەزگامان بەرهەمهێنا، کە نەفرەت لەزۆرینەمان دەکات. عێراقییەکان زۆر زۆر خراپترن لەسایەی باڵادەستی عەتەبەی حوسەینییە کە لەسایەی گەندەڵی پیرۆزدا خەریکە دەبێتە خاوەن زۆرترین کۆمپانیاو مەرجەع‌و بنەماڵەکان‌و گرێ دەرونییەکانی تایفیەت‌و نەبونی توانای حوکمداریی‌و بەئەویترکردنی غەیرە شیعەو زۆر گرێی تر.

بێگومان پشێوی بەڕێوەیە، بەڵام نەسیستەم بەشەوو ڕۆژێک لەدایک دەبێت‌و نە سەرکردەی ناو تویتەر دەتوانێت بزانێت چی دەگوزەرێت. هابرماز لەڕەخنەی لەزیلینسکی، کە ڕەخنەیەکی ناڕەوایە، وەهای دادەنێت کە شەیدای وێنەی خۆی بوە لەڕێگای میدیاوە. ئەم خودئەڤینییە سەری هەمومان دەخوات.

11/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر