هاتنەوەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە

د. سه‌ردار عه‌زیز
کۆبونەوەی ئەمڕۆی جەددە، زێدە گرنگە، سەرەتا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە بۆ ئەمریکا، لە کاتێکدا دەیویست پێگەی خۆی لە قاڵبێکی گونجاودا لە قاڵب بدات، جارێکی تر گەڕایەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت تەماشای ئەمریکا بکەین لە ناوەوە.

هەرگیز ئەمریکا لە ناوەوە یەک رەنگ و یەک دەنگ نەبووە، بایدن کەسێکە کە بە ئاسانی خۆی بۆ یەکلای ناکرێتەوە، نەک لە نێوان کۆماریی و دیموکراتەکان بەڵکو لە نێو باڵە جیاوازەکانی دیموکراتەکاندا، چاودێرانی ئەم بێتواناییە بۆ خۆ یەکلاییکردنەوە بە هۆکاری سەرەکی لاوازبونی پشگیریی دادەنێن لە ناوەوەی ئەمریکا.

لە نێو دیموکراتەکاندا دوو باڵ هەیە، باڵێکی تەقلیدی، کە لیبرالێکی شارنشینی کراوەیە، دۆستی سیستەم و بازارە، لە گەڵ باڵێکی توند کە دژ بە هەموو ئەو نەهامەتیانەیە کە سیستەمەکە بەرهەمی هێناوە، بایدن کاتێک لە بانگەشەی هەڵبژاردندا سعودییەکانی وەک نەفرەتلێکراو (پەرایا) ناوبرد، ئامانجی ئەوەبوو ئەم گروپە ڕازی بکات.

بە گشتی کۆمارییەکان، بە تایبەتی کۆمارییە تەقلیدییەکان دۆستی سعودیەن، بەڵام توێژێک لە ناو کۆمارییەکان یان دەنگدەرانی کۆمارییەکاندا هەیە کە سعودیە وەک دژە ئەمریکا دەناسێنێت، بە تایبەتی پاش ١١ی سیپتەمبەر، هەروەها لە سەروی ئەمانەوە خانەی بیرەکانی واشنتۆن بە زۆری سعودی دۆستن.

هاتنەوەی ئەمریکا ناچاربوونە لە ئەنجامی دۆخێکەوە، کە تیایدا هەڵاوسان، نرخی سوتەمەنی گەیشتوەتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەمە لە کاتێکدایە کە چەند مانگێکی تر هەڵبژاردنی نیوەیی کۆنگریس روودەدات و بایدن هەوڵدەدات کارێک بکات هەتا وەها دەرکەوێت کە هەوڵیداوە بڕی سوتەمەنی لە بازاڕدا زیاد بکات و نرخەکەی دابەزێنێت، لە سیستەمی وزەی جیهانیدا بە سعودیە دەوترێت بەرهەمهێنی سوینگ یان جۆلانێ و ئەوەش بەو مانایە بەپێی پێداویستی بازاڕ دەتوانێت بڕی بەرهەمهێنانی زیاد و کەم بکات.

کاتێک بایدن ویستی پشتیوانی ڕادیکاڵەکانی ناو دیموکراتەکان بە دەست بهێنێت ناچار بوو دژە بە سعودیە و بە تایبەتی محمد بن سەلمان بێت، هاتنی خێرای بن سەلمان رووداوێکی سیاسی گرنگە کە هەموو بە حەسرەتەوە دەیبینن، لە ناو سعودیە کەس گومانی لە بونی بە مەلیک نیە، بەڵام لە واشنتۆن هێشتا هەندێک بە هیوایە سەرکەوتوو نەبێت.

بەڵام سەردانەکەی بایدن هەنگاوێکە بۆ بە مەلیک بوونی ئەو، ناونانی جادەیەک بە ناوی خاشقچیەوە لە واشنتۆن زەمینەسازی بوو بۆ دەستبەرداربوون لە پرسە.

بەڵام سەرباری ئەم پرسە هەنوکەییانە، لە پشتەوە کۆمەڵێک پرسی تر هەیە، کە کاریگەری لە سەر ئێمە دەبێت لە ناوچەکە. ئەوەی ڕودەدات ڕەنگە بتوانین بە یەک دوو وشە کورت بکەینەوە. ئەمریکا دەیەوێت نیزامێکی نوێ بەرپا بکات. هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنی نیزامێکی نوێ، ڕەنگە بە سود بێت بگەڕێینەوە بۆ هێنری کیسنجەر.

وەک مارتن ئەیندیک لە دوا کتێبیدا باسی دەکات، هەوڵی سەرەکی کیسنجەر بونیادنانی نیزام بوو. ئەم نیزانە نوێیە چەند بنەمایەکی هەیە:

یەکەم، هەموو نیزامێک پێویستی بە دوژمنێکە، لە سەردەمی کیسنجەردا دوژمنەکە سۆڤیەت بوو، ئەمڕۆ ئێران ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و چین و ڕوسیا بە پلەی دوو دێن.

دووەم، بونی بەرژەوەندی هاوبەش، کاتێک ئەمریکا ویستی ڕۆڵی خۆی بگۆڕێت لە ناوچەکە، وڵاتانی کەنداو ناچاربوون بە دوای هێزێکدا بگەرێن هەتا وەک جێگرەوەی ئەمریکا بیانپارێزێت، ئیسرائیل تەنها وڵاتە کە بتوانێت ئەو کارە بکات، چین و رووسیا نە توانا و نە ئامادەییان هەیە، چونکە بە هەمان ئاست دۆستی ئێرانن.

سێیەم، بونیادنانی نیزام پێویستی بە پرۆسەیە، پرۆسەیەک ناوی ئاساییکردنەوەیە، ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیلدا. دیداری جەددە هەنگاوێکی گەورەیە لە میانەی پرۆسەی ئاساییکردنەوەدا.

چوارهەم، پاش ئەم هەنگاوانە، دروستکردنی نیزام.

وەک لە سەردانەکەی بایدن بۆ ئیسرائیل بینیمان، پاش گەیشتنی یەکێک لە کارەکانی بە سەرکردنەوەی نیزامی ڕەدعی ڕۆکێتی بوو.

عێراق وڵاتێکە لە ناوەندایە. ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە هەوڵدەدەن کە بە لای وڵاتانی کەنداودا ڕایبکێشن، ئێران دەیەوێت ڕێگریی لەمە بکات. لە ئەنجامی ئەمەدا عێراق دەبێتە گۆڕەپانی بەریەککەوتن، ئەمەش هێندەی تر نوخبەی سیاسی پەرت دەکات. وەک لە نوسینەکەی کازمیدا، لە گۆڤاری فۆرن پۆلەسی دەردەکەوێت، خەمی هەرە سەرەکی نوخبەی عێراقی، پاراستنی کورسییە شەخسییەکانیانە، لە نێو ئەم کێبڕکێیەدا.

لە کۆتاییدا کۆمەڵێک پرسیار جێگای تێڕامانە:

یەکەم، ئایا ئەمریکا، بە تایبەت ئیدارەی بایدن، ئەم پرسە بەکاردەهێنێت بۆ فشاری زیاتر لە سەر ئێران بۆ ئەوەی بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان ڕازی بێت، یان جۆرێکە لە دابڕان؟

دووەم، تورکیا دەیەوێت لە هەردوو دیوی جۆگەکە بخوات، ئایا چۆن کاریگەری دەبێت لە سەر کورد و هەروەها هەرێم؟

سێیەم، ئایا دابڕانی یان دابڕاندنی ئێران، جۆن کاریگەری لە سەر عێراق و هەرێم دەبێت؟ ماوەی پێشوو بینیمان چۆن ئێران دەتوانێت لە ڕێگا ئامرازەکانیەوە بە ئامانجەکانی بگات؟

چوارهەم، ئایا وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن پشت لە چین بکەن؟

15/07/2022



وتارەکانی تری نوسەر