من چەکدارم هەیە کەواتە من هەم!

د. سه‌ردار عه‌زیز

پاش ڕاپەڕین قۆناغی زێڕینی کرانەوەی ئێمەبوو بە سەر دونیادا. لەو قۆناغەدا دەربڕینی من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم، یەکێک بوو لە دەربڕینە زاڵەکان، بەبێ بوونی کارێکی فیکری قوڵ دەربارەی. زاڵی و بڵاوی وتەزاکە ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە زیاتر وەک دروشمێک دەچێت، لەوەی کە دەربڕینێکی فەلسەفی بێت دەربارەی میتۆدێکی بیرکردنەوە یان پیادەکردنی فەلسەفە. لێرەدا مەبەستم  قسەکردن نیە لە سەر کۆجیوتۆ، بەڵام بەکاربردنی ئەو کڵێشەیە لە هەناو دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئێمەدا.

 لە کۆمەڵگای ئێمەدا، هەبون، بونی قورسایی و گرنگی هێندە پێویستی بە هێزە، بە هەموو جۆرەکانی، هێندە پێویستی بە بیرکردنەوەنیە. ئەمەمان لە نمایشە سەربازییەکەی پارتی سۆشیال دیموکراتدا بە زەقی بینی. ئەوەی کاکە حەمە پێشانی داین ئەوەبوو کە بڵێت، ئەمانە چەکدار و تەقەمەنی و سەرچاوەکانی هێزی منن کەواتە منیش هەم. دیارە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین ڤێرژنی تری ئەم دیاردەیە ببینین. هەوڵ و نمایشەکانی شاسوار عبدوالواحید بۆ پێشاندانی ئەوەی کە ئەو جەماوەری هەیە، دیسانەوە سەرتاپا کردەی خۆپێشاندان دەگۆڕێت بۆ پرسی نمایشی جەماوەری کەسێک.

 دیاردەی چەکداری تایبەت زۆر زۆر لایەنی هەیە، من لەم نوسینەدا تەنها لە ڕوانگەی سەربازییەوە لێی دەڕوانم. لە سەروبەندی نمایشە چەکدارییەکەی کاکە حەمەدا، من سەرقاڵی کارێک بووم بۆ هەردوو ناوەندی ئینستیتیوتی جەنگی مۆدێرن و کۆلێژی سەربازی ئەمریکی، بە تایبەتی ناوەندی پەیوەندی سەربازی و مەدەنی، کە لە لایەن هاوڕێیەکی بەڕێزەوە لێی بە ئاگا کرامەوە. ئەم دوو ناوەندە داوای بیرۆکەیان دەکرد بۆ کۆمەڵێک بابەتی ستراتیژی کورت دەربارەی پەیوەندی مەدەنی و سەربازی لە ئێستادا. لای ئەوان سیاسەت و جەنگ لەیەک دانەبڕاون. سیاسەت لێرەدا یانی بواری مەدەنی، چونکە سەرباز کەسایەتیەکی سیاسی نیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ. هەمیشە بەرپرسە حکومییەکان بە تایبەتی لە سیستەمی دیموکراسیدا بایەخێکی زۆر دەدەن بە هەڵبژاردنی کاتی جەنگ. ئەمەش وەها دەکات زۆربەی کات دەبێت بگەڕێتەوە بۆ فاکتەری ناوخۆ لە بڕیاری جەنگدا. بۆ نمونە، بۆچی نانسی پەلۆسی لەم کاتەدا چوو بۆ تایوان، چونکە دیموکراتەکان دەیانەوێت وەها خۆیان دەرخەن کە توندن بەرامبەر چین، بە تایبەتی لە پێش هەڵبژاردنی نیوەیی، کە چەند مانگێکی کەمی تر ئەنجام دەدرێت، چونکە رەنگە بە سودیان بشکێتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا

ئەم دوو ناوەندە پێیانوایە زۆر گرنگە بزانین کە پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و حکومەت چیە لە بڕیاری سەربازیدا. ئەوان دەیانپرسی ئایا سەرباز کاریگەری کەم یان زۆری هەیە لە سەر بڕیاری جەنگ؟ ئایا پەیوەندییەکی دروستی نێوان کەرتی مەدەنی و سەربازی چۆن دروست دەبێت؟

 ئەوەی من بڕیارمدا کاری لە سەر بکەم، چەمکی گاپ gap بوو. گاپ بە مانای بونی دابڕانێک یان ناوەندێک لە نێوان مەدەنی و سەربازیدا. بونی ئەم دابرانە گرنگە بۆ ئەوەی ئەم دوو کایە گرنگە لە یەک جودا بن، هەتا بتوانن پلەبەندی حوکمرانی بەرهەم بهێنن. بە زمانێکی تر نابێت مەدەنی و سەربازی تێکەڵبن، یان لەیەک جودا نەبن. مەدەنی لێرەدا مەبەست لێی هەم نوخبەی سیاسیە و هەم کۆمەڵگا. بۆ نمونە سوپا دەبێت ڕەنگدانەوەی کەلتوری کۆمەڵگا بێت، بەڵام نابێت دەزگایەکی کۆمەڵایەتی بێت. ئەم گاپە دەبێت لە چوار ئاستدابێت: کەلتور، دیموگرافی، بژاردەی پۆلەسی و دەزگایی.

کارەکەی من لە سەر بواری ڕیفۆرمی پێشمەرگە بوو. لە پرسی ڕیفۆرمی پێشمەرگەدا ئەم چەمکی گاپە یان ناوەندە وونە. پێشمەرگە زۆر نزیکە لە نوخبەی سیاسی و هەتا بێت زیاتر و زیاتر لە کۆمەڵگا دوور دەکەوێتەوە، هەروەها لە ئاستی کەلتوریی و دەزگایی و بڕیاردانیشدا کێشەی هەیە. بەڵام لە سەروی هەمویەوە، بە ئەزمون و کار و چاودێرییەکانم هەست ناکەم، هیچ ئاگاییەک هەبێت بەرامبەر پێویستبونی هەبونی وەها دابڕانێک لە نێوان ئەم ناوەندانەدا. [دەبێت ئەوە لێرەدا ڕون بێت کە بونی گاپ مانای نەبونی پەیوەندیی نیە]، ڕونە ئەگەر ئاگایی نەبێت ئەوا ناتوانرێت ئەوەی دەخوازرێت بونیادبنرێت. ئەوەی من پێشنیارم کردبوو، لە سەر بنەمای ئەوەی کە هەتابێت پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا و پێشمەرگە، زیاتر و زیاتر رەخنەییانە دەبینرێت، ئەوا دابرانی هێزی چەکدار لە نوخبەی سیاسی گرنگە و هەروەها نزیک کردنەوە لە کۆمەڵگاوە، بەبێ کردنی بە هێزێکی کۆمەڵایەتی.

لە راستیدا چاوەڕێی هیچ وەڵامێک نەبووم، چونکە لە داواکارییەکەدا دێڕێک هەبوو کە دەیگوت، ناتوانین وەڵامی هەموو ئەوانە بدەینەوە کە بیرۆکەمان بۆ دەنێرن. بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوپێش هەردوو ڕێکخەری پرۆژەکە ئیمەیڵێکیان بۆ کردم کە لە ئێستادا لەم قۆناغەدا ناتوانن بابەتەکەم وەربگرن چونکە زیاتر فۆکەسیان لە سەر ناوەوەی ئەمریکایە. بەڵام لە پاش ئەمە دەتوانن پێشنیارەکەم قبوڵ بکەن، کاتێک لە ئاستی نێودەوڵەتی لە پرسەکە دەڕوانن.

گۆڕینی پێشمەرگە بۆ سەرباز، بونیادنانی سوپا، دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان نوخبەی سیاسی و کۆمەڵگا و سوپادا کۆمەڵە هەنگاوێکی زانستی و مێژویی و کەلتوریی و هونەریین. پێویستیان بە ئەوەیە کە لە پێناو بونیادنانیاندا دەزگا و ناوەند و توێژەری تایبەت هەبێت هەتا لە ئاستی ئاگایی و عەقڵی و ئیداری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرجەستە ببن. سەرباز بونەوەرێکی زێدە ئاڵۆزە، چەندین مێژوی جیاوازی هەیە.

لە دە ساڵی ڕابوردودا کە لەم بوارەدا سەرقاڵم هەمیشە ئەو وەسفە ووردەی میشێل فۆکۆم لە بەرچاودایە کە باس لە دروستکردنی سەرباز دەکات لە سەدەی حەڤدەیەم لە ئەوروپا. فۆکۆ لە کتێبی دیسیپلین و سزا: لە دایکبونی بەندیخانە، بەشێکی هەیە بە ناوی خۆشەککردنی جەستە، تیایدا  دەنوسێت:

سەرباز ئەو کەسەیە کە لە دورەوە دەناسرێتەوە. کۆمەڵێک ئاماژەی لە خۆیدا هەڵگرتوە. ئاماژەی سروشتی بۆ بەتوانایی و بوێریی، بە خۆدانازین، لە گەڵ کۆمەڵێک خەسڵەتی تردا. لە سەدەی حەڤدەدا بۆ ئەم خەسڵەتانە دەگۆڕێن لە خەڵکیدا هەتا بیکەن بە سەرباز.بەڵام لە سەدەی هەژدەدا، وەک فۆکۆ ئاماژەی پێدەدات بە وەرچەرخانی تێگەیشتن، وەها لە سەرباز دەڕوانرێت کە کەسێکە دەتوانرێت بونیادبنرێت، وەک چۆن هەرشتێک دەتوانرێت بونیادبنرێت لە قوڕ. دیارە ئامانجی فۆکۆ لە کارەکەی قسەکردن نیە لە سەر سەرباز، بەڵکو زیاتر قسەکردنە لە سەر پەیوەندی دەسەڵات و جەستە، بونیادنانی دەسەڵات لە سەر بنەمای جەستە، خۆشەکردنی جەستە بۆ دەسەڵات. فۆکۆ ڕستەیەک دەنوسێت کە هەمیشە کە دێتە سەر ئەم بوارە یەکسەر بە بیرمدا دێت، ئەویش، گۆڕینی جوتیارێکە بۆ سەرباز. جوتیار و سەرباز دوو کەسی خاوەن دوو جۆر جەستە و ڕایەڵەی دەسەڵاتی جیاواز جیاوازن. جوتیار، بە پێچەوانەی سەربازەوە، خاوەن جەستەیەکی ماندوی ڕانەهێنراوە.

لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاواییەکاندا کورد وەک شەڕکەر و سوارچاک و کێوی ناسراوە. ڕەنگە ئەم دیدە بڕێکی زۆری ئۆریەنتالیست بێت، بەڵام دوورنیە لە ڕاستیەوە. بەڵام شەڕکەر چیدی بونەوەرێکی کاریگەرنیە. ئەمڕۆ ئەم چەمکە بەکاردەبرێت بۆ پیاهەڵدانی کورد. کاتێک گازپرۆم دەیەوێت سەرنجی کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێت کتێبێک بڵاودەکاتە بە ناونیشانی: کوردەکان: سوارچاکانی ڕۆژهەڵات The Kurds: The Knights of the East

ئەوەی جێگای سەرنجە لە کوردستان ئەدەبیاتی سەربازی بە هیج شێوەیەک جێگای بایەخ نیە، تەنانەت لە کۆلێژەکانی سیاسەت و کۆمەڵناس و ڕشتە پەیوەستەکاندا بە هیچ شێوەیەک ناخوێندرێت. ئەمە لە کاتێکدا گەورەترین کێشەی حوکمداری لە کوردستان کێشەی سوپایە و هەرکەسێک یان لایەنێک بیەوێت حوکمدارییەکی جیاواز بکات دەبێت پێش هەموو شتێک بتوانێت سوپایەکی جیاواز وێنابکات هەتا بتوانێت بونیادی بنێت.


18/08/2022



وتارەکانی تری نوسەر