حکومداریمان دەوێت!

د. سه‌ردار عه‌زیز


لە باشوری کوردستان لە بیست ساڵی ڕابوردودا وەرچەرخانێکی گەورەی هەمەلایەنە رویداوە، کە دۆخێکی وەهایان بەرهەمهێناوە، خەڵک داوای حوکمداریی بکات.  لێرەدا دەمەوێت چەمکی حوکمداریی لە بەرامبەر governance دا بەکاربهێنم. حوکمداریی هەموو کار و ئەرکەکانی حوکمەت لە خۆی دەگرێت. ئەمە تەنها پرۆسەیەکی کۆکردنەوە یان فرەیی نیە، بەڵکو دیدێکی نوێیە بۆ پێکەوەگردان و هەماهەنگیی و بەڕێوەبردن و بەکاربردن.

حوکمداریی تا ڕادەیەک نوێیە لە هەشتاکانەوە زیاتر برەوی هەیە. لێکۆڵەرێکی وەک مارک بیڤیر لە زانکۆی بێرکلی کەسێکی دیارە لەم بوارەدا. 

ئارگومێنتی من بەم جۆرەیە. کورد لە ناوچەکە لە مێژوی چەند هەزار ساڵەیدا خەڵکانێک بوون لە دەرەوە یان پەراوێزی حکومەتەکاندا بوون. بە گشتی یان حوکم نەکراون یان نەیانویستوە حوکم بکرێن. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابوردودا کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە واقیعی کۆمەڵگادا رویداوە کە خەڵک داوا دەکات حوکم بکرێن یان لە هەناو پرۆسەیەکی حوکمدارییدابن. لەمبارەوە ئێمە هەم تێگەیشتنمان بۆ واقیعمان لاوازە و هەم لە ئاستی تیورەیدا. 

کورد لە مێژویدا بە هۆی سەختی و شاخاویی بونی ناوچەکەی، نەبونی شاری گەورە، نیشتەجێبون لە پەراوێزی ئیمپراتۆریەتەکاندا، هەمیشە لە بڕی حوکمداری لە پرۆسەی حوکمنەداریدا ژیاوە. دەکرێت لێرەدا سود لە بیرمەندی گەورەی ئەنارکیست جەیمس سکۆت وەربگرین کە باس لە دەوڵەت و دژە دەوڵەت دەکات و هەروەها کۆمەڵگاکانی دەرەوەی دەوڵەت وەها دەبینیت کە بەرگرییان تیادایە بۆ ئەوەی حوکم نەکرێن. ئەو ئەمە ناو دەنێت هونەری ئەوەی چۆن حوکم نەکرێیت.

James C. Scott.The Art of Not Being Governed

 دیارە سکۆت کاریگەری نیە لە سەر دونیای ئێمە. ئەوەی کە ڕەنگە لە بازنەیەکی تەسکدا کاریگەری هەیێت فۆکۆیە. فۆکۆ وەها ناساندراوە کە دژە یان رەخنەگری حوکمدارییە. بەڵام لە ڕاستیدا وەهانیە. کرۆکی فەلسەفەی فۆکۆ دەکرێت لە ئەوەدا کورت بکرێتەوە کە چۆن حوکم نەکرێیت وەک ئەوەی ئەوانیتر دەیانەوێت. (فۆکۆ دەسەڵات یەکسان دەکات بە حوکمداریی، یان پیادەکردن) دیارە حوکمداری، یانی پرۆسەیەکی بەڕێوەبردن لە دەرەوەی کەسەکان  و ئاراستەکردنیان. ئەمە مۆدێلی زۆر زۆر جیاوازی هەیە. 

کۆمەڵگای کوردی لە باشور بە شێوەیەکی زۆرینە بوە بە شاری یان نیشتەجێی شار بوە. ئەم پرۆسەیە هەتا بێت بە خێرایی پەرە دەسێنێت. ئەو هەموو هەڵایەی لە سەر زەوی و دەست بە سەراگرتنی و فرۆشتنی و پارە پەیداکردنی خێرا، نیشانەی ئەوەیە کە شارەکان، بە تایبەتی شارە گەورەکان لە ماوەی کەمی داهاتودا زۆر بە خێرایی گەورەتر دەبن. لە سەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین ئێمە چیدی ئەو خەڵکانە نین کە لە لادێ بچکۆلە دابراوە دوورە دەستەکانی ناو هەرد و چیا و یاڵەکاندا دەژیاین. لە ڕاستیدا گەورەترین هۆکاری مانەوەی کورد وەک کورد، ئەو گوندێتی و شاخاوییەبوو، ئەمە چیدی وەها نابێت. [بۆ نمونە؛ کاتێک برسێتی ڕوی کردە ئایرلەندا بەهۆکاری نەخۆشکەوتنی پەتاتە، ئایرلەندییەکان ناچاربون بێن بۆ شار یان کۆچ بکەن، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەمە ئەوەبوو کە زمانی ئایرلەندی لەناوچوو]. بەڵکو بە خێراییەکی زۆر لە پانتاییەکی بچوکی شاردا کۆدەبینەوە. گەورەبونی خێرای شار خۆی چەمکێکی ناو زانستی شارناسییە. گەورەبونی خێرا وەها دەبینرێت کە نەرێنییە و دۆخێکی تایبەت و ئاڵۆز دروست دەکات. 

لە ڕاستیدا دەکرێت شار یان بەشاربوون بە شێوەیەکی تریش ببینین، شاریی تەنها ئەو کەسە نیە کە لە شار نیشتەجێیە، بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەخوازێت شاریانە بژی، لە هەرکوێ بێت. ئەم وەرچەرخانە ئاگاییە، گەرچی ڕەنگە بەبێ ئاگایی بێت، لە زۆرێک لە دانیشتواندا رویداوە.
لێرەوە بنەمای دیدەکەم زیاتر ڕون دەبێتەوە. کەسێک کە نیشتەجێی شارە یان کەسێک کە دەیەوێت شاریی بژی، کەسێکە کە داوا دەکات حوکم بکرێت یان ببێتە بەشێک لە پرۆسەی حوکمداریی. ئایا ئەم کەسەی کە شاریی بوەو دەیەوێت حوکمبکرێت خاوەن چ دونیابینی و ترس و خەم و دڵەڕاوکێی و حەز و چێژێکە؟ زانینی هەموو ئەمانە گرنگن بۆ حوکمداری ئەم کەسە. ئێمە لە بەر ئەوەی خاوەن هیچ ناوەندێکی مەعریفی ڕاستەقینە نین، هەرچەندە زانکۆ و ژمارەی دوکتۆرا، کێبڕکێی ژمارەی شوقەکان دەکات لە خێرایی و زۆریدا، بەڵام بێ سود و بێ بەرهەمن. 

بەم پێیە یەکەم خاڵی لاوازی حوکمداری ئێمە نەبونی مەعریفەیە دەربارەی حوکمداریی و هەروەها نەبونی توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەیە بۆ حوکمداریی، لە سەروی هەمویەوە نەبونی ئاگایی و هەروەها نەبونی تواناشە بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە. 

بۆ نمونە بە خێرایی: بۆ ئەوەی حوکم بکەیت، دەبێت تێڕوانینیکت هەبێت بەرامبەر بەوەی کە ئایا خەڵک چۆن خۆیان لە دونیادا دەبینن. ئایا خۆیان وەها دەبینن بەشێکن لە کۆمەڵگا و یەکەیەکی گەورەتر؟ ئەوا چۆن پرۆسەی پێکەوەگرێیدانی تاک و ئەم یەکە گەورەیە مەیسەر بکەین؟ تیورە کلاسیکەکانی حوکمداری پێویستبونی یەکەیەکی گشتگیری بە هێند وەردەگرن. من هێشتا لە سەر ئەو دیدەم کە کۆمەڵگای ئێمە دەبێت بواری گشتی تیایدا بەرهەم بێت، لە هەردوو ئاستی عەقڵی و کرداریی. بەبێی بونی گشت، مەحاڵە حوکمداری بەڕێوەبچێت. بوارەکانی وەک وزە، هەوا، ڕێگاوبان، پانتایی، سەوزایی، ژینگە بە گشتی، ئاو، تەندروستی، ئاسایش، بگرە هەموو بوارەکان بەبێ بونی گشت یان پەبلیک ناتوانرێت بە تەنها بەڕێوە بچێت. بەرهەمهێنانی گشت پرۆسەیەکی ئاڵۆزە لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا. بونی گەندەڵییەکی زۆر مانای ئەوەیە خەڵک دەیەوێت گشت بۆ خۆی بەرێت. گەندەڵی یانی نەهێشتنی گشت. 

هەرکە بۆخۆی یان وەک لە فۆلکلۆری کوردیدا دەڵێن: ئۆخەی، ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی، دەکرێت وەها ببینرێت کە نزیکە لە تیورەی بژاردەی عەقڵیەوە. تیورەی بژاردەی عەقڵی یان ڕاشناڵ چۆیس، لە سەر ئەو بنەمایە بونیادنراوە کە هەموو کەس خەم و هەڵپەیەتی بۆ خۆی. عەقڵانیەتیش یانی چۆن دەستکەوتەکانی خۆت زیاتر دەکەیت. ئەم تیورەیە یان ئەم دیدە، لایەنی باش و خراپی هەیە. ئەگەر هەموو کەسێک هەوڵبدات بۆ ئەوەی دۆخی خۆی باش بکات، ئەوا ئەرکی حوکمداری ئەوەیە کە چۆن ئەم ململانێیە لە چوارچێوەی یاسادابێت و لە زیان گەیاندن بە دووری بخات. لایەنی خراپی ئەوەیە کاتێک کە یاسا و حوکمداری لە ئارادانیە، ئەوا ئەوانەی دەتوانن خۆیان دروست بکەن، وەک دەربڕینە کوردەیەکە دەڵێت، براوە دەبن و ئەوانی تریش کە ڕێگەیان نادرێت یان دەرفەرتیان نیە، یان بەو جۆرە دونیا نابینن، سەرنەکوتوو و پەراوێز و توڕە دەبن. ئەرکی حوکمداریی ئەوەیە کە چۆن ڕێگریی لە ئەم دۆخە بکات.

تیورەیەکی تر، کە زۆر لە لایەن خەڵکی دەرەکییەوە بۆ کوردستان بەکاردەهێنرێت تیورەی نیولیبرالە یان بازاڕ. لەم جۆرە حوکمدارییەکدا حکومەت خزمەتگوزارییەکانی وەک کاڵا پێشکەش بە کڕیاران یان خەڵکی دەکات، بەم پێیە پەیوەندییەکی فەراهەمکەر و بەرخۆر دروست دەبێت. سودی ئەم جۆرە حوکمدارییە ئەوەیە ڕەنگە کواڵتی خزمەتگوزاری باش بکات، بەڵام زیانی زۆرە، بە تایبەتی بۆ کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای کوردی لە باشور کە لە سەرەتای حوکمدارییدایە. بازاڕ بونیادنەر و لە خۆگرنیە.

مرۆڤی شاریی مرۆڤێکی هەمیشە ترساوە. مرۆڤێکە، بە پێچەوانەی گوندییەوە، بۆ دابینکردنی بچوکترین پێداویستەییەکانی   ناتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت. هەبونی خواستێکی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی ژیانێکی جەنجاڵ، ئەم مرۆڤە وەها لێدەکات کە هەمیشە ناسەقامگیربێت. لە هەمانکاتدا مرۆڤی شاری لە دۆخە نەگۆڕەکەی گوندەوە دەگۆرێت بۆ ژیار لە دۆخێکی شلدا، کە جگە لە ناسەقامگیری خەون و تەماحی زۆری بۆ دروست دەکات. شاریی جۆرێکە لە شۆڕشگێڕ، ئەگەر مارکسیانە بیبینن، چونکە دەیەوێت بەردەوام گۆڕانکاری بکات.   ئەوەی ڕونە، کە خواست بۆ حوکمرانی هەتابێت زیاتر دەبێت و ئەگەر ئاگایی نەبێت بەرامبەری لە داهاتودا ڕەنگە مەحاڵ بێت. ئەگەر ئاسانە گوندێک پشت گوێ بخرێت، ئەوا ئێجگار ترسناکە شارێک پشتگوێ بخرێت. شار لانکەی بەریەککەوتن و ئایدیا و جوڵەیە، کۆمارێکی دابراوی نەگۆرنیە، وەک گوند. 

ئەمە پرۆژەیەکە لە هەوڵی ئەوەدام کاری زیاتری لە سەر بکەم. بەڵام وەک پوختەیەک دەکرێت بڵێین، جۆرێک لە پەیوندی لێکنەگەیشتن یان خراپ لەیەکگەیشتن یان نەبونی توانای لەیەک گەیشتن لە نێوان کۆمەڵگای گۆڕاوی کوردی و دەستبەژێری حوکمداریی کوردیدا بونی هەیە. نە خەڵک بە باشی دەزانن چۆن خواستەکانی خۆیان دەربڕن و لە پێناویدا خۆیان ڕێکبخەن و فشاربکەن لە پێناویدا، نە نوخبەی حوکمڕانی هەست دەکەن کە گۆڕانکارییەکی پارادایمی لە دونیای کوردیدا ڕویداوە.

08/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر