قەیرانی خێزان و ئازادی

د. سه‌ردار عه‌زیز

سەرەتا من کۆمەڵناس نیم و کار لە سەر بواری خێزان ناکەم. لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابوردوودا بە چڕی کارمان لە سەر بە خێزانی بوونی نوخبەی سیاسی کوردی و عێراقی کردوە لە گەڵ هاوڕێم د. بیلال وەهاب، بە هیواین لە داهاتویەکی نزیکدا بە زمانی ئینگلیزی بڵاوبێتەوە. پرسی خێزان لەوێدا پرسێکی جودایە، لە پرس و قەیرانی خێزان بە گشتی.
چەمکی قەیران بەو مانایە بەکاردەبەم کە ئێمە لە دۆخێکداین کە گەڕانەوەی بۆ دواوە ئەستەمە یان زۆر سەختە. بە داخەوە هیچ کارێکم نەدیو لە سەر ئەم بوارە کرابێت. لە کاتێکدا خێزان توشی قەیران دەبێت یان دەمرێت، قسەکردن لە سەری زیاتر و زیاتر ناعەقلانی دەبێت. من لە پانزە بیست ساڵی ڕابوردودا نەمدیوە کورد توانیبێتی ڕاشناڵانە لە سەر هیچ بوارێک بدوێت.
پێم باشە سەرەتا بە پرسێکی میتۆدۆلۆجی دەستپێبکەم. دونیای بیر و فەلسەفە بە گشتی دونیای ڕامانی بیرمەندان بوە لە کار و بەرهەمی یەکتر. ئەمەش دۆخێکی دروستکردوە یان کردبوو، کە بیر لە بیر دەدوا، نەک لە واقیع و ڕوداو. بەڵام ئەم دۆخە لە شۆرشی فەرەنسییەوە گۆڕانکاری بە سەرداهات. لە شۆرشی فەرەنسییەوە روداو دەبێتە بەشێکی سەرەکی کایەی فیکر و فەلسەفە. مەبەستم لە ئەمە ئەوەیە قسەکردن لە سەر خێزان و کێشەکانی بوارێک نیە کە ئێمە لە کایەی فیکر و فەلسەفەدا قسەی لە سەر بکەین، بەڵکو پرسێکی ئاڵۆزی ڕوداوییە، بەو مانایە لە ژیانی ڕۆژانە و لە ناو کایەی کۆمەڵگا و لە ژیانی تاکە کەسەکاندا ڕودەدات. چۆن لەم ڕوداو بدوێین، چۆن ڕوداو و تیورە پێکەوە گرێ بدەین بوارێکی نامۆیە بە دونیای بیرکردنەوەی ئێمە. گۆڤارێکی فەلسەفی تایبەت هەیە بەم بوارە بە ناوی تیورە و ڕوداو.
ئێستا لە دونیای ئێمەدا جەدەلێک هاتوەتە ئاراوە، کە جێندەر یان هەر چەمکێکی تر مەترسییە لە سەر خێزان. بەڵام لە واقیعدا ڕوداو و وەرچەرخانی زۆر ڕودەدات کە زۆر کاریگەرترە لە چەمکێکی وەک جێندەر یان هەر چەمکێکی تر. لە ڕاستیدا ئەگەر زانستیانە و بە بێ مەبەستی شێواندن لە جێندەر بنواڕین بریتیە لە قسەکردن لە سەر ڕەهەندە فیکریی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانی ژن و پیاو. ئەگەر نەیارانی جێندەر دەڵێن فیکری جێندەر نامۆیە بە دونیای ئێمە، کە ئەمە بۆ خۆی دەربڕینێکی پڕ کێشەیە. ئەوا کۆمەڵێک واقیعی زۆر هەیە کە کەس ناتوانێت نکوڵییان لێبکات.
لێرەدا شەڕی جێندەر بەم شێوەیەیە ئایا ئێمە باسی ئەم گۆڕانکارییانە دەکەین یان نا؟ دەکرێت باسی بکەین بەبێ ئەوەی ناوی جێندەر بهێنین، چونکە کەلتوری ئێمە کەلتورێکی دەنگییە. هەمیشە بیرمەندی کۆنە وەهابی سعودی عبد الله القصيمي م بیردەکەوێتەوە، کە چەندێک دەربڕین گرنگترە لە واقیع.
گومانی تیادا نیە خێزانی کوردی لە گۆڕانکاریدایە، هەندێکی نێگەتیف و هەندێکی پۆزەتیف، سروشتی نێگەتیف و پۆزەتیفەکان لای گروپەکان بەپێی دونیابینییەکانیان دەگۆڕێت. هاورێم کاک د. کەنعان لە کۆمێنتێکی فەیسبوکدا سەرەتای گۆڕانکاری خێزان دەگەڕێنێتەوە بۆ شەڕی عێراق و ئێران. بێگومان شەڕ یەکێکە لە هەر گەورەترین و ئاڵۆزترین روداوە کۆمەڵایەتی و ئاوبوریی و شەخسیی و دەرونییەکان. بۆ نمونە هاتنە دەرەوەی ئافرەت لە ئەوروپا هۆکاری هەرە سەرەکی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بوو. جەنگ نەک تەنها ڕاستەوخۆ لە کوشتن و هەڵهاتن و تەنیاخستن و هەتیوبون و هەژاری بەڵکو لە ئاستی تری ئابوریی و دەرونی و سیاسی گۆڕانکاری زۆر دروست دەکات. لە هەمانکاتدا روداوەکانی تری وەک هاتن بۆ شار، ژیان و ژیاری شاریی کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر بونیادی خێزان، چ لە ئاستی کۆمەڵایەتی یان جۆر و شێوازی نیشتەجێبون، پەیوەندیی، کەوتنە ژێرکاریگەریی بازار و زۆر بواری تر. شار خێزان بچوک دەکاتەوە، هەردوو هاوسەر ناچار بە کار دەکات. گۆڕانی سروشت و سەرچاوەی داهات وەها دەکات کە جۆری پەیوەندیش بگۆڕێت. ڕوداوەکانی تری وەک خوێندەواریی، تەکنەلۆجیا، کۆچ، گۆڕانی تام وم چێژ و ئارەزوو، کرانەوە بە روی دونیادا، هاتنی بیری جیاواز، هەموو کاریگەرییان هەیە لە سەر خەیاڵ و ئارەزوی تاکەکان. وەک پیار بۆردیو لە کتێبی جوداکردنەوە بۆمان ڕون دەکاتەوە، چێژ و ئارەزوو بونیادێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی هەیە، مرۆڤەکان بەکاردی دەبەن بۆ خو جوداکردنەوە.
ئێمە ڕۆژانە لە گلەییەکانی ناو میدیاکان زۆر شت دەربارەی دۆخی خێزان دەبیستین. دیاردەکانی وەک تەڵاق، جیابونەوە، ڕەبەنی، قەیرەیی، فرەژنیی، کەمی یان زۆری منداڵ. هەموو ئەمانە دەرخەری ڕوداوێکی گەورەترن کە گۆڕانکاریی ڕیشەییە لە خێزاندا. بچوکبونەوە یان هەڵوەشانەوەی خێزانی تەقلیدی یان گۆڕانکاریی لە بونیادی هەرەمی خێزاندا ترسێکی زۆری لای تاک و گروپەکان دروست کردوە. دەبێت دان بە ئەو ڕاستییەدا بنێین کە خێزان یەکێکە لە هەرە دەزگا تۆکمەکانی دونیای ئێمە، کە مرۆڤەکان لە دۆخی هابیتۆسدان تیایدا، هابیتۆس چەمکێکی تری بۆردیویە بەمانای ئاوێزانبونێکی وەها کە هەردوو لا یەک لە یەکتری تێکەڵ دەبن و لە میانەی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانیاندا یەکتر درێژە پێدەدەن. ئەمە پەیوەندی نێوان تاک و خێزانە، ئاوێزانبونێکی وەها کە یەک یەکتری لە خۆ دەگرن و بەردەوامی پێدەدەن. لێرەدا کاتێک ئەم دەزگایە لە قەیراندایە، ئایا چی ڕودەدات؟ چی ڕودەدات لە کوردستان نەک لە سوید؟ کاتێک خێزانێکی کورد لە سوید هەڵدەوەشێت دەوڵەت ئامادەیە بە هەموو جۆرێک بۆ بە هاناوە هاتن، بەڵام لە کوردستان ئەمەت نیە. جگە لە هەموو ئەو دۆخە سەختە دەرونیی و ئابورییە کە هەڵوەشانەوەی خێزان بە دوای خۆیدا دەهێنێت. زانستی جێندەر لێرەدا بە سودە، بۆ ئافرەتێکی بێوەژن بە کەم تەماشا دەکرێت و مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا؟ ئەو تێگەیشتنانە چین کە ئەم پەیوەندی و دید و ڕەفتارانە بەرهەم دەهێننن؟
لە بەرامبەر قەیرانی خێزاندا ترسێکی فرە چەشن دونیای ئێمەی تەنیوە. ترس لە هەڵوەشانەوە و پشێویی، ترس لە نەمانی باوەڕ و بەهاکان، ترس لە داروخانی کۆمەڵگا، ترس لە وونبونی تاکەکان.
خێزان وەها دەبینرێت کە کرۆکی پێکەوە گرێدانی کۆمەڵگایە، ئەگەر خێزان نەمێنێت ئەوا کۆمەڵگا هەڵدەوەشێتەوە. تیورەی پێکەوەگرێدان دەگەڕێتەوە بۆ دۆرکهایم کە ئەو چەمکی چیمەنتۆ بەکار دەبات. لای دۆرکهایم، ل ەکۆمەڵگای فەرەنسیدا ئاین ڕۆڵی چیمەنتۆی دەبینی، بەڵام بە سێکیولاربون چی جێگای دەگرێتەوە؟ کاتێک چیمەنتۆ نامێنێت، چی جێگەی دەگرێتەوە، ئەگەر ئێمە نەتوانین چیمەنتۆیەکی تر دروست بکەین، ئەوا هیچ. کەواتە دەرئەنجام پشێوییە. لێرەدا سود لە کتێبەکەی یون ئیلیستەر دەبینم بۆ پۆلێنکردن پشێویی. یەکەم شێواز یان خەسڵەتی زاڵی پشێویی نەمانی چاوەڕوانکراوە یان زاڵبونی چاوەڕوان نەکراوە. ئیلیستەر بۆ ڕونکردنەوەی ئەم جۆرە دێڕێک لە شانۆنامەی ماکبسی شکسپیر وەردەگرێت کە دەڵێت، ژیان هاوار و ترسە، چیرۆکێکە گەمژەیەک دەیگێڕێتەوە هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نیە. دووەم، جۆری هۆبزییانەیە، کە لە ئەنجامی پشێوییدا هاوکاریی نامێنێت و ترس باڵادەست دەبێت و ژیان کورت و سەخت و دڵرەق دەبێت.
لە کرۆکی هەموو ئەمەدا چەمکی ئازادیی خۆی پەنهان داوە. ئازادی لە یەکێک لە پێناسەکانیدا یانی گوێڕایەڵبون بە نۆرەمەکانی خود یان ئۆتۆنۆمۆس بوون. زۆر سەختە دوو مرۆڤی ئازاد بتوانن بۆ ماوەیەکی درێژ پێکەوەبن. بەڵام کاتێک دوو کەس یەکێکیان ئازادە و ئەویتریش کەمتر ئازاد، ئەوا پێکەوەبون ئاسانترە. بەڵام ئازادی تازە ناتوانرێت ڕێگەی لێبگیرێت. ئەمە وەها دەکات ئێمە بخاتە بەردەم دووڕیانی هەڵوەشانەوە یان گۆڕانکاریی؟ دەبێت ئاماژە بە ئەوە بدەم، ئازادی خواستێکی ئاگاییانەنیە لە دونیا ئێمەدا، بەڵکو دەرئەنجامە. زۆری ئەو کەس و لایەنانەی بانگەشەی بۆ دەکەن، مەبەستیان ئازادی نیە. کاتێک بە کەسێکت گووت ئەمە ئازادییە، کەواتە ئازادیی ئەو کەسە کۆتایی هات.
بە کورتی ئەمە دیاردەیەکی نوێ نیە. لە سەرەتای هاتنی مۆدێرنەوە بۆ ناو کایەکانی دونیای ئێمە، ئێمە هەمیشە بە ترس و پەرچەکردار و نکوڵیکردن مامەڵەمان لە گەڵ هەموو دیاردە و چەمک و تەکنێ نوێکاندا کردوە، پاشان بە ئاگایی و زۆرجار بەبێ ئاگایی قبوڵمان کردوە، بەڵام هەرگیز نەمان وێراوە لێی تێبگەین. ئێستاش خێزانی کوردی دەگۆڕێت، بەڵام ئێمە دەترسین باسی بکەین. هەمیشە کورتە چیرۆکەکەی حەسەنی قزلجیم بیر دەکەوێتەوە، بیهێنە و ناوی مەبە. با ڕوبدات بەس باسی مەکە.


 
 

06/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر