حەمەد بن جاسم چیمان پێدەڵێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە زنجیرەیەک دیداردا لە گەڵ ڕۆژنامەی قەبەس، سەرۆک وەزیرانی پێشوی قەتەر زیاتر لە حەفتا ئەڵقە دیداری سازداوە. قەتەر وڵاتێکی بچوکی بزێوە لە ناوچەکەدا،  لە ڕێگای تێوەگلانەوە لە زۆر کێشە و قەیرانی ناوچەکە، بە پشت بەستن بە سامانە زۆرەکەی، ڕۆڵێکی کاریگەریی بۆخۆی دابینکردوە. لەم ڕێگایەوە قەتەر خۆی دەخاتە سەر شانۆی ململانێی جیهانیی و لە زلهێزە جیهانیی و هەرێمییەکان نزیک دەبێتەوە. ئەم سیاسەتە لە دامەزراندنی جەزیرەوە دەستی پێکرد. لە بواری تری زۆردا بەکاریان برد، لە هەموی دیارتر سودوەرگرتنە لە ئیخوان، کە ڕاستەوخۆ بە چەندین شێوە کاریگەری زۆر خراپی لە سەر کورد هەیە.

ئەوەی جێگای سەرنجە سەردەمانێکی زۆر وڵاتانی کەنداو وەها دەبینران کە داماڵراون لە کەلتور. ڕۆشنبیرانی وڵاتانی تری وەک میسر و سوریا و لوبنان و عێراق وەها لە ئەوانیان دەڕوانی کە بێ کەلتورن. بەڵام هەڵکشانی نرخی نەوت و گاز و بونی نەوت بە بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بە تایبەتی پاش دۆکترنی کارتەر، ئەم وڵاتانە گەشەی ماددی زۆر خێرایان بە خۆیانەوە بینی. ئێستا ئەوان خۆیان بە پێشەنگ دەبینن و ڕێ بە نوخبەی وڵاتانی تر پێشان دەدەن کە چۆن حوکم بکەن، چۆن گەشە بکەن و چۆن دیپلۆماسی بکەن. 

لە ڕێگای پارە و ڕۆڵەوە، هەروەها بوون بە بەشێک لە سیستەمی وزەی جیهانیی، پەیوەندی کەسیی و تایبەتیان لە گەڵ نوخبەی سیاسی دونیادا دروستکردوە، کە سودی لێدەبینن بۆ خۆیان. 

حەمەد لە یەکێک لە دیدارەکاندا دەڵێت، ئیخوانی میسر نەک بۆ بەڕێوبردنی وڵات ناشێن، بەڵکو بۆ بەڕێوبردنی دوکانێک باشن. ئەمە ئەگەر میسرییەکان وەهابن، کە ئیسلامییەکانی لای خۆمان بە نمونەی باڵای دەبینن، دەبێت شوّێنکەوتوە کوردەکانیان بۆچی باش بن، ڕەنگە بۆ بەبڕێوەبردنی حانوت. ئەم ماوەی ڕابوردودوە دەرکەوت نەک ئەندامی ئاسایی حیزبە ئیسلامیەکان بەڵکو ئەندامانی باڵا و کوڕ و کاڵ و خزمە نزیکەکانی کەسانی یەکەمیان ڕاستەوخۆ لەو دۆخە بازاڕییە تێوەگلاون. 

سروشتی هەموو هێزێک کاتێک دەردەکەوێت کە ڕوبەڕوی قەیران و دەرفەت دەبێتەوە و چۆن مامەڵەیان لە گەڵدا دەکات. کۆمەڵ و یەکگرتوو کەوتنە ناو تەڵەی یەکێتی و پارتی. 

لە کۆمێنتدا لینکی سەرجەم دیدارەکان و ئەو دیدارەی کە باسی دوکانە دەکات دادەنێم.

05/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر