لامەرکەزیی بۆ؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

پرسی لامەرکەزیی سەرەتاتکێ دەکات لە ناو کایەی سیاسی کوردستاندا. وروژاندنی ئەم پرسە لە کاتی تایبەتدا، بۆ ماوەیەکی کورت، لە کاتێکدا ئاماژەیە بۆ بونی ئەم پرسە لە هەناو کایەی سیاسیدا، بەڵام لە هەمانکاتدا بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار. لە هەمانکاتدا جۆرێک لە مامەڵەیە کە زیانی زۆر بەم چەمک و شێوازی حوکمڕانییە دەگەیەنێت. ئەمەش وەهایکردوە کە پرسی لامەرکەزیی ئەو گرنگی و بایەخەی نەمێنێت. لەم نوسینەدا قسە لە سەر ئەم پرس و چەمکە دەکەم، بە شێوەیەکی بەرفراوانتر. چونکە لە دونیای کوردیدا قسەکردن لە سەر چەمکێک یان باسێک زیاتر ئامرازییە لە بڕی مەعریفیی، بەڵام بە نەبونی مەعریفە لە پشت هەر ئامرازێکەوە وەها دەکات کە چەمک و پرسەکە زۆر لاواز و هاکەزایی دەرکەوێت.

لە ناوچەی ئێمە، بە شێوەیەکی بەرفراوان، دەسەڵات هەمیشە ناوەندیی بوەو ناوەندێتی بوەتە خەسڵەتێکی سەرەکی دەسەڵات. ئەم کەلتور و ئاگاییە هەندێک دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی عوسمانی، بە تایبەت سیستەمی باجی عوسمانی. [باو بووە لە سەردەمی عوسمانیدا کە ساڵی جارێک باج کۆکەرەوە چوەتە ناوچەکان خەڵک لێی هەڵاتوە بۆیە باج لە زمانی کوردیدا یەکێک لە ماناکانی وەک سزایە. بۆ نمونە کاتێک کەسێک هەڵەیەک دەکات، خەڵک دەڵێن دەبێ باجەکەی بدات].

 ناوەندێتی و بونی دەسەڵات وەک پرۆسەی تەواوکەر دەبینرێت  لای هەردوو نوخبەی ڕۆشنبیر و نوخبەی سیاسی. هەردوو دەسەڵات وەها دەبینن کە دەبێت لە جێگایەکدا، لە کەسێکدا یان لە گروپێکدا کۆبێتەوە و پاشان لە سەر مۆدێلی سەپاندن و هەژەمۆنیەت و ڕاکێشان یان تێکشکانی دەسەڵاتەکانی تر هەژەمۆنیەتی خۆی بسەپێنێت.

کاتێک کارم لە سەر چەمکی لادەولە دەکرد لە عێراقدا، ئەوەم بە ڕونی بۆ دەرکەوت کە لە هەناو نوخبەی کەلتوریی و نوخبەی سیاسی عێراقدا دەوڵەت وەها دەبینرێت کە یەکەیەکی مەرکەزییە و خاوەن قۆرغکاریی و چەسپاندنی دەسەڵاتە بە سەر هێز و پانتایی و ناوەندەکانی تردا.

ئەم ڕەهەندە کەلتورییەی ناوەندێتی وەهایکردوە کە ناناوەندێتی وەک دۆخێکی شاز ببینرێت، بۆیە هەندێکجار لامەرکەزی لە گەڵ پەرتبون و پشێویدا تێکەڵ دەکرێت. جگە لە مێژوو، مۆدێلی زاڵی ناوەندێتی ڕەگی لە پێناسەی ماکس ڤیبەردا هەیە بۆ دەوڵەت. بەلای ئەوەوە دەبێت دەوڵەت قۆرغکاری هەموو ئامرازەکانی توندوتیژی بێت. ماکس مناڵی سەردەمی سییەکانی ئەڵمانیایە کە پشێویی و ناسەقامگیری خەسڵەتی سەرەکی بوو. بەڵام دیدەکەی ڤیبەر ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی مۆدێرن کە لە هۆبزەوە دەست پێدەکات. هۆبز مناڵی شەڕی ناوخۆ و شەڕی وڵاتانی ناو ئەوروپایە، بۆیە هەموو دەسەڵات دەبەخشێت بە سەروەر، بە دیدی ئەو مرۆڤ دەبێت لە نێوان ئازادی و ئاسایشدا سەوداو مامەڵە بکات.

ئەمڕۆ لە دونیادا زۆر باس لە ناناوەندی دەکرێت، بەڵام ئەم باسکردنە، هەرچەندە پەیوەندی بە دونیاوە هەیە، بەڵام لە کوردستان باس ناکرێت. لە چەند دەیەی ڕابوردودا، بە هۆکاری جیهانگریی و زاڵبونی لیبرالیزم و گەشەی تەکنەلۆجیا، دونیا تەخت بوو، وەک تۆماس فریدمان دەڵێت. ئەم تەختبونەی دونیا، بوە هۆکاری گەشەی بێوێنەی شار. شار ناوەندی گەشە و ئابوری و دەرفەت و ژیانی باشترە. دەرئەنجامی ئەمە وەهایکردوە، زۆر شوێنی دەرەوەی شارەکان پشتگوێ بخرێت. لە هەندێ وڵاتی ئەوروپی ئەمە گەشتوەتە ئاستی قەیران، بۆ نمونە ئیسپانیا.

ئەو خەڵکانەی کە لە جێگاکانی دەرەوەی شار دەژین، وەها ناو دەبرێن کە گرنگ نین. ئەمەش بوەتە هۆکاری داڕمانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو جێگایانەدا. لێکۆڵەرێکی ئیسپانی بە ناوی Rodriquez-Pose هەیە لە زانکۆی ئێل ئێس ئی لەندەن، تێزێکی پەرەپێداو لە ژێرناوی تۆڵەی ئەو جێگایانەی کە گرنگ نین. تۆڵەی ئەم جێگایانە لە ڕێگای دەنگدانەوە دێت کاتێک دانیشتوانی ئەم جێگایانە دژ بەو مۆدە سیاسی و ئابورییە دەنگدەدەن کە لە شارەکاندا باوە. بۆ نمونەی زۆربەی دەنگدەرانی برێکسیت یان ترەمپ لەم جێگایانەیە. ئەمە بە زەقی لە کوردستانیش دەبینرێت کاتێک خەڵکی قەزا و ناحێکان لە ئەوانیتر زیاتر پشتگوێخراون لە ڕێگای سودمەندبون و خزمەتگوزاریی و کارەوە. ئەم ناوەندبونەی شارەکان و دژە ناوەندبون لە دەرەوە، خەسڵەتێکی سەرەکی سیاسەت و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستانە، کە بەشێکە لە شەپۆلە جیهانییەکە. بۆیە دەبێت بە هێند وەربگیرێت. ئەمە لە کاتێکدا زیاتر هانی بە شاربونی خێرا دەدات کە وەک دیاردەیەک قەیرانی زۆری هەیە، بە تایبەتی لە داهاتودا.

بەڵام ناوەندبونێکی تر هەیە کە خۆی لە ناوەندبون یان پایتەختبونی هەولێر و پەراوێزکەوتنی شارەکانی تری وەک دهۆک و سلێمانیدا دەبینێتەوە. ئەم ناوەندبونە زیاتر جێگای مشتومرە. کورد هێشتا ڕانەهاتوە پایتەختی هەبێت. ئەمە هەم بە پۆزەتیف و هەم بە نێگەتیفیش. بەڵام سەرباری ئەمانە، ناوەندێتی و ناناوەندێتی نە تەنها پرسێکی ئیدارییە، نە جوگرافی. بۆیە پرسی نادادپەروەری جوگرافی، ڕەنگە تەنها بەشێک لە کێشەکە لە خۆی بگرێت. نادادپەروەریی جوگرافی بە مانای ئەوەی کە پانتاییەک یان شوێنێک زیاتر دەرفەتی بەردەکەوێت لە شوێنێکی تر. هۆکاری ئەم نادادپەروەرییە ڕەنگە سیاسی، یان ئابوریی بێت.

بەم پێیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا چەندین جۆر لە ناوەندیبوون و ناناوەندیی هەیە. بەڵام سەرباری هەبونی چەمکی لامەرکەزیی و هەبونی دیاردەی ناوەندێتیی و بەڵام لامەرکەزیی جگە لە زاراوەیەک هیچی ترنیە. ناناوەندێتی یان لامەرکەزیی، بە هەمانشێوەی مەرکەزیی خاوەن تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆیەتی. لامەرکەزیی ئیداریی و دارایی و سیاسی و کەلتوریی و سیستەمی هەیە. بۆ ئەوەی سیستەمێک لامەرکەزیی بێت دەبێت لە کرۆکی حوکمڕانیدا کرانەوە، لە خۆگرتن، گفتوگۆ، جیاوازیی و ناسینەوەی تایبەتمەندی شوێنەکان و لە بەرچاوگرتنی شوناسەکان بونی هەبێت. لامەرکەزیی کاتێک فەراهەم دەبێیت کە پیادەکردنی دەسەڵات لە سەر ئەو داتا و خواست و داوایانەبێت کە لە بنەوە دێن بۆ سەرەوە، نەک لە سەروە بۆ خوارەوە. 

بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە فەراهەم بێت دەبێت ناوەند بونی هەبێت. کوردستان کۆمەڵگایەکە لە مێژویدا ناوەند هەمیشە لە دەرەوەی بوە. دروستبونی ناوەندێک لە ناوەوە، وەرچەرخانێکە نەک تەنها لە پیادەکردنی سیاسەتدا، بەڵکو لە عەقڵیەتی سیاسیدا. ئەمە هێشتا بە تەواوی نەڕسکاوە.

پیادەکردنی ناناوەندێتی سیاسی کۆمەڵێک ڕێگریی زۆری هەیە، لە سەرویی هەمویانەوە مێژوو و یادەوەریی و کەلتوری شەڕی ناوخۆ. شەڕی ناوخۆی کوردی کاتێک کۆتایی هات کە لە ناوەندێک زیاتر لە کوردستان دروست بوو. لامەرکەزیی بریتی نیە لە زۆر بونی ناوەند یان مەرکەز، بەڵکو بریتیە لە بونی ناوەند بەڵام پیادەکردنی دەسەڵات بە ڕێتمی ناناوەندێتی. بەو مانایە دەسەڵات ناسەپێنرێت بەڵکو بەرهەم دێت.

ناناوەندێتی لە دونیای ئەمڕۆدا زیاتر ئاسان بوە، چونکە تەکنەلۆجیا هەموو ماڵ و جێگایەکی کردوەتە ناوەند. تەکنەلۆجیا  سیستەمی بەڕێوەچونی دەسەڵات لە سیستەمێکی ناوەندییەوە دەگۆڕێت بۆ سیستەمی تۆڕ. زیاتر بە تەکنێکردنی دەسەڵات بڕێکی زۆر لە حوکمداری ناناوەندیی دەکات. 

ناناوەندێتی یان لامەرکەزیی سەرباری ئەم ڕێگرانە، ڕێگرێکی گەورەی تری هەیە ئەویش ناوەندبونی زیاتر دەسەڵاتە لە عێراق. نوخبەی عێراقی کە زیاتر هەڵەشە و پەرچەکردارە، وەها دەزانێت کاتێک سیستەمێک کار ناکات بیگۆڕیت بە سیستەمێکی تر ئەوا دەکەوێتە کار، بەڵام وەک زۆر شوێن دەریخست، تورکیا یان تونس بۆ نمونە، کاتێک سیستەمی پەرلەمانی توشی قەیران دەبێت سیستەمی کەسی بەهێز یان سەرۆکایەتی نابێت چارەسەر، بەڵکو هەمان گرێکان دەمێننەوە بە شێوازی تر. سیستەمی سیاسی هاوسەنگییەکی ناسکە لە نێوان دەسەڵاتی تاکە کەس و پشێویدا. بۆیە دەبێت هەمیشە چاودێریی بکرێت.

30/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر