ئەمریکا و دۆلارەکانی

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن کێشەی دۆلار، یان دابەزینی نرخی دینار، لەڕاستیدا دەستنیشانکردنێکی هەڵەیە بۆ کێشەکە. کرۆکی پرسەکە دراوو نرخەکەی نییە، بەڵکو سیستەمێکە کە جوڵەی دۆلار لەدونیادا ڕێکدەخات‌و عێراق هێشتا بەشێک نییە لەو سیستەمە. بەم پێیە، هۆکاری سەرەکی هەڵبەزو دابەزی نرخی دراو، ئابوری نییە، بەڵکو پرۆسەی کۆنترۆڵ‌و بەدەستهێنانی زانیاریی‌و سەفەری دراوێکی وەک دۆلارە. ئەم سیستەمە بەکۆدی سویفت ناسراوە. SWIFT "Society for World Interbank Financial Telecommunication”.

سویفت کورتکراوەی کۆمەڵەی ئەو بانکانەیە کە لەبواری داراییدا پێکەوە گرێدراون لەڕێگای تێلی-کۆمیونیکەشنەوە. ئەم کۆمەڵەیە پەنجا ساڵ لەمەوپێش لەبرۆکسل دامەزرا، بەمەبەستی ئاسانکاریی گواستەوەی دراو لەدونیادا.

بەگشتی ئەم کۆدە 11 ژمارەیە. چوار ژمارەی یەکەم، بانکەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی وڵاتەکە دەناسێتەوە. دوو ژمارەی تر بۆ ناسینەوەی بانکەکەیە. سێ ژمارەی کۆتایی  لقی بانقەکەیە. بەمشێوەیە هەر پارەیەک کە لەڕێگه‌ی بانكەوە دەگوێزرێتەوە وڵات‌و بانق‌و کەس‌و شوێنەکەی دەناسرێتەوە.

عێراق تائێستا لەدەرەوەی ئەم سیستەمەیە. بەو مانایە کاتێک دۆلار لەعێراقدا هاتوچۆی پێدەکرێت، نە کەس، نە بانق، نە وڵات، ناناسرێتەوە.

ئەم نەبونی زانیارییە عێراقی کردوەتە ئەو جێگایەی کە وڵاتانی تر بیانەوێت دەستیان بەدۆلار بگات، بەبێئەوەی بزانرێت ئەو دۆلارە لەکوێوە هاتوە، پەنا بۆ عێراق بەرن. وڵاتانی وەک ئێران‌و سوریا کە لەژێر ئابلۆقەدا پەنا بۆ عێراق دەبەن بۆ بەدەستهێنانی دۆلار کە ناتوانن لەڕێگای سیستەمی سویفتەوە بەدەستی بهێنن، بەڵام فاکتەری سەرەکی قەیرانەکە دزینی دۆلارە. وەک دەبیستن لەڕێگای وەسڵی ساختەوە دۆلار وەردەگیرێت‌و دەبرێتە دەرەوەو جارێکی تر وڵات نابینێتەوە.

دیارە بردنی پارە بۆ دەرەوە تەنها لەڕێگای بانقەوە نییە، بەڵکو وەک هەر کاڵایەکی تر دەکرێتە کۆڵە پشتەوەو حیمایەی بۆ دابیندەکرێت‌و ئاودیو دەکرێت. یەکێک لەزیانە  گەورەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە وڵاتێکی وەک عێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵا، تەنها پێویستی بەسی بۆ چل ملیۆن دۆلارە لەڕۆژێکدا، بەڵام لەبەر بردنە دەرەوە زیاتر لەدوو سەد ملیۆن دەخاتە بازاڕەوە. لەکاتێکدا ئەو دۆلارانە پێداویستی ڕاستەقینەنین، بەڵام کەمکردنەوەیان دەبێتە مایەی زیادبونی خواست‌و گرانبونی بەهای دۆلار.

لەوڵاتێکدا کە دۆلار دراوی سیقە پێکراوە، دینار کە دراوی فەرمیە وەک دراوی دوەمی ڕۆڵ دەبینێت، ئەوا بەرزبونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری دەبێت، نەک تەنها لەسەر نرخ، بەڵکو لەسەر باری دەرونی‌و دۆخی بازاڕو دروستبونی ترس. باری دەرونی کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر هەڵبەزو دابەزی نرخ.

دیارە ڕەهەندی تر بونیان هەیە لەم پرۆسەیەدا، بۆ نمونە، بونی دۆلار بەدراوی خەزێنەیی لەدونیادا، وەها دەکات وڵاتان بۆ پشتگیریی دراوە ناوخۆییەکەیان‌و کڕینی شمەکی هاوردە، پێویستی بەدراوی قورسی وەک دۆلار بێت، بەڵام کاتێک ناتوانن ڕاستەوخۆ بەدەستی بهێنن ئەوا پەنا بۆ وڵاتێکی وەک عێراق دەبەن، کە هێشتا کونێکی ڕەشە لەسیستەمی نێودەوڵەتیدا.

ئەمریکاییەکان دەمێکە دەیانەوێت ئەم کونە ڕەشە دابخەن، داوایان لەحکومەتەکەی کازمی کرد، بەڵام توانای نەبوو هیچ هەنگاوێک لەوبارەوە بنێت، دیارە ڕەنگە ئەمریکاییەکان نەیانویست بێت فشاری زیاتر بخەنەسەر کازمی بەوە وەها دەردەکەوت یان دەبینرا، کە زیاتر مەیلی ڕۆژئاوایی هەیە، بەڵام حکومەتەکەی سودانی، حکومەتی چوارچێوە خۆیەتی‌و خودی سودانی بەڕێوبەرێکی گشتییە لای برادەرانی ئیتار.

ئەم ڕەهەندە هەرێمییە قەیرانەکە وەهایکردوە کە عێراق نە بیەوێت‌و نە لەتوانایدا هەبێت بەهەنگاوێکی وەها هەستێت کە بەخێرایی بەبێ هیچ گیزو گازێک ببێت بەئەندامی سیستەمی سویفت، بەڵکو زۆرلایەن‌و کەسایەتی‌و هێز هەن کە سودیان لەمانەوەی عێراقە لەدەرەوەی سیستەمەکە.

لێرەوە دێینەسەر کەرتی بانکی عێراق. لەعێراقدا سیستەمی بانکی بەمۆدێلی کۆنە. ئەم کەرتە یەکێکە لەو کەرتانەی کە بەردەوام داوادەکرێت کە دەبێت چاکسازیی تیادا بکرێت بۆ ئەوەی ئابوری عێراق ببوژێتەوە، بەڵام وەک چۆن بون بەئەندامی سویف ڕێگری هەیە، هەروەها چاکسازی بانکیش.

کەرتی بانکی لەعێراقدا کەرتێکی دەسەڵاتییە. زۆربەی زۆری بانکەکان لەلایەن کەسێکی دەسەڵاتدارەوە خاوەندارێتی دەکرێن. کاری هەرە سەرەکی ئەم بانکانە، کاری بانکی نییە کە لەدونیادا هەیە، وەک ئاسانکاری گواستنەوە، یان دابینکردنی قەرز یان بون بەبەشێک لەسیستەمی بازاڕو ئەمجۆرە کارانە، بەڵکو زیاتر مەزادی دراوو پارە حەواڵەکردن‌و پارە سپیکردنەوەیە.

ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە لەعێراقدا زۆرترین بانکی ئیسلامی بونی هەیە، کە هەموی وەک ڕوپۆشێک بەکاردێت بۆ سپیکردنەوەی پارە. تەنانەت کەسێکی وەک نور زوهێر، کە دزێکی گەورەی بەڕێزە، خاوەن بانکێکی ئیسلامیە.

لەعێراقدا ئەم پرسە کەمتر وەک پرۆسەیەکی دراویی یان ئابوری دەبینرێت، بەڵکو زیاتر وەها دەبینرێت کە کارێکی سیاسی‌و جیوپۆلەتیکییە. پرسی دۆلار وەک چەکێک دەبینرێت لەدەستی ئەمریکادا بۆ فشارخستنەسەر حکومەتەکان. بەشی زۆری تێگەیشتن لەعێراقدا تیۆرەی پیلانگێڕییە. بۆ نمونە زۆرینەی خەڵک وەها بیردەکەنەوە کە ئەمریکا سزای عادل عەبدولمەهدیدا لەبەر پەیوەندی لەگەڵ چیندا. تەناتە ڕەنگە عادل خۆشی وەها بیربکاتەوە کە ئەمریکاییەکان لاینبرد بۆیە ئێستا وەها دەنوسێت. لەکاتێکدا جگە لەکازمی هەموو سەرۆک وەزیرانێکی عێراقی، سەردانی چینی کردوەو گرێبەستی لەیەکگەیشتنی لەگەڵ چیندا واژۆکردوە.

بێگومان ئەمریکا، کاتێک دەیەوێت ئێران لەژێر ئابلۆقەدابێت، ئەوا ئەگەر ڕێگە بدات وڵاتێک بەهەموو شێوەیەک ئەو ئابلۆقەیە بشکێنێت، ئەوا ئابلۆقەدانەکەی پوچ دەبێتەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا ئامانجی ئەمریکا هەرچییەک بێت، دۆلار چەکێکی بەهێزە، لەسەردەمێکدا کە چەکی سەربازی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی گۆڕاوە. ئامانجێکی تر ئەمریکاییەکان ئەوەیە کە ئەو پارە گەندەڵییەی کە دەدزرێت لەناو عێراقدا ساغبکرێتەوە، هەرکاتێک حکومەتێکی بەهێز دروستبوو، بتوانێت بیانگێڕێتەوە. ئەمە بەشێکی لەو شانۆگەرییە بێتامەدا دەبینین کە لەگەڵ دزی سەدەدا دەکرێت.

پارەی گەندەڵی‌و دزراوی زۆری عێراق یەکێکبوە لەسەرچاوەکانی دروستبونی سیستەمێکی ئابوری تایبەت لەناوچەکەدا. ئەمە تەنها تایبەت نییە بەعێراقەوە، وڵاتانی وەک ئەفغانستان، ئێران، پاکستان‌و وڵاتانی تری ناوچەکە، هەموو سەرچاوە پارە بردنن، وڵاتانی تری ناوچەکە هەوڵدەدەن لەم پارە دزراوانە سودمەندبن، بۆیە لەم پێناوەدا کۆمەڵێک کارئاسانیان سازاندوە، بۆ نمونە، کڕینی خانو لەتورکیاو ئوردون‌و ئیمارات، یەکێک لەڕێگا باوەکان. هەرچەندە خانوو ڕەنگە بڕەکەی کەم بێت، بەڵام ڕێژەکەی زۆرە، بۆیە لەئەنجامدا کەڵەکە دەبێت، ئەم دیاردەیە نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانێک کە سەقامگیرتن لەعێراق دەیانەوێت سەرمایەگوزاری بکەن لەسەر داهاتی زۆری عێراق، لەبەر نەبونی سەقامگیریی‌و بنەماکانی تری ژیانی ئاسایی.

ئەم دۆخە لەعێراقدا خراپتر دەبێت بەخراپتربونی ژینگەی سروشتی‌و ژینگەی سیاسی‌و ژینگەی کۆمەڵایەتی. هەموو ئەمەی ڕودەدات لەکاتێکدایە کە توێژێکی کەم سودمەندی دۆلارە، بەڵام توێژێکی ئێجگار بەرفراوان زەرەرمەندە.

لەهەمانکاتدا دۆخی دۆلار ئەوە دەردەخات کە وەهمی ئەوەی کە لەدەرەوەی دونیا بژیت یان خاوەن سەروەری بیت، وەهمێکە خۆشە، ئێستا عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک بژاردەدایە، یەکەم، درێژکردنەوەی دۆخی ئێستا، دوەم، دەستپێکردنی پرۆسەی هەنگاو بەهەنگاو، سێیەم، سوربون لەسەر ناچارکردنی عێراق بەبونی بەئەندامی سویفت. لەئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی پەرتن. ئەو وڵاتەی کە دەتوانێت دەستی هەبێت لەسەر چۆنێتی بڕیاردان ئێرانە، ئەمریکاش ئامانجی ئەوە. ئایا دراوو درۆن ناوچەکە بەرەو کوێ دەبەن؟

10/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر