ئایا ئەنفال ڕویدا؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە بەردەم ماڵەکەماندا کادێنێک هەبوو. کادێن لە خشتی قوڕ. ئێستا کە بیری لێدەکەمەوە وەها هەست دەکەم، یەکێکە لەو ئەندازەسازییانەی کە لە سۆمەرییەکانەوە بۆمان ماوەتەوە. کادێنەکە وەک هەموو کادێنەکان لاکێشەیی بوو. لاکێشەیەکی درێژ کە پەناگەیەکی باشی دروست دەکرد بۆ پشت دانەوە. بن دیوار، لە بەر خۆرەتاودا. من تەمەنم پانزە ساڵان بوو. هەستم دەکرد شتێکی گەورە دەگوزەرێت، بەڵام بە باشی نەمدەزانی چییە. گوێم لە چپە چپ دەبوو، لە ئیزگە، لە سڵاوی بە پەلە، لە ڕواڵەتی ماندوو. 

لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ کۆنفرانسێک، ویستم یادەوەریم بۆ ئەنفال بگێڕمەوە، بە زمانی ئینگلیزی. ئێمە ئەنفالمان هەیە، بەڵام یادەوەریی ئەنفالمان نیە. چونکە ئەنفال بە سەر خەڵکێکدا هات، خەڵکێکی سادە و گوندیی و دوور لە ئاگایی ئامرازەکانی وەبەرهێنانەوەی ڕوداو و پیشەسازیی یادەوەریی. 

لە ساڵانی رابوردوادا ژانڕەی یادەوەریی و بیرەوەرەیی و بایوگرافیا، لە گەشەکردن و تەشەنەکردندان لە کوردستان، بەڵام ئەوانەی ماف بە خۆیان دەدەن چیرۆکیان بگێڕنەوە، خاوەن جۆرێک لە دەسەڵاتن و وەک ئامرازێک لە دەسەڵاتدارێتی پیادەی دەکەن.

ڕەهەندێکی تری نەبونی یادەوەریی پەیوەستە بە جێندەرەوە. زۆربەی ئەوانەی لە ئەنفال ڕزگاربوون، ئافرەت بوون. هەتا ئەمڕۆش ئافرەت بونەوەرەێکی نێو پانتایی گشتی نیە لە کەلتوری دواکەوتوی کوردیدا. ئافرەت نابێت بدوێت. ئافرەتی سەنگین نتمە (بێدەنگە). بیرم دێت پاشان کە ڕۆشتین بۆ سمود، ئافرەتە جل رەشەکان، لە گەڕەکێک بە ناوی ئەنفالەکان نیشتەجێبوون. بە ناچاریی کاری کشتوکاڵییان دەکرد. 
لە ساڵی ١٩٨٧ عێراق سەرژمێریی کرد. بە دیدە فۆکۆییەکەی سەرژمێریی ئامرازێک یان تەکنەلۆجیایەکی سیاسییە کە زانیاری تایبەت بۆ دەوڵەت دابین دەکات، لە سەر بنەمای ژمارە و جۆر و پێکهاتەی دانیشتوان، کە دەزگا جیاوازەکانی دەوڵەت دەتوانن وەک بنەمایەک و سەرچاوەیەک و ئامرازێکی ڕەویی و ئاگایی کاری پێبکەن و کاری لە سەر بکەن. لە زمانە ئەوروپییەکاندا نزیکییەکی زۆر هەیە لە نێوان چەمکی دەوڵەت و سەرژمێریدا: state/statistics  سەرژمێریی ١٩٨٧ پڕ بە پێستی فۆکۆیی بوو. خەڵکانێک کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتدابوون لە سەرژمێرییەکەدا، سەرژمێرنەکران. نەبونیان بوو بەو بنەمایە کە دەبێت ئەنفال بکرێن. 

لێرەدا بۆ تێگەیشتنی باشتر دەتوانین سود لە تێزەکانی بیرمەندی دەوڵەتناسی گەورە جەیمس سکۆت وەربگرین. سکۆت لێکۆڵەری بواری دەوڵەتە، وەک دژە دەوڵەت. پرسی ئەو ئەوەیە کە ئایا دەوڵەت چیدەکات لە خەڵک و کۆمەڵگاکان. شوێنی کاری سکۆت خەڵکە چیانشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە. بەڵام تێزەکانی بۆ کوردیش دەشێت، وەک خۆی لە دیدارێکدا ئاماژەی پێدەدات.

بە دیدی سکۆت دەوڵەت ناتوانیت لە گەڵ پانتاییەکدا بژی کە لە ژێر کۆنترۆڵیدا نەبێت. سکۆت پێمان دەڵێت کە هەوڵی دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنی پانتاییەکانی دەرەوەی دەوڵەت هیچ پەیوەندی بە ئایدەلۆژیای دەوڵەتەوە نیە. لە کتێبی هونەری ئەوەی چۆن حوکم نەکرێیت، دەڵێت، خواستی کۆنترۆل پەیوەندی لە گەڵ جۆری ڕژێمەکاندا نیە، بەڵکو بەشێکە لە خەسڵەتی دەوڵەتی مۆدێرن. دەوڵەت گرنگ نیە کۆمۆنیست بێت یان نیولیبرال، کۆلۆنیال بێت یان سەربەخۆخواز، شەعبەوی یان دەسەڵاتخواز، هەمویان بەبێ جیاوازی ئەم شێوازەیان پیادەکردوە. 

کورد یان نوخبەی کوردیی تێگەیشتنی بۆ ئەنفال بە قۆناغدا ڕۆشتوە. سەرەتا زیاتر جەخت لە سەر ناوەکە دەکرایەوە. وەک پەرچەکردارێک بۆ دیاردەیەکی دینی دەبینرا. لە ڕاستیدا ناونانی ئەنفال بەو ناوەوە، ئەو ئامانجەی هەیە کە مانا و رەگ و سایکۆلۆجیای تایبەتی بۆ دروست بکات. بۆیە تێگەیشتن بۆ ئەنفال لە ناوەکەیەوە، کەوتنە ناو ئەو بۆسەیە کە ناونەران دایانناوە. پاشان ئەنفال وەک پرسی گروپێک لە خەڵک مامەڵەی لە گەڵداکرا. بەشێکی زۆری مناڵانی پاش ئەنفال لە دۆخێکی هەژاریی و سەختی وەهادا گەورەبوون، هەندێکیان بوون بە نێچیریی پارتە ئیسلامییەکان و ئێستا دیدێکی تریان هەیە بۆ ئەنفال.

بەڵام لە ئێستادا وەک بەشێک لە ڕەوتی بەرفراوانی خودنەفرەتی، ئەنفال وەها دەبینرێت کە کارێکی ڕەوای دەوڵەتی عێراقی بوو لە بەرامبەر هەڵەیەکی کورد یان هەندێک لە سەرکردایەتی چەکداریی کورددا. 

ئەمە لە مێژودا زۆر باوە، کە پێی دەڵێن what if. بە گشتی دیدێک دروست دەبێت کە دەڵێت ئەگەر ئەوە نەکرایە، ئەوە نەدەبوو. ئەگەر سەربازی ئێرانی نەهێنرایە، ئەنفال نەدەبوو. کەس ناتوانێت ئەمە پشتڕاست بکاتەوە، چونکە وەک بەسێک لە وەت اف دەمێنێتەوە. ئایا ئەگەر سەربازی ئێرانی نەهێنرایە ئەوە نەدەبوو، ڕەنگە نەبوایە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک یان بنەمایەک نیە بۆ سەلماندنی. لە ڕاستیدا جیونۆساید هەڵگری هیچ بەهانەیەک نیە. هیچ کارێک نیە ڕەوایەتی بە دەوڵەت یان هێزێک بدات کە بە کاری جینۆساید هەڵسێت. ئەمە ئەستۆ پاکیی نیە بۆ نوخبەی کوردی. بەهانەن هێنانەوە بۆ جینۆساید بەشداریکردنە لە جینۆسایددا. ئەمە دەرخەریی ئەوەیە کە کۆمەڵکوژیی لای زۆرینەی مرۆڤی کورد لە باشور، کارێکی ئاساییە و دەسەڵاتدار بۆی هەیە لە بەرامبەر هەڵەیەک یان کردارێک یان باوەڕێکدا بیکات. کەواتە هەرکەی بیانوو هەبوو کۆمەڵکوژی ڕەوایە. ئەمە زۆر بە زەقی بەرامبەر ئێزیدییەکان دەیبینین.
لە ساڵانی ڕابوردوادا هەمیشە هەوڵمداوە، ئەنفال لە کۆمەڵێک کۆت و بەندی کوشندە ڕزگار بکەم. بەڵام کارێکی ئەستەمە. گرنگە بزانین چی ڕویدا، چۆن ڕویدا، بۆ رویدا، کێ بەرپرسیارە، کێ دەبێت سزا بدرێت. بەڵام ئەگەر تەنها جەختمان لە سەر ئەم بوارانە بێت، ئەوا ئێمە لەم تاوانە تێنەگەشتویین. جەختکردنەوە لە سەر ئەم ڕەهەندانە ئەنفال وەک تاوانێکی ئاسایی لێدەکات، کە ئەگەر بێتوو ئەنجامدەرانی سزا بدەین و قوربانیانی قەرەبوو بکەینەوە، ئەوا تاوانەکە کۆتایی هاتوە. بەڵام ئەمە بەشێکی کاتیی و سەرەتاییە، کە بە بارتاقەی ئەنفالدا نابێت، چونکە ئەنفال تاوانێکی هاکەزایی نیە. 

من وەک گەرمیانییەک ئەنفالم بە چاوی خۆم دیوە و دەرئەنجامەکانی ژیاوم. بەڵام دەربارەی ڕودانی ئەم کردە جیوناسایدیە دەپرسم، چونکە گەلێک ئەگەر خاوەن ئەزمونی قڕ کردن بێت دەبێت خاوەن ئاگایی و ئەخلاق و ڕەفتاری جیاوازبێت، بەو مانایە، ئایا ڕودانی ئەنفال، چ کاریگەرییەکی لە سەر ئێمە جێهێشتوە؟ ئەنفال هۆکارەکەی هەر چی بێت، ساتەوەختی قڕ کردنە. ساتەوەختی سڕینەوە و ڕاگواستن و لە ناوبردنی خەڵکانێکی زۆرە بە ئامانجی، سیاسی. ئەنفال وەک کردەیەکی سیاسی هەمیشە وەک جۆرێک لە چارەسەر دەبینرێت، دواین چارەسەر لە لایەن دەسەڵاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە کردارێکی پەرچەکرداریی یان سزادان نیە بەڵکو دەرئەنجامی مێژویەکی درێژە لە هەناو کەلتورێکدا. بیرمەندی ئۆگەندی مەحمود مەمدانی لە کارەکانی دەربارەی ڕوەندا ئەمەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە. 

کاتێک خەڵکانێک ئەمە ئەزمون دەکەن، دەبێت لە سادەترین وانە وەرگرتن و ئەزمونکردندا خاوەن ئەخلاقێکی تر بن. ئەگەر ئەنفال کردەی لە ناوبردنە، ئەوا ئەزمونی ئەنفال دەبێت، دژایەتی هەموو جۆرێک لە سڕینەوە، نکوڵیکردن و ئازاردانی خەڵکانی تر بێت لە سەر بنەمای هەر بیانویەک. بەڵام ئەم دۆخی ئەزمونکردنە پێویستی تەنها بە جیونوساید نیە، بەڵکو چۆنێتی تێگەیشتن لە جیونۆساید. لێرەدا ئەنفال دەبەستمەوە بە شەڕی ناوخۆوە.

ئەم دوو روداوە سیاسییە لە کاتێکدا زۆر پێکەوگرێدراون لە هەمانکاتدا دژ بە یەکن. کورد تاک بە تاکی هەتا بینەقاقای ڕۆچوەتە ناو شەڕی ناوخۆوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە ڕۆحی ئەنفال تێنەگەیشتوە. ئەمە لە کاتێکدا دەبوو تەواو بە پێچەوانەوە بوایە. دەبوو ئەنفال شەڕی ناوخۆ بسڕێتەوە بەڵام شەڕی ناوخۆ دەبێتە ڕێگریی سەرەکی لەوەی کورد لە سەر بنەمای ئەنفال ئامادەیی خۆی لە دونیادا دابڕێژێت.
شەڕی ناوخۆی کوردی پێش ئەنفال بونی هەیە، هەروەها پاش ئەنفال، لە دۆخێکی جیاوازدا بەردەوام دەبێت. بێگومان زۆرێک لە نەوەکانی ڕزگاربوانی ئەنفال ڕاستەوخۆ بەشداربوون لە بەرەکانی شەڕی ناوخۆدا. بۆ من ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە وەک خەڵکێک نە لە شەڕی ناوخۆ و نە لە ئەنفال تێناگەین. 

کاتێک کوردی باشور ناتوانێت ئەنفال بکاتە بنەمایەک بۆ ڕێگریی لە شەڕی ناوخۆ، مانای وەهایە کە خەڵکێکە توانای فێربون و ئەزمونکردن و تێڕامانی نیە.

19/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر