تێگەیشتن لە کەمال کلیچدارئۆغلۆ

د. سه‌ردار عه‌زیز
کەمال کەسایەتییەکی ئاڵۆزە، بەڵام هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە کە سادە دەرکەوێت. ستراتیژی سەرەکی بانگەشەی ئەوەیە کە پێچەوانەی ئەردۆگانە. بە خوێندنەوەی ڤیدیوکانی مرۆڤ زۆر دونیابینی ئەوی بۆ دەردەکەوێت.

یەکەم، بە گشتی ڤیدیوکانی بەبێ چاکەت و بۆینباغە، کە ئاماژەیە بۆ نەمانی پلەبەندی و خۆ جوداکردنەوە. ئەوەی پێی دەوترێت خاکی بون.

دووەم، پاشخانی ڤیدیوکانی کتێب و چێشتخانە و باغچەی بچکۆلەن، کە دەرخەری کۆمەڵێ خەسڵەت و پەیامن. لە پێشاندانی ماڵەکەی دەیەوێت پێچەوانەی قەسرە هەزار ژورەییەکەی ئەردۆغان بێت. هەروەها ئەو پەیامە بگەیەنێت کە گەندەڵ نیە، وەک ڕکەبەرەکانی.

سێیەم، بونی کتێب، دەرخەری بایەخدانە بە بیر و زانست، بە پێچەوانەی ئەردۆگانەوە کە زۆربەی کاتی تەماشای تەلەفزیون دەکات.

چوارهەم، کەمال دەیەوێت بڵێت چەپم. بەڵام چەپی تورکی چەهەپە، چەپی دەوڵەتییە، نەک چەپی کۆمەڵایەتی.

پێنجەم، کەمال هەوڵدەدات لە گەڵ باوەڕە عەلەوییەکەیدا خۆی ئاشت بکاتەوە. ئەمە پچڕانە لە کەلتوری کەمالیزم. هەروەها فشارە بۆ کەلتوری سوننی حەنەفی تورکی. لە تورکیا هاوڵاتی ڕاستەقینە تەنها ئەوانەن کە تورکن و حەنەفین. بۆ نمونە زۆربەی کورد شافیعییە، بۆیە نەک هەر کوردبونیان بەڵکو شافیعی بونیان ڕێگرە بۆ بوون بە هاوڵاتیی ڕاستەقینە. ئەگەر دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە فراوانکردنی بنکەی هاوڵاتیی بون بێت لە تورکیا، دەستکەوتێکی گرنگە.

پێنجەم، کەمال کوردە، بەڵام ناوێرێت وەها بڵێت. ئەمە جۆرێکە لە نەخۆشی. ئیسلامیەکان دەتوانن بڵێن کوردین و ئیسلامین، بەڵام عەلمانییەکان ناتوانن.

شەشەم، کەمال دەیەوێت بڵێت کە کەسایەتییەکی سازشکەرە. تورکیا پێویستی بە ئەمەیە. بەڵام سازشکردن ڕەنگە هەندێجار وەک لاوازی دەرکەوێت.

10/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر