ئایا سنوری تورکیا و عێراق دەگۆڕدرێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو، تورکیا لە ماوەی ڕابوردودا، تەنھا دەستوەردان ناکات لە قوڵایی خاکی کوردستان، بەڵکو ھەنگاو لە دوای ھەنگاو، ھێرش لە دوای ھێرش دەکشێت و تۆڕێکی ئاڵۆز لە کۆنترۆڵی پانتایی spatial control  دروست دەکات.

تورکەکان زنجیرەی ڕبایە لە شوێنە ستراتیژییەکاندا دادەنێن، دەوروبەریان مین ڕێژ دەکەن، دارەکانی دەوروبەری دەبڕنەوە، ڕێگایان بۆ دروست دەکەن و بە درۆن پاڵپشتیان دەکەن. ھەموو ئەمانە لە پێناو کۆمەڵێک ئامانجی ھەنوکەیی و ئەگەری درێژ خایەندایە.

لەم پلانەدا لە دۆخی ھەنوکەییەدا تورک ئامانجی باشور و باکور و ڕۆژئاوایە. پلانەکانی بەم شێوازنانەیە، لە یەکتر دابڕانیان، ئیدارەدانیان و پاشان بەکارھێنانیان.

ھەموو ئەمە دەبێت چونکە بۆشاییەکی ھێز لە ناوچەکەدا ھەیە. کوردی باشور کاتێک تورکیا چیاکانی لێگرتوە، ئەوا دەبێتە داردەستی ئەو لە عێراقدا و ھەروەھا تورکیا وەک کارتێکی سەرمێزی دانوستان بەکاری دەھێنێت.

بەمشێوەیە نزیک دەبێتەوە لە پانتایی عەرەبی، دەبێتە یاریکەرێک لە سیاسەتی عێراقیدا. تورکیا لە ڕێگای ئاوەوە دەتوانێت ئاراستەی سیاسەتی باشوری عێراقیش بکات.

ھەموو ئەمە بەشێکە لە نیەتی فراوانخوازی تورکیا لە دەوربەری خۆی. دەکرێت سێ قۆناغ یان سێ دۆکترن لە بواری فراونخوازی تورکیدا باس بکەین، لە پاش دابران لە سیاسەتی ئەتاتورک. قۆناغی کشانی نەرم بە پشت بەستن بە دۆکترنی داودئۆغلۆ. قۆناغی فراوانخوازی دەریایی، ئێستا قۆناغی فراوانخوازی سەربازیی و کۆلۆنیالی. 

ئەم دوو قۆناغەی دوایی ھەردوو بیری سەربازەکانن، دۆکترنی وڵاتی شین دەگەڕێتەوە بۆ جیھات یایچی، دۆکترنی سەربازی باشور وەک کەسێک پێی ووتم، بیرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیسماعیل حەقیی  قەرەدایی، کە وەزیری بەرگریی ئێستا چەندین ساڵ ھاریکاریی بوو.

دۆکترنێکی تر ھەیە کە جۆرج فریدمان، خاوەنی ناوەندی فیکری ستراتیژی جیوپۆلەتیکال فیوچەر، کە ڕاوێژکاری ئەردۆگان بوە لە زۆر ڕوداودا، وەک کەسێک کە کاری لە گەڵدا کردوە پێی ووتم. دیدی جۆرج ئەوەیە کە وڵاتانی دەوروبەری تورکیا توانای ھەستانەوەیان نیە، بۆیە دەرفەتە بۆ تورکیا بۆئەوەی بۆیان بکشێت .

لە ھەموو فراوانخوازییەکانیدا تورکیا وەستێنراوە، جگە لە باشور نەبێت.

ئەم گۆڕانکارییەی سەربازیی و مۆڵگەی ھیزەکان کورد ناچار دەکات کە خۆی بگۆڕێت، جا بە ویستی خۆی یان بە ویستی ئەوانیتر.

ئەمە ھیچ پەیوەندی بە لۆزان و سەد ساڵە و ئەو وەھمانەوە نیە. کورد ھەرکە سەد دەبینێت ئیتر پڕ دەبێت لە وەھم و ئەفسانە.

دەرئەنجامی ھەرە سەرەکی ئەوەیە کە قۆناغی شار لە ژیاری کوردیدا گۆڕانکاری بە سەردا دێت، درۆن گۆڕانکاریی گەورەی کرد لە پرسی پانتایی شاخدا، ئێستا بونی مۆڵگەی سەربازی گۆڕانکارییەکی ترە.

04/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر