ئایا ئێمە دەتوانین حوکمی خۆمان بکەین؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئاراستەکردنی ئەم پرسیارە ئاڵۆزە. ئەوە کێیە دەپرسێت، ئەو کەسەی کە بەشێکە لە ئەو ئێمەیە، بەڵام لە دەرەوەی ئەو ئێمەیە، دەربارەی توانای ئەو ئێمەیە دەپرسێت، لە حوکمکردنی خۆی! ئەو ئێمەیە ئاسان نیە. ئێمە یانی خەڵکانێک پێکەوە، کە دەتوانن یان توانیویانە ھاوبەشییەکی وەھا لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن، کە ببنە یەک یەکە یان خاوەن رایەڵەی ھاوبەشی وەھا کە بتوانن وەک یەک،  لە دونیادا بجوڵێن. 

پرسی دروستکردنی ئێمە، شێوازی زۆرە. بەڵام لێرەدا من جەختم لە سەر حوکم و حوکمکردنە. ھەرچەندە بە رای من ئەستەمە بتوانیت حوکمی کۆمەڵگایەکی پەرتەوازە بکەیت، کۆمەڵگای بێ ئێمە. بەڵام با جارێ کەمێک قسە لە سەر حوکم بکەین.

حوکمداری ھونەرێکی نوێیە. لە ناوچەی خۆماندا ھێشتا بە تەواوی نە گەشتوە و نە لێی تێگەشتویین. حوکمداری مانای کۆنترۆڵکردن نیە. کاتێک ھێزێک کۆمەڵگایەک کۆنترۆڵ دەکات ئەوا مانای وەھایە کە ناتوانێت حوکمی بکات بۆیە دەیەوێت لە جوڵەی بخات و ئازادی تیادا بکوژێت بۆ ئەوەی بە سەریدا زاڵ بێت. کەواتە دیکتاتۆریەت، ستەمکاری، تۆتالیتاری، تاک دەسەڵاتی، بە ھیچ شێوەیەک ناچنە خانەی حوکمدارییەوە. 

بەم پێیە کرۆکی حوکمداری ئازادییە. ئەمەش وەھا دەکات کە پەیوەندییەکی ئۆرگانی لە نێوان حوکمداریی و لیبرالیزمدا بونی ھەبێت. لیبرالیزم جودایە لە نیولیبرالیزم. نیولیبرالیزم بڕوای وەھایە کە بازاڕ دەتوانێت ھەموو پرسەکانی ھەناو کۆمەڵگا چارەسەر بکات. ئەمەش ھەڵەیەکی گەورەیە. بۆ نمونە توێژی بازرگانی نەخۆش وەربگرە لە کوردستان. بە بونی نیولیبرالیزم، کە یانی تەشەنەکردنی عیادە و نەخۆشخانەی تایبەت لە بەرامبەر خەستەخانەی گشتیدا، وەھایکردوە کە نەخۆش لە کەسێکی ئازارداری پێویست بە ھاوکاری بگۆڕدرێت بۆ کڕیار و سەرچاوەی داھات. لە ئەنجامی ئەمەدا ھەبونی نەخۆش باشە، چونکە دەبێتە مایەی زۆری داھات. دەرئەنجامی ئەمە ئەوەیە کە کەرتی رێگریی لە نەخۆشی و خۆپارێزی پشتگوێدەخرێت و کەرتی چارەسەر و بەکارھێنانی دەرمان و نەشتەرگەریی برەوی دەبێت. بەمجۆرە سیستەمێک دروست دەبێت کە یەکتری تەواو دەکەن. کە بنەماکەی لە سەر بونی نەخۆشی زۆر وەستاوە. 

با بگەڕێینەوە سەر حوکم. ئەگەر حوکمداریی و ئازادی پێکەوە نوسابن ئەوا دەبێت لە نێوان ئەوەی حوکمی دەکرێت و حوکمەتدا جیاوازییەک ھەبێت. ئەمەشە جیاکاری نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت یان حکومەت. لیبرالیزمی کلاسیک بۆ داڕشتنی ئەم بنەمایە جەخت لە سەر تاک و ئازادی تاک و حکومەتی سنوردار دەکاتەوە. 

بەڵام ئەمە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەستەمە کاتێک نە حکومەت رێگە دەدات کۆمەڵگای ئازاد ھەبێت و نە کۆمەڵگا دەیەوێت ئازادبێت. ئازادی لێرەدا ئەو مانا شیعریەی نیە کە لە لەدەقی ئەدەبی و دەربڕینی ھاکەزایی سیاسیدا دەوترێت. ئازادی کرۆکی سەرمایەدارییە. چونکە سەرمایەداری لە سەر بنەمای سەرکێشی و داھێنان و ھەوڵدان دەژی. بۆ ئەمەش پێویستی بە ئازادییە ھەتا تاکەکان بتوانن ئەمە بکەن. بەڵام حکومەت بۆ ئەوەی ئەمە بەڕێوەببات سیستەمی دڵنیایی، ئینشورانس،  و یاسا و پۆلیسی داھێناوە.

کەواتە ئەگەر بمانەوێت حوکمی خۆمان بکەین دەبێت ھەموو ئەو بنەمایانەمان تیادابێت. 

ئیستا با بێینە سەر خۆمان. خۆمان یانی  رێگرییکردن لەوەی کە لە دەرەوەی خۆت حوکم بکرێیت. ئەمە تەنھا سەربەخۆیی ئابوریی و بونی سەروەریی و ئازادی و ھێزەوە بەردەست نابێت، بەڵکو دەبێت خۆت خاوەن فەلسەفەیەکی حوکمڕانی بیت. نەبونی ئەم بیرە کرۆکییە بۆ حوکمڕانی وەھا دەکات کە ھەمیشە سەرگەردانییەک ھەبێت لەوەی کە ئایا دەبێت حوکمڕانی چۆن بێت. ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە نوسینەوەی دەستوردا دەبێت روبەڕوی ببینەوە. ئایا ئێمە دەمانەوێت چۆن حوکمی خۆمان بکەین؟ کاتێک وەڵامی ئەم پرسیارەمان داڕشت ئەوا رۆڵ و پێگە و بواری دامودەزگاکان بە ئاسانی دیاری دەکرێت. 

کەواتە حوکمرانی ھونەرە. پرۆسەی بەڕێوەبردنی یەکەیەکی ھەمیشە گۆڕاوە، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بێت. لێرەدا چەندێک گرنگە تاکێک خۆی بێت، دەبێت لە میانەی کۆدا بتوانێت ھاوخەمی و ھاوبەرژەوەندیی و ھاوژینی دروست بکات. 

حوکمرانی لە دونیای ئێمە و دەوروبەرماندا وەھا دەبینرێت بریتیە لە دەستگەیشتن بە دامودەزگانی دەسەڵات لە پێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داھات، بۆ ئەوەی بەکاربھێنرێت وەک سەرچاوەی ھێز ھەتا رێگری لە ئەوانیتر بکرێت کە دەیانەوێت بەشیان ھەبێت. ئەم جۆرە دونیابینیە کە لە سەر بنەمای بردن و بێبەریکردن و پەراویزخستن و زاڵبون و ترس دروست بوە، ئەستەمە بتوانێت ھونەری حوکمڕانی پیادەبکات. چونکە ئازادی نە بە مانا شاعیرییەکەی و نەبەمانا لیبرال و سەرمایەدارییەکی بونی نیە. ئەمەیە ھۆکاری بەتاڵبونی دەسەڵاتداریی رۆژھەڵاتی لە مەعریفە.
  
دیارە لێرەدا دەبێت ئەوە رونبکەمەوە کە نامەوێت دیدێکی رۆمانسی بۆ سەرمایەداری دروست بکەم. سەرمایەداری لە قۆناغی تایبەتدا زۆر بە باشی لە سیستەمی کۆیلەیەتیدا دەژی. بۆ نمونە سۆشیالیزم کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی، دەکرێت بە باشی بچێتە خزمەتی سەرمایدارییەوە وەک لە مۆدێلی چینیدا دەیبینین. ئەمە خۆی لە ئەو بە کۆیلەکردنەی ملیونان ملیون مرۆڤی گوندیدا دەبینێتەوە، کە لە شارەکانی ئەو وڵاتەدا وەک کۆیلە زۆرترین کار دەکەن و کەمترین ژیانی مرۆییان ھەیە. دەکرێت لە ھەمانکاتدا ئازادی بکرێت بە کاڵا و ھەموو ئەندامان نەتوانن دەستەبەری بکەن، بە تایبەتی کاتێک ئازادی پێویستی بە پارەیە.

لە سەر ئەو بنەمایانە ئایا حوکمداریی چۆن دەکرێت؟ لە ساڵانی رابوردودا بە ھۆی زاڵبونی کەلتوری لیبرالیزم بە سەر دونیادا، کۆمەڵێک چەمک  لە دونیای ئێمەدا ھێنرانە ئاراوە، وەک بەشێک لە پرۆسەی بونیادی حوکمی لیبرال، وەک کۆمەڵگای مەدەنی، میدیای ئازاد، دیموکراسی، جیاکاریی دەسەڵاتەکان و سنورڕێژی ناو کایەی دەسەڵات، بەڵام لە بەر ئەوەیە تێگەیشتنی گشتگیری بونی نەبوو، لەوەی کە چۆن ئەم بوارە جیاوازانە دەتوانن بەشێک بن لە پرۆسەیەک، زۆرجار ھەڵسوێنەرانی ھەر بوارێک خۆی بە نەیار یان رەخنەگری بوارێکی تر دەزانی. ھەموو ئەمە رویدەدا چونکە تێگەیشتنی پەرت پەرت بونی ھەبوو بۆ ئەوەی کە ئایا پرۆسەی حوکمڕانی چۆن دەبێت، یان چۆن حوکمڕانی دێتە دی. 

بۆ ئەوەی حوکمی خۆمان بکەین، دەبێت ئێمەیەک دروست بکەین. دەبێت ئەو ئێمەیە بزانێت خۆی کێیە و چۆن لە گەڵ خۆی دونیادا مامەڵە دەکات. پاشان دەبێت کۆمەڵگا دروست بکەین، ھاوشان حوکمرانی وەک کۆدەزگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە پێناوی خۆدا. ئێستا حوکمڕانی میکانیزم و ئامرازنیە، بەڵکو ئامانجە. ئەوە خەڵکە حوکمدەکرێن بۆ ئەوەی حوکمرانی بەڕێوەبچێت، کەچی دەبێت بە پێچەوانەوە بێت. 

مرۆڤی ئێمە ناتوانێت بە ئاسانی وێنای حوکمڕانی بکات وەک ھونەرێک کە تیایدا بەڕێوەچون بەرھەمدێت نەک حاکم و حاشییە. بڵاوترین وێنەی حوکمداری لە ئاگایی گشتی ئێمەدا باوکە. ئەمە دەرخەریی ئەوەیە کە ئێمە ھێشتا لە سەردەمەکانی پێش مۆدێرنەداین. 

ھەموو وڵاتانی دەوروبەر دەیانەوێت حوکمی ئێمە بکەن. پرۆسەی حوکمداری ئەوان لە ھەناو کۆمەڵێک پرۆسەدا بەڕێوەدەچێت. ئێمە لە پەراوێزی کۆمەڵێک ناوەنداین، وەک ئیمپراتۆریەتەکانی پێشوو ئەم ناوەندانە لە میانەی دروستکردنی درز، گرژی، دژایەتی، دۆست و دوژمن، ھەموو بنەماکانی حوکمرانی ئێمە لە ھەناو خۆماندا دادەڕێژن. ئەمە ھۆکاری ھەرە سەرەکی نەبونی ئێمە و خۆمان و حوکمرانییە. ئەمە ئەمڕۆ لە رێگای تەکنەلۆژیاوە باشتر و ئاسانتر و خێراتر  بەڕێوەدەچێت. 

کوردەکان دوژمنی یەکترن. چێژ لە دوژمنایەتی یەکتر دەبینن. بەمەش ئەو پێداویستیی و زەخیرانە دابین دەکەن بۆ ئەوەی کەسێکی تر حوکمیان بکات دژ بە خۆیان.

07/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر