پارادۆکسی (موفارەقەی) ئیتالیا

د. سه‌ردار عه‌زیز

ڕۆژانی ڕابوردوو بە خێزانی بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەقەلیە و شاری پەلێرمۆ بوین. هاوسەرەکەم کۆنفرانسێکی سێ ڕۆژەی هەبوو لە بواری زمان و ئەدەبی ئەڵمانیدا. ئەو ئێوارەیە کە لە ڤێرۆناوە بە فڕۆکە ڕۆشتین بۆ پەلێرمۆ کەمێک گەرم بوو. کە گەشتین تاریک داهاتبوو، بەڵام گەرماکەی وەک لای خۆمان وەهابوو. 
چەند ساڵێک لەمەوپێش ئافرەتێکی ڕۆح سوک لە پالێرمۆوە هات بۆ ئەوەی لە ماڵمان کاری دایەنی بکات، خێزانەکەی لە پەلێرمۆ B&B یان هەیە، شوینی نوستن و نانی بەیانی، ئێمە ئەو چەند ڕۆژە لەوێ ماینەوە. 
پەلێرمۆ وەها ناسراوە کە جێگای مافیایە. لە ڕاستیدا مافیا سەقەلییەکان لە چەند گوندێکی دەرەوەی سەقەلیە سەریانهەڵدا. ناوچەیەکی شاخاوی بەردەڵان کە پۆلیس بە ئاسانی نەیدەتوانی دەستی پێیان بگات. پەلێرمۆ، وەک شارەداری شارەکە لە کۆنفرانسەکە ووتی، شارێکی تەواو ئەوروپی نیە، لە نێوان ئەفریقا و ئەوروپادایە. بۆ من ڕێکردن بە پالێرمۆدا وەک بەغدا وەهابوو، شارێکی پڕ زبڵ و خاشاک، بۆگەن، بێ شۆستە. لە هەرکوێشدا شۆستە هەبێت ئۆتۆمبیلێکی لە سەر وەستێنراوە، هەرچەندە ئەم دیاردەیە لە ڕۆماش بڵاوە. لە دوو شەوی یەکەمدا، گوێمان لە تەقەی فیشەک دەبوو بە شەوان.
پارادۆکسی ئیتالیا تەنها لە ئەوەدانیە کە باشوری وەک وڵاتێکی جیهانی سێ وەهایە و باکوری یەکێکە لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی دونیا. بەڵام ڕامان لە ئیتالیا و گفتوگۆ لە گەڵ ئیتالیەکاندا ئەو موفارەقەیەی لە لا دروستکردم، چۆن کۆمەڵگایەک هێندە چالاک لە ڕوی سیاسی و کەلتوریی و شارستانییەوە؛ هێندە پڕ لە قەیران و بێ حکومەتیی و هەژارییە؟ زۆرجار کاتێک ڕەخنەی وڵاتێکی دونیای سێ دەکرێت: هەمیشە ئاماژە بە ئەوە دەدرێت کە مێژوی سیاسیان کورتە، نوخبەیان لاوازە، سیستەمی خوێندنیان خراپە، کەلتوریان نادیموکراسییە. بەڵام ئیتالیا هەموو ئەمانەی  بەباشی هەیە. سیستەمی خوێندنی ئیتالی هێشتا ئامانجی دروست کردنی هاوڵاتییە، نەک کارمەندی کارا. کەم سەردەم هەبووە ئیتالیا چەندین بیرمەند و ڕۆشنبیری لە ئاستی جیهاندا نەبێت. بەڵام ئیتالیا هەمیشە پڕ لە قەیرانە. 
ئایا ئەم پارادۆکسە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوە کۆمەڵگای مەدەنی و هاوڵاتیی و نوخبە نیە کە کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران دروست دەکات، بەڵکو حکومدارییەکی باشە. ڕەنگە ئەم ئارگومێنتە نزیک بێت لەو ئارگومێنتە بەناوبانگەی سامۆئێک هەنتنگتۆن کە دەڵێت ئەوەی پێویستە نیزام-ئۆردەرە، نەک ئازادی. هەرچەندە ئەم دیدە بۆ ماوەیەکی زۆر قیبلەنومای نوخبەی واشنتۆن بوو و دونیا زیانی گەورەی لێکرد. هەروەها منیش لە گەڵ دیدەکەدا تەبانیم. بەڵام ئەوەی گومانی نیە، گرنگی و بایەخی حکومدارییە لە ژیانی گشتیدا.

06/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر