کەوتنی کابول:

د. سه‌ردار عه‌زیز

هەوڵ ئەدەم بە شێوازی مەلزەمە، ئەم  ڕوداوە ڕاڤە بکەم. پرسیارو وەڵامی کورت
بۆچی ئەمریکا کشایەوە؟
نزیکەی ١٠ ساڵە کەس لە واشنتۆن باوەڕی بە ئەوە نەماوە لە ئەفگانستان هیچ بەرەوپێشچونێک بێتە ئاراوە، ئەمریکا زیاتر لە ٨٠ بلیون دۆلاری تیادا سەرفکرد. بەڵام وەک عێراق توێژێکی گەندەڵ لێی سودمەندبون.
بۆچی تالیبان وەها بە خێرایی هاتنەوە؟
تالیبان لە گوندەکاندا بونیان هەبوو. حکومەت لە شار. هەرگیز تەواو نەبوون. پۆلیس و سەرباز چەند مانگ بوو موچەیان وەرنەگرتبوو. بۆیە وتیان شەڕ بۆ ئەشرەفخان ناکەین.  لە کاتێکدا هەموو توانایەکیان هەبوو. کەواتە بونیادی سوپا تەنها چەک و ڕاهێنان نیە. 
ئایا بایدن چ قازانجێکی لێدەکات؟
خێراترین دەستکەوت ئەوەیە کە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی میدتێرمدا بە خەڵک بڵێت، جەنگی ناکۆتام کۆتایی پێهێنا. ئەمە خواستێکی گشتی خەڵکی ئەمریکایە. لە مەودوا کە سەردەمی تاک جەمسەریی تەواوبوو، دەبێت بە ووردی ئاگامان لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتە زلهێزەکان بێت.
ئایا پاکستان چ ڕۆڵێکی هەبوو؟
پاکستان و تالیبان دۆستن. بەڵام پرسەکە لە جێگایەکی ترە. هیند هەوڵی دەدا لە ڕێگای بەندەری چابەهاری ئێرانییەوە دەستی بگاتە ئەفگانستان، ئەم پرۆژەیە لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرا. بەندەری چابەهار تەنها ٧٦ کم لە گواداری پاکستانییەوە دوورە. بەندەری گوادار پرۆژەی چین و پاکستانە لە دەریای عەرەبی و زەریای هیندی. هیند دەیویست پاکستان دابڕێت و ڕێگرێک بۆ پرۆژەی پشتێنە و ڕێگای چین دروست بکات. بە هاتنی تالیبانی دۆستی پاکستان ئەم پرۆژەیە وەستا. ئێستا تورکیا دەیەوێت بە هاوکاری پاکستان لە ناوچەکە ڕۆڵی هەبێت. 
ئایا کێ زەرەرمەندە؟
ئەگەر تالیبان دەستاودەست نەکەن وەک پەیمانیان بە قەتەرییەکان داوە، ئەوا دەکەونە ژێر ئابلۆقە. لە کاتێکی وەهادا دەبنە کێشە بۆ ناوچەکە و دەروبەری. هەندێک دەڵێن ئێران و چین زیانمەند دەبن، ئەگەر تالیبان هەزارە بچەوسێنێتەوە، ئایا ئێران بێدەنگ دەبێت؟ بەڵام بێگومان وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت سود لە تالیبان وەربگرن بۆ فشار لە سەر ئێران. ئەوەی لە ڕێگای داعشەوە لە عێراق بۆیان نەکرا. 
چ وانەیەکی تیایە بۆ ئێمە؟
کەوتنی کابول دەیان وانەی بە نرخی تیادایە لە هونەری حوکمڕانی. وەک کورد ئەفغانەکان مودموین بوو بن لە سەر پشتیوانی دەرەکی. گەندەڵی بەرفراوان بوو. شەرعیەت نەبوو. حکومەت لە خەڵک دابڕابوو. 
ئایا ئەمریکا تاوانبارە؟
هەندێک دەڵێن نەدەبوو بایدن بڕوات. هەندێکی تر دەڵێن هەرکەی ئەمریکا بڕۆشتایە ئەمەی ڕویدەدا، ناشکرێت بۆ هەتا هەتایە ئەمریکا لەوێ بێت.
چی گرنگە؟
گرنگترین وانە کاتە. ڕەنگە لە کات و سەردەمێکدا ببیتە جێگای بایەخ. لەوە دڵنیابە بۆ هەتا هەتایی نیە. ئەگەر ئەو هەلە لە دەست بدەیت ئەستەمە بۆت بگەڕێتەوە.

15/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر