ئەمریکا و ئەفغانستان

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئایا ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابوردودا لە ئەفغانستان ڕویدا چیمان پێدەڵێت دەربارەی ئەمریکا؟ بێگومان پرسیارێکی وەھا چەندین جۆر لە وەڵام لە خۆی دەگرێت. وەڵامی ئایدەلۆژی، وەڵامی سیاسی، وەڵامی لایەنگریی، لە گەڵ وەڵامی زانستی یان واقیعی. بۆ ھەندێک ئەمریکا شکستی ھێنا. بۆ ھەندێکی تر نەک تەنھا لە ئەفغانستان شکستی نەھێنا بەڵکو لە ئاستی دونیادا لاوازبوە. لای ھەندێکی تر گۆڕانکارییە لە بایەخ و ڕۆڵی ئەمریکا. 

با سەرەتا لە ناوەوەی ئەمریکا دەست پێبکەین. بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ٧٠% خەڵکی ئەمریکا پشتیوانی دەکەن. لە ئەمریکایەکی ئەمڕۆدا، کە بە دەست جەمسەرگیریی و نەیارێتی یەکترەوە دەناڵێنێت، ھیچ پرسێکی تر نیە ٧٠% ئەمریکاییەکان کۆک بن لە سەری. ئەم ڕێژە زۆرەی پشتیوانی گەلێک ھۆکاری ھەیە. 

بەڵام دەرئەنجامی دیاری ئەوەیە کە ھیچ پارتێکی سیاسی نیە کە بتوانێت دژایەتی بکات. بە تایبەتی لە سیستەمی سیاسی ئەمریکیدا کە بەردەوام ھەڵبژاردن لە ئارادایە، نەک تەنھا چوار ساڵ جارێک بەڵکو ھەموو دوو ساڵ جارێک. بە جۆرێک ئەندامێکی کۆنگریس زۆربەی زۆری وزە و کاتی بۆ کەمپەینی بەردەوامە.

ھۆکاری پشتیوانی نەکردنی خەڵک، دۆخی ناوەوەی ئەمریکایە، کە ئەمریکاییەکان ھەست دەکەن، ئەمریکا پێویستی بە ئەوەیە ئاوڕ لە ناوەوەی خۆی بداتەوە لە بڕی ئەوە ھەوڵی باشترکردنی وڵاتانێک بدات کە زۆرینەی ئەمریکاییەکان نازانن لە کوێی دونیادایە.

بەڵام پاڵنەری سەرەکی ئەوەبوو کە دەمێکە ئەمریکا و نوخبەی واشنتۆن گەشتونەتە ئەو باوەرەی کە ھەوڵەکانیان لە ئەفغانستان ھیچی لێ سەوز نابێت. دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی دا، ژمارەی سەربازەکانی بۆ ٢٥٠٠ سەرباز کەمکردەوە. بۆ ئامادەسازی ئەم پرسە بەبێ پرس و ڕاوێژی حکومەتی ئەفغانی کەوتە دانوستان لە گەڵ تالیباندا. بۆ ئامادەکاری دانوستان، ئیدارەی ترەمپ عبدالغنی برادەر کە لە نزیک کابول دەستگیرکرا، لە بەندیخانە ڕزگارکرد. برادەر زاوای مەلا عومەرە و زاوا پێگەیەکی گرنگی ھەیە لە ھەناو ئەم ڕێکخراوانەدا.

نەک تەنھا ئەو بەڵکو ٥٠٠٠ گیراوی تریش ڕزگارکران. 

لە ڕێککەوتن لە گەڵ ئەمریکادا تالیبان پەیمانی داوە کە داڵدەی ھیچ بیانییەک نەدات، مەترسی بۆ سەر ھیچ لایەک دروست نەکات، ھەڵوێستی بەرامبەر ئافرەتان بگۆڕێت، ببێت بە ھێزێکی کۆنزێرڤەتیفی ئەفعانی. تالیبان لە ژێر فشارێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئەم پەیمانانە دەباتە سەر. ئەم ڕۆژانە بۆ نیشاندانی بوارنەدان بە ئیسلامییە دەرەکیەکان ئەبو عومەری خۆراسانیان لە بەندیخانەی پۆلی چەرخی دەرھێنا و کوشتیان. 

ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن ھێزە ئیسلامییەکانی ترەوە وەھا دادەنرێت کە وەرچەرخانە بەرەو ناسیونالیزم، وەک داعش لە ڕەخنەیدا لە تالیبان.

بەم پێیە ئەمریکا لە ئەفغانستان دەمێکە گەشتبوە ئەو باوەڕەی کە ھیچی پێناکرێت. لە ھەمانکاتدا دەمێک بوو گەشتبوە ئەو دۆخەی کە دەبێت شەڕی ناکۆتا کۆتایی پێبھێنێت. لە ئەفغانستان بەبێ ڕێککەوتن لە گەڵ تالیباندا ئەگەر بکشایەتەوە، ئەوا ئەگەری شەڕی ناوخۆ لە ئارادابوو.

ھەرچەندە ئەمریکاییەکان بڕوایان وەھابوو، یان خۆیان وەھا فریودابوو کە حکومەتی ئەفغانی چەند مانگێک بەرگە دەگرێت و پاشان زستان دێت و ئیتر بواری شەڕ نابێت. بەڵام وەک شارەزایانی ئەفغانستان ئاماژەی پێدەدەن، ھەمیشە لە نێوان لایەنەکانی شەڕدا ڕێککەوتن و بازرگانی و بەرژەوەندی ھەبوە. بۆیە بە نەمانی پشتیوانی ئەمریکی و دۆلاری ئەمریکی ھیچ بەھانەیەک نەماوە بۆ چەکدارانی حکومەت شەڕ بکەن. شەڕ لە ئەفغانستان جۆرێکە لە پیشە و بازرگانی. 

ئەم کەلتوری بە بازرگانیکردنەی شەڕ سی ئای ئەی ھێندەی تر تۆخی کردەوە. یەکێک لە میتۆدە باوەکانی سی ئای ئەی بۆ مامەڵەی لە گەڵ نوخبەی سیاسی وڵاتانی تردا، کڕینە. ئەمە لە عێراق لە ٢٠٠٣ وە بە چڕی بەڕێوە دەچێت. کەم سیاسی عێراقی ھەیە گونییە پارەی لە سی ئای ئەی وەرنەگرتبێت لە بەرامبەر خزمەتێکدا. سی ئای ئەی لە لایەک وەھا دەبینێت کە ئەم نوخبەیە نیشتمانی و نەتەوەیی و دەوڵەتی نین، بەڵکو خۆپەرستن و تەنھا ئامانجی خۆیان لە لاگرنگە. بەڵام دەرئەنجامی ئەم مامەڵەیە ئەوەیە، سی ئای ئەی تەنھا بەرتیل و دیاری بە سیاسییەکان نادات، بەڵکو گەندەڵیان دەکات و چاوپۆشی لە بەردەوامییان لە گەندەڵی دەکات. ئەوەی ئەمە تۆخ دەکاتەوە ئەو سیستەمە ئالۆزەیە کە بە دوانەی سەربازی و پیشەسازی ناسراوە military industrial complex. کاتێک حکومەتی ئەمریکی ملیار ملیار دۆلار خەرج دەکات، ئەوا ئەوانەی سودمەندن لێی لە ڕێگای سیستەمی لۆببیکردنی ئەمریکییەوە بە ملیونان دۆلار لۆبی بۆ دەکەن و نوخبەی ناو وڵات گەندەڵ دەکەن. بە دۆلارکردنی ھەموو شتێک ھەر ھێندە بڕ دەکات ھەتا دۆلارەکان بەردەوامییان ھەیە، پاشان درێژەی نابێت. ڕەنگە شەرڤانەکانی ڕۆژئاڤا تاکە ھێزبن کە داوای پارە ناکەن لە ئەمریکا. 

بەڵام با بگەڕێیینەوە سەر پرسیارەکەمان، ئایا کشانەوەی ئەمریکا نیشانەی لاوازبونیەتی؟ ئەگەر لە ئاستێکی فراواندا بیری لێبکەینەوە، بەڵێ.

لاوازبونی رێژەیی ئەمریکا، دەرئەنجامی سەرقاڵی بە شەڕی ناکۆتای تیرۆر و بواردان بە ھەڵکشانی ئەوانیتر و پەرتبونی کۆمەڵگای ئەمریکییە لە ناوەوە. بەڵام سەرباری ھەموو ئەمانە ئەمریکا ھێشتا بەھێزترینە لە دونیادا. ئەوەی گرنگە بۆ ئەوەی لە ئەم پرسە تێبگەین ئەوەیە کە تاک جەمسەری دیاردەیەکی زۆر دەگمەنە لە مێژویی جیھاندا. سی ساڵی ڕابوردوو کە ئەمریکا تیایدا تاکە زلھێزی دونیابوو، ساتەوەختێک بوو کە مرۆڤایەتی لە چەند ھەزار ساڵی ڕابوردودا بە خۆیەوە نەدیوە. مێژوی مرۆڤایەتی ھەمیشە مێژوی ململانێی زلھێزەکان بوە. بۆیە گەڕانەوە بۆ دۆخی ململانێی زلھێزەکان دۆخێکی ئاساییە، نەک نا ئاسایی. 

ئایا ئەمریکا دەیەوێت بەھێزبێتەوە، یان گڵۆڵەکەی کە کەوتوەتە لێژی ڕایبگرێت؟ بەھێزبون و لاوازبون ڕێژەییە. بۆ نمونە گەر ئەمریکا لە دۆخی خۆیدا بوەستێت و چین ھەڵکشێت، ئەوا ئەمریکا لاواز دەبێت. 

لاوازبونی ئەمریکا و سەرقاڵبونی زیاتری بە خۆیەوە و کەمکردنەوەی بایەخی بە دەرەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر ھەموو دونیا دەبێت. یەکێک لە ئەو بوارانەی کە زیانی پێدەگات ئەوەیە کە چیدی ئەمریکا وەک جاران بڕە و بە دەزگا لیبرالەکان و بەھاکان و کۆمەڵەکان نادات. وەک جۆن مێرشمایەر پێمان دەڵێت، ھەناردەکردنی دیموکراسی و لیبرالیزم تەنھا کاتێک دەبێت کە ئەمریکا تاکە جەمسەر بێت. بەبونی ڕکەبەری ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ھاوسەنگی ھێز. 

ڕەھەندێکی تری پرسی ئەفغانستان لە دۆخی نێودەوڵەتی ئەمڕۆدایە. لە کاتێکدا کە ئەمریکا دەکشێتەوە، ئەو وڵاتانەی کە ناچارن یان خوازیارن ئەو بۆشاییە دروستبوە پڕ بکەنەوە، ناتوانن بە دژایەتی ئەمریکا بەکاری بھێنن. ھەریەکە لە چین و ڕوسیا و پاکستان و وڵاتانی تر، ناتوانن و نایانەوێت تالیبان بە ئاراستەیەکدا بەرن کە ببێتە لانکەی تیرۆر یان مەترسی لە سەر وڵاتانی تر، چونکە مەترسی سەرەکی خۆیان لە ھەمانشتە کە ئەمریکا لێی دەترسێت. لە لایەکی ترەوە، وڵاتێکی وەک چین، کە سنورێکی ٩٠ کیلۆمەتری شاخاوی سەختی لە گەڵ ئەفغانستاندا ھەیە، ناچارە ھاوکاری دارایی تالیبان بکات ھەتا لە بەرامبەردا ئەویش داڵدەی چینیە تورکمانەکان نەدا کە دژ بە چین شەڕ دەکەن. ئەم ترسە بۆڕوسیاش ڕاستە. 

ئەمریکا بە شێوازێکی خراپ دەستبەرداری ئەفغانستان بوو. بەڵام ململانێی ئەو وڵاتە ھەر دەمێنێت. ئەفغانستان زۆرینەی زۆری خەڵکەکەی لە گوندەکاندا دەژین، بە زۆری دابڕاون لە دەسەڵات و ھیچ ھاوکاریی و خزمەتگوزارییەکیان پێناگات. ئەم خەڵکانە سەرەتا پشتیوانی کۆمیونیستەکانیان کرد، پاشان موجاھیدەکان، ئەمڕۆش تالیبان. ئەم خەڵکانە بێباکن لە بونی حکومەت، چونکە ھیچ سودێکی بۆیان نیە.

25/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر