پرسی نوێنەرایەتی؟

د. سه‌ردار عه‌زیز

لە زمانی کوردی و ئاگایی کوردیدا، نوێنەرایەتی جێگای پرسیار و بیرکردنەوە و تێڕامان نیە. یەکێک لە کێشەکانی زمانی کوردی ئەوەیە کە زمانێکی وشەییە، نەک چەمکی. لە زمانی کوردیدا چەمک، ئەگەر هەشبێت، بەڵام ئاگاییانە نەچەمکێنراوە، لە هەمانکاتدا مێژوییانە قسەی لە سەر نەکراوە. مێژوی وشە، ئیتمۆلۆجی، جیاوازە لە مێژوی چەمک. لە زمانە ئەوروپییەکاندا چەمکی نوێنەرایەتی یەکێکە لە چەمکە هەرە ئاڵۆزەکان کە بە ئاسانی ناتوانرێت بناسرێت و پانتاییەکی ئێجگار فراوانی لە مێژوی بیری سیاسیدا دیاریکردوە. بیرمەندی تایبەت هەن، تەنها بە ئەم چەمکە، لە زمانی ئەڵمانیدا کەسێکی وەک هاسۆ هۆفمان بۆ نمونە. ڕەچەڵەکی چەمکی نوێنەر لە زمانە ئەوروپییەکاندا دەچێتەوە سەر وشەی ڕێپریسێنتاتسیوی لاتینی  repraesentatio.   
لێکۆڵینەوەیەکی ووردی هەیە لە سەر مێژوی ئەم چەمکە بۆ ئەوانەی زیاتر دەخوازن.  Yves Sintomer 
لێرەدا ئامانجم قسەکردن نیە لە سەر چەمکی نوێنەر لە زمانە ئەوروپییەکاندا، چونکە کاری بێشوماری لە سەر کراوە. بەڵام ئەم چەند مانگەی ڕابوردوو، لە کارێکمدا بۆ خانەیەکی بیری ئەوروپی لە سەر ئەم چەمکە لە کوردستان، کۆمەڵێک خەسڵەتی ئەم چەمکەم بۆ دەرکەوت کە لێرەدا بە کورتی و بە پوختی بۆتان بەیان دەکەم.
یەکەم، چەمکی نوێنەر بیرلێنەکراوەیە. ئەمەش بنەمای بۆ ئەوە داڕشتوە کە سەرتاپا پرۆسەی نوێنەرایەتی بیرلێنەکراوەبێت. ئەم بیر لێنەکردنەوە بە ئاستێکە کە لە ناو کورددا هیچ نوسینێک، باسێک، تەنانەت گەڕە وتارێکی ناو ڕۆژنامە و سایتە بێشومارەکانیشم بەرچاو نەکەوت. دیارە ئەم ئاماژە پێ نەدانە زۆر شتمان پێ دەڵێت دەربارەی ئەوەی کە چی باس دەکرێت و چی باس ناکرێت لە دونیای کوردیدا. لێرەدا من مەبەستم لە نوێنەرایەتی، نوێنەرایەتی سیاسییە، نەک چەمکی فەلسەفی نوێنەرایەتی کە کرۆکی پۆستمۆدێرنەیە. ئەمەیان بوارێکی ئێجگار ئالۆزترە. 
دووەم، سەرباری ئەوەی باسی ناکەین، بەڵام پرۆسە نوێنەرایەتی ڕۆژانە بەڕێوەدەچێت. ئەو جۆرە دیموکراسییەی کە لە کوردستان هەیە، دیموکراسی نوێنەرایەتییە. قسەکردن بەناوی خەڵکەوە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، گەلی کوردستان، هەوڵدانە بۆ بون بە نوێنەر. بەڵام کاتێک کردەیەک پیادەدەکرێت و نازانرێت چیە و چۆن پیادە بکرێت، ئەوا لە سنورێکی تەسکی تایبەتدا دەمێنێتەوە. بۆ نمونە پەرلەمانی کوردستان بە ناوی گەلی کوردستانەوە، نوێنەرایەتی دەکات، هەروەها سیستەمی هەڵبژاردنی تاک بازنەیی کوردستان، هەوڵێکە بۆ دروستکردن و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان، بەڵام بەبێ ئاگایی لە چیەتی نوێنەرایەتی. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە نەعلەتەکانی لاساییکردنەوە، کە میتۆدێکی ئێجگار زاڵی هێنانی مۆدێرنەیە. زۆرجار لاساییکردنەوەی کردارێک بەبێ تێگەیشتن لە ناواخنەکەی کردارەکە پوچ دەکاتەوە. ڕەنگە ئەمە هۆکاری خراپی پیادەکردن بێت کاتێک کردەکە بە حازرباشی پیادە دەکەین، لە کاتێکدا لە ئەوروپا چەندین سەدە و هەوڵ بیرمەند و شۆرشی ویستوە. بەڵام ئێمەی حازرخۆر، تاقەتی ئەوەمان نیە لێی ڕامێنین.
سێیەم، کاتێک لە پرۆسەی نوێنەرایەتی کۆڵیمەوە، بردمی بۆ کۆمەڵێک بواری جیاواز. لە دونیای ئێمەدا دوو جۆر لە نوێنەرایەتی لە ململانێدان. نوێنەرایەتی کۆن یان تەقلیدی، لە گەڵ نوێنەرایەتی مۆدێرن یان لیبرال. نوێنەرایەتییە کۆنەکان بریتین لە خێڵ، عەشیرەت، بنەماڵە، خێزان، تەکێ، تەریقەت. ئەم گروپانە لە ڕێگای سەرەکانیانەوە، نوێنەرایەتی دەکرێن، بەبێ ئەوەی پرۆسەی نوێنەرایەتی لە نێوان دەست و پێوەند و ئەنداماندا لە ئارادابێت. ئەم جۆرە گروپ و شێوازی ئەندامێتییان وەک زیانبەخش تەماشا دەکرێن بۆ سیستەمی حوکمڕانی مۆدرێن نەک سودبەخش. بەڵام دەبینین هەمیشە پەنایان بۆ دەبرێت و بەکاردەهێنرێن. زۆرجار بەکارهێنانەکە ئامرازییە. هەندێکجاریش بۆ ڕێگرییە لە نوێنەرایەتییە مۆدرێنەکان. لە بەرامبەر ئەمەدا نوێنەرایەتی مۆدێرن هەیە وەک کۆمەڵگای مەدەنی، پارتی سیاسی، رێکخراوی نوێ، شوناسی ڕەگەزیی (جنس) و جێندەریی و سێکسی، هەروەها دەکرێت وەرزشی و کەلتوریی و ئایدەلۆژیی و فیکریی و فەلسەفیشی تیادابێت. ئەمە بوو کە ناچاری کردم لە هەڵکشان و داکشانی کۆمەڵگای مەدەنی بکۆڵمەوە لە کوردستان. پرۆژەیەکە کە لە بیرمدایە لە خانەیەکی بیری ئەمریکی یان ئەوروپیدا کاری لە سەر بکەم. 
نوێنەرایەتی مۆدرێن بە شکڵی بەرجەستەبوە، بەڵام لە گەڵ خۆیدا خەسڵەتە بیریارییەکانی بەرهەم نەهێناوە، وەک خەیاڵی نوێی، شێوازی نوێی بۆ پێکەوەبونی ڕاستەقینەیی، سودبینین لە ئەم شێوازە نوێیە بۆ کاریگەریی دانان لە سەر شێوازی حوکمڕانی، کە خۆی هایبردێکی سەیرە. نوێنەرایەتییە تەقلیدییەکان دەیانەوێت بەشێک بن یان سودمەندبن لە دەسەڵات. بەڵام ئامانجی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتی نوێ کاریگەریی و ئاراستەکردنی حوکمڕانییە، دانوستانی ناکۆتا. 
چوارهەم، کاتێک ئێمە بێئاگابویین لە چیەتی نوێنەرایەتی، ئەوا سیستەمی سیاسیمان لە سەر ئەو بنەمایە دانەڕشتوە. چونکە لە هەناو سیستەمی سیاسی ئێمەدا شەڕێکی ناکوتای ناوخۆیی بونی هەیە، ئەوا کرۆکی حوکمداری زەبر و ئامرازەکانیەتی نەک نوێنەرایەتی. لە گەڵ بەکاردبردنی پەنجا بە پەنجا وەک ڕێگاچارە بۆ رازیکردنی هەردوولا، پرۆسەی نوێنەرایەتی دەمرێت. لە نیوەی بۆ من و نیوەی بۆتۆدا، نوێنەرایەتی بونی نیە.  
بە کورتی نوێنەرایەتی یانی حکومەتێک هەیە کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات. خەڵک بڕیاردەدات لە سەر کێیەتی و چۆنێتی ئەو نوێنەرانە. کەواتە نوێنەرایەتی هەمیشەیی بونی نیە. بەڵکو نوێنەرایەتی کاتییە، پێویستی بە پیاداچونەوە و هەڵسەنگاندن و شەرعیەت پێبەخشینە. بەڵام بونی زەبر و شەڕ بە کرۆکی سیاسەت، ئەم رەهەندانەی تر بایەخییان نیە. بۆیە هەنگاوی یەکەمی دروستبونی نوێنەر و نوێنەرایەتی گۆڕینی شوناسی هێزە چەکدارەکانی هەرێمە. 
پێنجەم، لە بەر نەبونی کەلتوری نوێنەرایەتی، نوخبەی سیاسی کوردی، خاوەن دەسەڵاتە ڕاستەقینەکان، خۆیان بە نوێنەری ئەزەلی دەزانن. ئەمە بەشێکە لە بەڵای شۆرش. شۆرشگێڕان هەمیشە خۆیان بە نوێنەری پرس و خەڵکەکانیان دەزانن، بەبێ ئەوەی هیچ سەنگێک بۆ چۆنێتی نوێنەرایەتی پرس و خەڵکەکان دابنێن. سەرۆکی حیزبەکان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، کوڕ و کاڵی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، هەموو سەر بە قوتابخانەی نوێنەرایەتی ئەزەلین. ئەمەشە بنەمای ئەوەی داڕشتوە کە شۆڕشگێڕەکان بە گشتی  و بە ئاسانی دەبنە بنەماڵەیی. 
وەک کاری خانەی بیر دەبێت هەمیشە لە گەڵ هەموو کارێکدا پێشنیارت هەبێت. بە گشتی بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بەرجەستەبێت لە کوردستان، بە دیدی من دەبێت سەرەتا بزانین چیە، بە تایبەتی نوێنەرایەتی مۆدرێن. بەڵام خانەی بیری ئەوروپی پێشنیاری لە ئەم جۆرە بە نۆمیناڵ دەبینن. وەهای دەبینن کە کرداریی نیە. پێشنیارەکان دەبێت کرداریی بن.
نوێنەرایەتی پرۆسەیەکی مەحاڵە. ئەستەمە نوێنەرایەتی پیادەبکرێت، بۆیە هەندێک وەهای دەبینین تەنها ئیدیعایەکە، کلەیم. بەڵام لە کوردستان بە گشتی دوو جۆر کار دەتوانرێت بکرێت؛ یەکەم لابردنی ڕێگرییەکان، دووەم، بەهێزکردنی بوارەکانی نوێنەرایەتی.
ڕێکخستنی هێزی چەکدار یەکێکە لە لابردنی ڕێگاکان و زەمینەسازان بۆ بەرجەستەبونی نوێنەرایەتی. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەی گواستنەوە لە شەڕ و زەبرەوە بۆ مەدەنیەتی سیاسی. رێگریی دووەم، ئابورییە. نەوت دژ بە نوێنەرایەتییە یان دژ بە دیموکراسییە. بەڵام دوفاقییەک لە ئابوری نەوتدا هەیە، لە کاتێکدا دیموکراسی پێویستی بە بوژانەوەی ئابوری و بونیادی ژێرخان و گەشەی خوێندەواریی هەیە، نەوت لە زۆجاردا هەموو ئەمانە دەکات، کەواتە چۆن رێگرە لە دیموکراسی. ئەمە دەمانبات بۆ هاوکێشەی باج و نوێنەرایەتی. باج یانی سەرچاوەی بژێوی حکومەت، بەڵام کاتێک حکومەت بە هۆی نەوتەوە پێویستی بە باج نیە یان بڕێکی کەمی پێیویستە ئەوا سەرباری دروستبونی بنەماکانی چینی ناوەند، نوێنەرایەتی نایەتە ئاراوە. ئەمە سەرچاوەی قەیرانە چونکە ڕێگرییکردن لە ئاگایەک سەختترە لە بێئاگایەک. بەڵام کێشەکە ڕەنگە نەبێتە مایەی مەترسی لە بەر ناهاوسەنگی ئابوریی. کەواتە جۆری ئابوری رێگرە.
ڕێگرێکی تر سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمە. تاک بازنەیی وەک برادەرانی KIE بەباشی کاریان لە سەرکردوە بوەتە هۆکاری زۆر کێشە، لە سەروی هەمویانەوە، بێبەش بونی شار و شارۆچکە بچوکەکان. هەروەها سەنتەریی بون، دروست نەبونی نوێنەر و بازنەی نوێنەرایەتی.
لە بواری بەهێزکردندا، دەزگای پەرلەمان دەبێت بە نوێنەرایەتی بناسرێت. دەبێت نوسینەوەی دەستور لە سەر پارادایمی نوێنەرایەتی بێت. کاتێک دەستوری ئەمریکی بە ڕستەی ئێمە خەڵکی وڵاتە یەکگرتوەکان دەست پێدەکات، بەمانای ئەوەدێت کە ئەو دەستورە بە مەبەستی نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە نوسراوە. دەبێت نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکان لە ئاستی فیکریدا بناسرێن لە هەمانکاتدا هەر پشتیوانییەک بۆ کۆمەڵگای مەدەنی و هاوجۆرەکانی لە سەر ئەو بنەمایە بێت کە نوێنەرایەتی نوێ بەرهەم بهێنێت.


01/10/2021



وتارەکانی تری نوسەر