سلێمانی لە بواری ئەدەبیدا بوو بە شایستەترین شاری ناوچەکە

شاری سلێمانی لە کۆنفرانسی ساڵانەی یونسکۆ لە جیهاندا لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا وەک نموونەی یەکێک لە شارە شایستە و سەکەوتووەکان لە بواری ئەدەبی ناسێندرا.

شاری سلێمانی لە کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، وەک یەکێک لە شارە سەرکەوتووەکانی جیهاندا ناسێندرا، ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی یونسکۆ بەپێی چەند مەرج و پێوەر و داواکاریی و بنەمایەکی نێودەوڵەتیی تەنها نازناوەکە بەبێ هیچ پشتیوانیی و کۆمەکێکی دارایی، بە شارەکە دەبەخشێت هەموو خەرجیی و ئەرکە داراییەکان دەکەوێتە سەر خودی شارەکە.

سلێمانی  تەنها شاری کوردستان و عیراق و ناوچەکەبوو، کە بەشداریی لەم دیدارە جیهانییەدا کردووە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاندووە " لە کۆنفرانسەکەدا شاری سلێمانی وەک یەکێک لە شارە سەرکەوتوو دەرکەوتووەکانی ئەم بوارە لە جیهاندا ناسێندرا، سلێمانی لەگەڵ هەر یەک لە شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکاو ئیدنبرە لە سکۆتلەندا، لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا، بوونە نمونەی شایستەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی جیهان".
 
سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٩وە ئەم نازناوەی وەرگرتووە و لە رۆژانی ٩تا١٣-١ تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و شەماڵ ئەبوبەکر رێکخەری خۆبەخشی ژوری سلێمانی شاری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆ، کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داهێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیهاندا، لە شاری کوبێکی کەنەدا بەڕێوەچوو کە سلێمانی وەک تاکە شاری کوردستان و عیراق و ناوچەکە بەشداری کۆنفرانسەکەی کردبوو.





PM:03:06:14/10/2023