"هیچ بەربەستێک نییە لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن"

سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت دەکەنەوە کە "هیچ بەربەستێک لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نییە" کە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەگەڵ شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێم کۆبونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دەمانەوێت پڕۆسەی هەڵبژاردن دادپەروەرانە و سەرکەوتوو بێت و هیچ بەربەستێک لە بەردەم بەڕێوەچوونیدا نییە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی هەرێم بە گرنگی دەزانێت هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت.

سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب وتی" مەبەستمان لەم کۆبوونەوەیە نوێکردنەوەی پشتیوانی بوو بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن". 

وتیشی" دڵخۆشین و ئومێدێکی گەورەمان هەیە بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە". 

دڵشاد شەهاب داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد، لە کاتی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، پارێزگاری لە دیمەنە جوانەکانی هەرێمی کوردستان بکەن،" لەو چوارچێوەیەشدا هەموو لایەن و کاندیدەکان مافی خۆیانە بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن ڕیکلام بۆ خۆیان بکەن". 

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەدا حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند" هیچ بەربەستێک نەبووە ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم لە وادەی دیاریکراودا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، چاودێرانی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدان لە ناوەندەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی کوردستان دەکەن.

دەشڵێت" حكومەتی هەرێم ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردوە، لیژنەیەكی مەركەزی لەلایەن كۆمسیۆنە دروستكراوە بە مەبەستی سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستان". 

جەختیشیکردەوە، پرۆسەی دەنگدان لە ٢٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت.


PM:02:18:14/08/2024