دەم پارتی و یەکسانی گەلان: تورکیا ناوچەی سلێمانی کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئەنجامدانی تیرۆری سیاسی

هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان سەرکۆنەی ئەو هێرشەی دوێنێ سەید سادقیان کرد و رایانگەیاند" تورکیا ناوچەی سلێمانی کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئەنجامدانی تیرۆری سیاسی".

لەدوای بە ئامانجگرتنی ئوتۆمبێڵێک لەلایەن تورکیا لە سەید سادق کە بۆ هۆی گیانلەدەستدانی دوو رۆژنامەنووسی ژن، تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) لە پەیامێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و نووسیویەتی، "بانگەواز لە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەکەین، دەستبەجێ دەستبەرداری ئەم تیرۆرە سیاسییانە ببێت ".

هاوکات تونجەر باکرهان وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تورکیا ناوچەی سلێمانی کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئەنجامدانی تیرۆری سیاسی.

باکرهان رەخنەی لە بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرتووە و نووسیویەتی "ئەم بێدەنگییە زەمینەی تیرۆری دیکەی سیاسیی-مەدەنی خۆشدەکات. ئێمە ئەم دۆخەمان پێ قبوڵنەکراوە. بانگەواز دەکەین دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەستبەجێ واز لەم سیاسەتی کۆمەڵکوژییە بهێنێت کە سڤیلەکان بە ئامانج دەگرێت".

لای خۆشیەوە چیغدەم کڵچگون ئوچار، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان هێرشەکەی سەیدسادقی بە" دەرئەنجامی سیاسەتی دوژمنایەتییکردنی کورد ناوبردووە".

دوێنێ لەسەر ڕێگای سەیدسادق، ئۆتۆمبێلێكی مەدەنی لەلایەن فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوانی توركیاوە  كرایە ئامانج و بەهۆیەوە دوو كچە ڕۆژنامەنووسی كورد كوژران و ڕۆژنامەنووسێكی دیكەی هاوڕێیان برینداركرا و ئەو كارەش سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخراوەكانی داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسانی هێنایە دەنگ.
لە بۆردومانەکەدا دوو کەس، کە ناویان (گوڵستان تارا تەمەنی ٤٠ساڵ بووە و خەڵکی شاری باتمانە لە باکووری کوردستان و هەواڵساز بووە و هێرۆ ئیبراهیم تەمەنی ٢٧ ساڵ بووە و مۆنتێر بووە) لە بۆردوومانەکەدا گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکە بەناوی (ڕێبین) کە وەرگێڕی یاسایی بووە، دەست و قاچی شکاوە.



PM:03:06:24/08/2024