کەشناسێک: لە سبەینێوە پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" ئەمڕۆ گەرمترین رۆژی ئەم مانگە دەبێت و لە سبەینێوە پلەکانی گەرما نزمدەبێتەوە و ناوچەکە وردە وردە دەچێتە نێو کەشێکی پایزەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشوهەوا، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٤ لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە" بەگشتی ئەمڕۆ گەرمترین رۆژی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەبێت لە سەرتاسەری ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ چوارشەممە لە ئەنجامی نزیکبوونەوەی ھەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەراستەوە بۆسەر ناوچەکانی هەرێم پلەکانی گەرما بە جیاوازی ناوچەکان (٢ تا ٣) پلە نزمدەبێتەوە و رۆژانی داھاتووش بۆ سەرەتای ھەفتەی ئایندە کاریگەری ئەو بارستە ھەوایە زیاتر دەبێت و پلەی گەرمی بەردەوام دەبێت لە نزمبوونەوە و ناوچەکە وردە وردە دەچێتە نێو کەشێکی پایزەوە.

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، لە سبەینێوە بۆ کۆتای ئەم ھەفتەیە پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی زۆر سارد و باراناوی لە جەمسەری باکورەوە بۆسەر زۆرێکی وڵاتانی ئەوروپا شۆرببێتەوە و لە چیا بەرزەکانیشدا لە ئەنجامی نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما پێشبینی دەکرێت بەفر ببارێت و ئەم شەپۆلە ھەفتەی داھاتوو دەگاتە سەر دەریای ناوەراست و وڵاتانی باشور و باشوری رۆژھەڵاتی ئەوروپا و لە ناوەراستی ھەفتەی داھاتوو لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٤ کاریگەریەکانی بەشێوەی ھەوای فێنک و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ وڵاتانی شام و عێراق و ھەرێمی کوردستان درێژ دەبێتەوە.


AM:08:13:10/09/2024