کۆمیسیۆن: هەر لیستێک بانگەشەی پێشوەختە بکات سزا دەدرێت

کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەر لیست و لایەنێک بانگەشەی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردن بکات سزا دەدرێت چۆنێتی سزادانەکەش ئاشکرادەکات.

سەعید کاکەیی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند، هه‌ر لیست و كاندیدێك پێش واده‌ی ده‌ستپێكردنی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان کە ١٤ی نیسانی ٢٠١٨یە بانگه‌شه‌ بكات ئەوا بۆ جاری یەکەم بەبڕی (٥٠) ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

ڕایشیگەیاند، ئەگەر ئەو پێشێلکارییە دوبارە بکاتەوە، سزاکەی دووبارە و سێبارە دەبێت و لە چوارەم جاریشدا مافی کاندیدبوونی لێدەسێندرێتەوە و حزب و هاوپەیمانیەکەشی بە بڕە پارەیەکی زۆر سزا دەدرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ٢٨ ئازاردا رۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی نیسان بۆ ١٤ی نیسان دواخست.



PM:11:31:01/04/2018