سانجێرمان بەردەوامە لە هەوڵەکانی دژی مباپێ

ئیدارەی یانەی پاریس سانجێرمان بەردەوامە لە توندوتیژی بەرامبەر بە ئەستێرەی پێشووی یانەکەی کیلیان مباپێ، هێرشبەری ئێستای ڕیال مەدرید.

 ڕۆژنامەی "لیکیپ"ی فەرەنسی بڵاویکردەوە، "پارس " پابەند نەبووە بەو وادەیەی خولی یانەکانی فەرەنسی سەبارەت بە پێدانی بڕی 55 ملیۆن یۆرۆ بە مباپێ، کە ئەمەش بەهای مووچەی ئەو یاریزانە دەکات لە 3 مانگی ڕابردووی لەگەڵ یانەکەی.

 ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سانجێرمان تانەیەکی لە بڕیارەکەی خولی فەرەنسی تۆمارکردووە و هەڵوێستی خۆی و  ڕەوایەتی بە داوە کە لە بابەتە یاساییەکان تێدەپەڕێت و لە یاداشتی تانەدانەکەدا ڕایگەیاندووە: "بابەتەکە پەیوەندی بە پرسی نیەتپاکی و پاراستنی بەهاکان و ڕێزگرتنەوە هەیە بۆ دامەزراوە پاریسیەکە و هاندەرانی، کە لە هەموو یاریزانێک گرنگترە”.

 ڕۆژنامەکە لە ڕاگەیەندراوێکی پاریس سانجێرمان نووسیویەتی: داوا لە یاریزانەکە دەکەین پابەند بێت بەو قسانەی کە بە ئاشکرا و چەندین جار قسەی کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی 7 ساڵدا لە پاریس دەستکەوتی بێ وێنەی بەدەستهێنا.

 پاریس سانجێرمان، لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم تانەیە دەخرێتە بەردەم لیژنەی تانەکانی خولی یانەکان، و بەپێی ئەنجامی ئەم تانەیە، تانەیەکی دیکە ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی پێشکەش بە لیژنەی باڵای تانەدان لە یەکێتی تۆپی پێی فەرەنسا بکرێت.

 ڕۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردەوە، ڕەنگە ئەو زنجیرە تانانە  بۆ دادگای کارگێڕی لە فەرەنسا، هەروەها لیژنەی ئۆڵۆمپی فەرەنسا بنێردرێت.

 ڕۆژنامەکە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، مباپێ و کەسانی نزیک لە خۆی ئەم هەنگاوانە تەنیا بە هەوڵێکی یانە پاریسییەکە دەزانن بۆ ئەوەی کات بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەسەر چارەسەری دارایی.

 ڕۆژنامەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە مباپێ دەتوانێت لەبەردەم دادگای وەرزشی نێودەوڵەتی و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا پەرە بسێنێت و ناکۆکی نێوان مباپێ و پاریس سانجێرمان ڕەنگە بۆ چەند مانگێک یان ساڵێک بەردەوام بێت.


PM:07:39:21/09/2024