لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ دەدات، تا ئێستا پشکی هەرێم یەکلایی نەکراوەتەوە

ماوەیەکی کەم کە تەنها هەفتەیەک لەبەردەم پەرلەمانی عێراقدا بۆ بڕیاردان لەسەر پرۆژە یاسایی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ ماوە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت" لیژنەی دارایی زۆر کەمی ماوە پرۆژەکە تەواو بکات و بیخاتە بەردەم هێزە سیاسیەکان تا رێکبکەون لەسەری بۆ ئەوەی ماوەیەکی کەمی بووێت لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت.

 

ریاز ئەلمسعودی پەرلەمانتاری لیستی سائیرون لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت" پەرلەمانی عێراق پشووی خۆی بۆ مانگێک درێژکردۆتەوە، ناکرێت جارێکی تر درێژبکرێتەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمان لەم هەفتەیەدا بڕیار لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بدات بۆ ساڵی ٢٠٢١".

 

شێروان میرزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی  سپی، وتی " دەبێت لایەن شیعەکانی پەرلەمان رێکبکەون لەسەر داڕشتنێک و بیهێننەوە بۆ لیژنەی دارایی تا گفتوگۆی لەسەر بکەین لەگەڵ نوێنەرانی کورد و فراکسیۆنەکانی تر لە لیژنەی دارایی و لەگەڵ ئەو وەفدەی هەرێمیش کە بڕیارە سبەی سەردانی بەغدا بکات".

 

شێروان مێرزا ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ، یان سبەی نوێنەرانی شیعە لە لیژنەی دارایی ئەو داڕشتنەی بۆ پشکی هەرێم کۆکن لەسەری دەیهێننەوە بۆ گفتوگۆکردن و داواتر رێککەوتن لەسەری.

 

مێرزا پێشنی بینی دەکات کە لیژنەی دارایی و نوێنەرانی کورد بگەنە دارشتنێکی کە هەردوولا رازیبن لەسەری.

 

ماوەی ئەم هەفتەیە پرسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ لەپەرلەمانی عێڕاق یەکلایی دەبێتەوە، لەم هەفتەیەشدا پشکی هەرێم و کێشەی نەوت یەکلایی دەبێتەوەو ئاینەدەی پەیوەندی یەک ساڵی هەرێم و بەغدا بە پۆزەتیف، یان نێگەتیف یەکلایی دەکرێتەوە.

 



PM:02:54:30/01/2021