یەکێتی بۆ دوانەخستنی هەڵبژاردن پەنا دەباتە بەر داوای یاسایی

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی( سەرۆکی یەکێتی) لە دەباشان بەڕێوەچوو، و لە راگەیەنراوێکدا مەکتەبی سیاسی یەکێتی جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا کردووە و دەڵێت" لەپێناو داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی کوردستان، بڕیاریدا بە هەموو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠-٦ دا بچێتەوە".

لە راگەیەنراوەکەی یەکێتیدا هاتووە" سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر  دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد کە بڕیارە لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ساز بکرێت. پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتکردەوە".

دەقی راگەیەندنەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی: 

راگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

‎مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر  دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد کە بڕیارە لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ساز بکرێت. پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتکردەوە.

‎لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا (١-٥-٢٠٢٤) کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، مەکتەبی سیاسی لەپێناو داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی کوردستان، بڕیاریدا بە هەموو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠-٦ دا بچێتەوە. 

‎کۆبوونەوە هەمووانی لەو پێشهاتە ترسناكە ئاگادارکردەوە كە هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی  دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.

‎ مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە تەنیا رەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبكاتەوە. هەر بۆیە رایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە. 

‎بڕیاری کۆبوونەوەکەی دەباشان ئەوەیە کە یەکێتی بۆ پارێزگاری لە مافی دیموكراسیی گەلەكەمان:

‎- بە یاداشتی فەرمی و دیداری راشكاو و جددی دۆستانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان، عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.

‎- ⁠بە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی داکۆكیكار لە پابەندبوون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات.

‎- ⁠پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستووری عیراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتەکەمان دەكات. 

‎هەروەك بانگەوازی نیشتمانی و دیموكراسیی خۆی ئاڕاستەی هەمووان دەكات لەم خەباتە یاسایی و دیموكراسییەدا پشتیوان و هاوكاربن.

‎لە کۆتاییشدا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییانە، کوردانە و دیموکراسییانە رووی کردە: 

‎رای گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

‎و دەنگدەرانی تازەی پرۆسەی هەڵبژاردن کە بۆ یەکەمینجارە ئەم ئیستیحقاقە دیموکراسییە پیادە دەکەن، با پێكەوە داكۆكی لە ئەزموونی دیموكراسیی كوردستان بكەین و ئەركی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی سەربخەین كە تەنیا بە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و لە وادەی خۆیدا دێتەدی.

‎بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی بژاردەی هەڵبژاردن و دەربازكردنی قەوارەی هەرێم لە هەڕەشەی چەقبەستن و بێئیعتبارکردنی دامەزراوەكانی.

‎مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



PM:11:05:01/05/2024