وەزارەتی كارەبا لەرێگەی وزەی خۆرەوە ٧٥ مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت

وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاشکرایدەکات، تەندەری جێبەجێكردنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی وزەی خۆرەوە لەرێگەی وەبەرهێنانەوە بڕی ٧٥ مێگاوات جێبەجێ دەكرێت. 

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا ئەمڕۆ كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی وەزارەتی كرد، لەو كۆبوونەوەیەدا كە بریكار و راوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبوون جەخت لەسەر گرنگترین ئەو پرۆژانە كرا كە وەزارەت سەرقاڵی جێبەجێكردنین بەتایبەت لەبواری بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبا. 

 

ئەوەش هاتووە، تەوەرێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەتەواو بوونی تەندەری جێبەجێكردنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی وزەی خۆرەوە كە لەرێگەی وەبەرهێنانەوە بڕی ٧٥ مێگاوات جێبەجێ دەكرێت. سەبارەت بە پێوەری زیرەكیش وەزیری كارەبا تەئكیدی لەخێرا جێبەجێكردنی پرۆژەكە كردەوە بەتەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش باشتر كۆنترۆڵی دابەشكردنی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان دەكرێت و ئەمەش لەبەرژەوەندی هاوبەشانی كارەبایە. 

 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەسەرجەم ئەو وێستگانەی گۆڕینی كارەبا كرا كە ئەمساڵ بەشێكی زۆری لە پارێزگاو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و وەزیری كارەبا داوای كرد لە ئێستاوە كار بۆ بەستنەوەی سەرجەم ئەو وێستگانە بكرێت بەتۆڕی كارەبای نیشتمانی یەوە.



PM:02:02:31/01/2021